سیستمی مێرۆپس چییە و چۆن بووە بە فریشتەی مەرگی درۆنی ئێرانی؟

:: AM:10:48:14/03/2026 ‌

ڕۆژنامەی نیویۆرك تایمزی ئەمەریكی لە زاری بەرپرسانی سەربازی ئەمەریكا بڵاوی كردووەتەوە، واشنتن هەوڵەكانی چڕ و خێرا كردووە، تا سیستمی مێرۆپسی بەرهەڵستی بە پەلە ئاراستەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بكات و بیگەیەنێتە دەست هێزەكانی وڵاتەكەی لەو ناوچانە، تا هێزەكانیان لە فڕۆكە بێ فڕۆكەوانەكانی ئێران ڕزگاریان ببێت و بتوانن خۆیان بپارێزن.

ڕۆژنامەكە نووسیویەتی، شەڕ لە دژی ئێران خاڵی لاوازی گرنگ و باڵای لە سیستمی بەرگریی ئاسمانی وڵاتەكەمان بینی، بە تایبەت سیستمی پاتریۆتی زۆر پێشكەوتوو كە پاتری و مووشەكەكانی زۆربەی جار فڕۆكە بێ فڕۆكەوانەكانی ئێران بەهێواشی بە ئاسمان دەڕۆن و ڕاداری سیستمی پاتریۆت دەبڕن و ئامانجەكانیان لەسەر زەوی دەپێكن. ئەمەیش دەبێتە هۆی ئەوەی كە كوژراو و بریندار لە ڕیزەكانی سوپای ئەمەریكا ببێتەوە.

تا ئێستە بەلای كەمەوە شەش سەربازی ئەمەریكی گیانیان لە دەست داوە و كوژراون، سەرجەمیان ئەوانەی كە كوژراون، هۆكارەكەی ئەوە بووە كە فڕۆكە بێ فڕۆكەوانەكان لە ئاسمانەوە هاتوون و كەوتوونەتە خوارەوە و سەربازانی ئەمەریكایان پێكاوە و كۆتایی بە ژیانی سەربازەكان هێناوە.

بۆ زاڵبوون بەسەر ئەو كێشەیە و نەهێشتنی سیحری درۆنی شاهید، ئەمەریكا سیستمێكی نوێی ئاسمانی زیرەكی دروست كردووە كە ناوی "مێرۆپس"ە و بە تایبەت بۆ ئەوە دروست كراوە كە تەنی نامۆ و هەڕەشەی ئاسمانی بەخێرایی و بەرزی كەم بكاتە ئامانج و دووبارە هەڵسەنگاندنیان بۆ بكات، بەهۆی ئەوەی پێوەستە بە ژیری دەستكردەوە، خۆیشی لەوێ بڕیار دەدات و تەنەكە دەپێكێت و دەیخاتە خوارەوە.

ئەو سیستمە نوێیەی ئەمەریكا ناوەندێكی كۆنترۆڵكردنی لە زەوی هەیە و مووشەكی هەوایی دەهاوێژێت و ئەو فڕۆكەیەی سیستمی مێرۆپس كە دەفڕێت، پێوەستكراوە بە ڕادار و ئاماژەكانی كارۆبینین و گەرمی  دەخوێنێتەوە و لە ڕیی زیرەكی دەستكردەوە ئامانجەكانی زۆر بە وردی دیاریی دەكات تەنانەت لە ژینگەی ئاڵۆز و داخراویش بە ڕووی جی پی ئێسەوە كار دەكات و دەتوانێ بە دوای ئامانجەكەی خۆی بكەوێت.

سیستمی مێرۆپس چییە؟
سیستمێكی دژە درۆنە و بە ژیری دەستكرد پێوەست كراوە و بە وردی بۆ پێكانی درۆن لە ئاسمانەوە پێكراوە و تێچووەكەی كەمە، ئەو سیستمە لە ئۆكراینا كارایی و گرنگی خۆی خستەڕوو، گوێزەرەوە و دەتوانرێ بە ئۆتۆمبێلێكی ئاسایی لە شوێنێكەوە بۆ شوێنێكی تر بگوازرێتەوە.

گرنگترین تایبەتمەندییەكانی ئەو سیستمە خۆی لەوەدا دەبینێتەوە، لەگەڵ ژیری دەستكرد پێوەستكراوە و دەتوانرێ خۆكارانە و ئۆتۆماتیكی جووڵە بكات و هەنگاو بنێت بە دوای درۆنی دوژمن لە ئاسمان بگەڕێت. جیا لەوەیش بە ئاسانی دەگوازرێتەوە و قەبارەیەكی بچووكی هەیە و دەتوانرێ لە ناو سندووقێكی قەبارە مامناوەند هەڵیبگرێت، كردنەوە و ئامادەكردن و چالاككردنی ئاسان و خێرایە. جێگرەوەیەكی زۆر ناوازە و باشی سیستمی پاتریۆتە، تێچووی سەدان مێرۆپس ناكاتە مووشەكێكی پاتریۆت و ساد كە ئێستە بەكار دەهێنرێن و تێچووی زۆر كەمە. لەگەڵ ئەمانەیش ئامرازێكی جێگیرە و سەركەوتووە لە تێكشكاندنی درۆنی شاهید و لە ئۆكراینا تا ئێستە هەزار دانە  لەو درۆنە ئێرانییەی خستووەتە خوارەوە.

ئەو سیستمە دژە درۆنە لەلایەن پرۆژەی ئیگل لە كالیفۆرنیا پەرەی پێدراوە و بەرهەم هێنراوە، لە بنەڕەتدا پڕۆژەیەكی هاوبەشی سەرۆكی جێبەجێكاری پێشووی كۆمپانیای گووگڵ ئەریك شمیدت، لە ڕادار و ئاماژەی كارۆرووناكی و تابڵۆی كۆنترۆڵكردن و سەكۆی هەڵدانی فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان، ئاماژە كارۆرووناكییەكان شوێنی درۆنەكان دیاریی دەكەن و زانیاری و داتاكانی ئامانجەكان دەداتە فڕۆكەی بەرهەڵستیكردن و بەرپەرچدانەوە.

بۆ بەكاربردنی ئەو سیستمە پێویستییەكان بریتین لە تیمێكی چوار كەسی دەبێت، یەكێك لەوانە سەرۆكی تیمەكەیە و دواتر فڕۆكەوان و دوو تەكنیككاری پێویستە، دیزاینی سیستمەكە بە جۆرێك ئاسانە كە بتوانرێ هەموو كەس تەنیا بە دوو هەفتە مەشقكردن لەسەری بە تەواوی فێری ببێت و كێشەی نەبێت.

بۆیەكەمجار لە حوزەیران/یۆنیۆی 2024  هێزەكانی ئۆكراینا بە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو درۆنە ئێرانییەی كە هێزەكانی مۆسكۆ ئاراستەی دەكرد، لەو ڕێككەوتەوە تا تشرینی دووەم/نۆڤێمبەری 2025 ئەو سیستمە توانی هەزار و 900 درۆنی ئێرانی بخاتە خوارەوە.

دواتر لە تشرینی دووەم/نۆڤێمبەری 2025 هەریەك لە هێزەكانی پۆڵەندا و ڕۆمانیا سیستمی مێرۆپسیان لە سنوورەكانی خۆیان لەگەڵ ڕووسیا جێگیر كردووە. تۆماس فین جێگری سوپاسالاری هێزەكانی وشكایی هاوپەیمانی باكوری ئەتڵەسی "ناتۆ" لەوبارەیەوە ئاشكرای كرد، پێویستە وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ ئەو سیستمە بكڕین و لە ماوەی دوو تا پێنج ساڵی داهاتوو بەم سیستمە بەرگریی ئاسمانی خۆیان بەهێز بكەن، تا ئامادە بن بۆ هەر ئەگەرێكی لەشكركێشی و پەلاماردان لەلایەن ڕووسیاوە.

لە شەشی ئادار/مارسی ڕابردوو ئاژانسی فڕانس پرێسی ئەمەریكی لە زاری بەرپرسانی ئەمەریكاوە بڵاوی كردەوە، ئەمەریكا هەمان سیستم بۆ پاراستنی هێزەكانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەنێرێت، تا لە جەنگ دژ بە ئێران سەلامەت بن و زیانەكان كەمتر ببێتەوە


وشە - باز ئه‌حمه‌د