لە چوارچێوەی ئەو هەوڵانەی ئەمەریكا بۆ پاراستنی هەولێر دەیدات، بازنەی بەرگریی ئەمەریكا بۆ هەولێر بەمەبەستی تێكشكاندنی ئەو هێرشانەی دەكرێنە سەر پایتەختی هەرێمی كوردستان فراونتر بوو، ئێستە لە هەموو لایەكی پایتەختەوە هێرشەكان تێكدەشكێنرێن.
هێرشەكانی سەر هەولێر
لەوەتەی دەسپێكردنی شەڕی نێوان ئێران- ئەمەریكا و ئیسرائیل، هێرشەكانی سەر هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان فراونتر بوو، ئەوەی كە ئەو هێرشە لەرزۆكانە دەكات، گرووپە لە یاسادەرچووەكانی عێراقن كە بەردەوام دژایەتیی پێشڤەچوونەكانی كوردستان دەكەن.
ئەو گرووپە لە یاسادەرچووانە هەر لەناو عێراقەوە هێرش دەكەنەوە سەر هەولێر، بەڵام هیچ كام لە ئامانجەكانیان نەپێكاوە و سەرجەم هێرشەكانی ئەوان و ئەوانەی تریش لەلایەن سیستمی دژەمووشەكی ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی تری كوردستانەوە تێكشكێنراون.
ئەو پێشڤەچوونەی هەولێر لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، بەتەواوی چاوی میلیشیاكانی عێراقی كوێر كرد، ئەوان ئێستەیش لەو تێگەیشتنەدا كە درۆن و هێرشەكانیان بۆ هەولێر سەقامگیری و ئاوەدانی هەولێر دەشێوێنێت.
ئەمەریكا بازنەی بەرگری لە هەولێر فراونتر كرد
پێچەوانەی ئەو بانگەشانەی كە چەند ڕۆژێك لەمەوبەر میدیایەكی لۆكاڵی سلێمانی بڵاوی كردبووەوە، ئەمەریكا بازنەی بەرگریی لە هەولێر فراونتر كرد، ئێستە لە هەموو لایەكی پایتەختەوە سیستمی دژی مووشەكی كار دەكەن و رێگە نادەن تۆز لە پایتەختەوە بەرز بێتەوە، ئەوەیش نەك تەنیا ملیشیاكانی عێراق، بەڵكو چەندان گرووپی بچووك بچووك و راگەیاندنی لە ناوخۆی هەرێمی كوردستان قەڵس كردووە.
بەپێی بەداوادچوونەكانی "وشە" تەنیا لە شەوی ڕابردوودا 17 هێرشی درۆن و مووشەكی ئاراستەی هەولێر كراوە، بەڵام سەرجەمیان تێكشكێنراون، جیا لەوەی بەیانی ئەمڕۆیش چەند هێرشێكی تر كران.
تێكشكاندنی 17 هێرش لە ماوەی چەند سەعاتێكدا بە تەواوی بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە وڵاتانی هاوپەیمان و ئەمەریكایش بە دیاریكراوی سەقامگیریی پایتەخت بە گرنگ دەزانن، دەیانەوێ ناوەندێكی سیاسی و سەقامگیریی ناوچەكە بێت.
لە كاتی ئامادەكردنی ئەم راپۆرتەدا، بە دوو فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان هێرش كرایە سەر شاری هەولێر، بەڵام لەلایەن سیستمی بەرگریی هاوپەیمانانەوە هەردوو درۆنەكە تێكشێنراون و خرانە خوارەوە. ئەوە بابەتێكی ترە ئەگەر باس لە ئارامی و بەردەوامی ژیان لە هەولێر بكرێت.
میدیای جاش بەرانبەر هەڵوێستی نەتەوەیی
ئەگەر باسی بەرگریی لە كوردستان و سیستمی دژە مووشەكی بكرێت، لەنگییە باسی ئەو جۆرە دەنگۆ و میدیا جاشانە نەكرێت كە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دەنگۆی ئەوەیان بڵاو كردبووەوە، كە بازنەی بەرگری لە هەولێر تەسك دەكرێتەوە، ئێستە سەلمێنرا كە بازنەی بەرگریی هەولێر لەلایەن ئەمەریكا و هاوپەیمانانەوە نەك فراوانتر كراوە، بەڵكو لە هەر چوار لای پایتەختەوە هێرش تێكدەشكێنرێ.
میدیا كوردییەكانی سەر بە ئێران لە سلێمانی هەواڵی لەو جۆرە و دژە كوردستانی بڵاو دەكردەوە، بەڵام بەهۆی سەركۆنەكردنی لەلایەن نووسەران و مامۆستایانی زانكۆ هەواڵەكەی سڕییەوە.
دڵشاد نامیق مامۆستای زانكۆ پێی وایە، هەندێك لە میدیاكانی ئێران لە هەرێمی كوردستان، ئەركی قورسیان پێ سپێردراوە، هەیانە پەیامنێریان دەبێت بچێتە شوێنی درۆنەكە و دەبێت هەواڵەكە بنێرێت كە ئامانجەكەی پێكاوە یان نا، ئەو شەوە گوێم لە پەیامنێرێك بوو دەیگوت ئەوەندە مەتر كەمتر لەملای هۆتێل تایتانیكەوە كەوتووە. دانەیەكی تریان نووسیویەتی، "ئەم شوێنانە لە هەولێر بەرگریی ئاسمانییان هەیە و ئەم شوێنانەیش نیانە، جا ئەمەیان خۆی وەك ئازاد و سەربەخۆ و دیموكرات دەناسێنێ، كەچی خۆی ئەوە حاڵ و ئەركەكەیەتی".
هەر لە پاڵ ئەوەدا، مەجید ساڵح نووسەر دوێنێ لەسەر هەمان هەواڵ سەرباری ئەوەی سەركۆنەی كردبوو، ئەو جۆرە میدیای بە جاش ناوبرد.
لە بەرانبەر ئەو هەموو دەنگە نیشتمانییەدا، میدیا كوردییەكانی سەر بە ئێران لە سلێمانی هەواڵەكەیان سڕییەوە، بەڵام پێدەچێ سڕینەوەكەیشی لەلایەن قەرارگەكەیانەوە سزای بەدواوە بووبێت.
پاراستن
لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا دڵی هیچ كوردێكی دڵسۆز بە تێكچوونی كوردستان، سلێمانی یان هەولێر بێت خۆش نەبووە، جگە لەو گرووپ و جاشانەی ناوخۆ، ئێستە خەڵكی كوردستان نزا بۆ پاراستنی تەواوی كوردستان دەكەن نەك ترساندن و بڵاوكردنەوەی دوودڵی جۆراوجۆر بەهۆی ئەو هێرشە مووشەكییانەی لە ناوچەكەدا دەكرێن.