كاتێك لە ساڵی 1979 ملیۆنان ئێرانی ڕژانە سەرشەقام لە دژی ڕژێمی پاشایەتی و سیستمی گواستنەوەی دەسەڵات لە باوكەوە بۆ كوڕ، خەڵك لەو بڕوایەدا بوون كە ئیتر سنوورێكیان بۆ ئەو شێوازە كلاسیكییە دانا كە كوڕ لە دوای باوكی ببێتەوە دەسەڵاتدار، بەڵام ئەو هیوایەی ئێرانییەكان وا دەرنەچوون و بە دانانەوەی موجتەبا خامنەیی لە شوێنی باوكی، جێبەجێكردنی هەمان ڕێباز و تێكەڵكردنیەتی لەگەڵ ئاین.
موجتەبا خامنەیی كوڕی دووەمی ڕێبەری پێشووی ئێران عەلی خامنەیی، دوای ئەوەی ماوەی نزیكەی 40 ساڵ پۆستەكە لەلایەن باوكییەوە بوو و دواجار لە ئەنجامی بۆردمانی ئیسرائیلییەكان كوژرا، كوڕەكەی عەرشی دەسەڵاتەكەی گرتنە دەست كە سەركردایەتیی ڕژێمێكی لاواز دەكات.
زۆر لە ئێرانییەكان چاوەڕوانی ئەوە نەبوون كە ئەمە ڕوو بدات، چونكە ئیتر ئەمە گۆڕینی سیستمی كۆماری ئیسلامییە بۆ سیستمی وەرگرتنی كوڕ لە باوكەوە، دوای ئەوەی بە دەنگی 88 ئەندامی ئەنجوومەنی شارەزایان، موجتەبا خامنەیی وەك شوێنگرەوەی باوكی دەستنیشان كرد.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا هەرزوو دانانی كوڕی خامنەیی لە پۆستی ڕێبەری ئێران ڕەت كردەوە و گوتی، بەلای منەوە ئەو كەسێكی قبووڵكراو نییە.
موجتەبا خامنەیی كێیە؟
موجتەبا لە ساڵی 1969 لە دایك بووە و خوێندنی ئاینی وەك براكانی تری، بەڵام نەگەیشتووە بە پلەی "موجتەهید" لە بواری ئاینییەوە، ئەمەیش یەكێكە لەو پلانەی كە پێویستە ئەو كەسەی پۆستی ڕێبەری باڵای پێ دەدرێت، ئەو پلەیەی بەدەست هێنابێت. ئەو هاوسەرگیریی لەگەڵ زەهرەی كچی سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی ئێران غولامحەداد عادل كردووە كە یەكێك بوو لە نزیكەكانی عەلی خامنەیی.
موجتەبا چەندان ساڵە بە بێدەنگی لە پشتی هەموو ڕووداوەكانی ئێرانەوەیە، كەسایەتییەكی میحوەری لە دامەزراوە كارگێڕییە فراوانەكانی ڕژێمەكەی باوكی هەبووە، پێوەندییەكانی لەگەڵ سوپای پاسداران و تۆڕە ئابوورییەكانی پشتیوانی ڕژێمی ئیسلامیی ئێران هەیە.
شارەزایانی كاروباری ئێران دەڵێن، هەژموون و پێگەی بە بێدەنگی یەكجار زۆر بووە، بە بێ ئەوە پۆستی فەرمی و بالای لەم چەند ساڵەی ڕابردوو هەبێت، كەچی لە نووسینگەكەی باوكی كاری كردووە و بۆ یەكەمجاریش لە 2021 وەك شوێنگرەوەی خامنەیی باوكی ناوی براوە، كاتێك لایەنگرانی لە شەقامەكانی تاران وێنەیان هەڵدەواسی و بە سەركردەی داهاتووی وڵات ناویان دەبرد.
زۆرن ئەوانەی لەو بڕوایەدان كە ڕۆڵێكی میحوەری بینیوە لە پشتیوانی هەڵبژاردنی مەحموود ئەحمەدینەژاد لە 2005 و دەگوترێ تۆڕەكانی سوپای پاسدارانی ڕاسپاردووە تا پشتیوانی ئەحمەدینەژاد بكەن، ئەوكات نەژاد سەرۆكی شارەزایانی تاران بوو. كاتێك لەو پۆستەوە بوو بە كاندیدی سەرۆك كۆمار بۆ ڕكابەرایەتیكردنی عەلی ئەكبەر رەفسەنجانی كە یەكێكە لەو سیاسەتوانە ئێرانییانەی كێشەی لەگەڵ خامنەیی هەبوو.
لە 2009 كاتێك ملیۆن ئێرانی ڕژانە سەرشەقام لە دژی دووبارە هەڵبژاردنەوەی ئەحمەدینەژاد و هەڵبژاردنیان بە ساختە ناوبرد، لەوكاتە دەركەوت كە موجتەبا هەر كوڕی ڕێبەر نییە، بەڵكو كەسایەتییەكی سیاسیی پێشگەیشتوویشە و بەشێوەیەكی وەحشیگەرانە ڕووبەڕووی خۆپێشاندەران بووەوە.
بەمشێوەیە كۆتایی بە بزووتنەوەی چاكسازیخوازی ناوخۆیی هێنا، ئەمەیش دەرخەری توانا لێهاتووەكانی بوو بەرانبەر بە خەڵك، تا وای لێ هات خۆپێشاندەران دووپاتیان لەوە دەكردەوە كە ئەگەر موجتەبا بمرێ، ڕێبەری ئەوكات عەلی خامنەیی هیچی پێ ناگات و نابینرێت.
لە 2019 ئەمەریكا ناوی خستە ناو لیستی سزاداراونەوە، دوای ئەوەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا بەكاركردنی لەگەڵ سەركردەكانی سوپای پاسداران بۆ بەدیهێنانی خواست و حەزەكانی باوكی لە هەرێم و ناوچەكە، تێكدانی ئاسایشی ناوچەكە و بە ئامانجگرتنی هێزە ناوخۆییەكان لە ڕێگەی ڕەشبگیرییەوە.
ئێستە ئێران هیوا بۆ داهاتوویەكی دیموكرات دەخوازێت، بەڵام دانانی موجتەبا پەیامێكی ڕوونە لەبارەی ئەو ڕووخسارانەی دەیانەوێ لەو پۆستە باڵایە دایبنێن. لەگەڵ ئەوەیشدا موجتەبا لە ڕووی كارگێڕییەوە هیچ ئەزموون و تۆمارێكی نییە، سەركردایەتیی هیچ گرووپ و قەوارە و ڕێكخراوێكی نەكردووە، تا ئێستە كەمترین دەركەوتن و لێدوانی لە بواری كۆمەڵایەتی و ئابووری و كولتووری و سیاسییەوە داوە، لە كاتێكدا وڵاتەكە ئێستە ڕووبەڕووی جەنگێكی فراوان و سەرانسەری بووەتەوە.
مەها یەحیا بەڕێوەبەری ناوەندی كارینگی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ سی ئێن ئێن گوتی، دانانی موجتەبا وا دەكات ڕژێمەكە بەردەوام بێ لە چوونە پێشەوە و هەنگاونان، جیا لەوەیش دانانی جۆرێكە لە پەیام كە فشاری سەربازیی ئەمەریكا و ئیسرائیل، ناتوانێ ببێتە هۆی گۆڕینی هەڵوێستمان.