بەپێی راپۆرتێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەمدا ژمارەی كرێكارانی دەستەبەركراو گەیشتووەتە زیاتر لە 303 هەزار كرێكار، لەو ژمارەیەشدا 258 هەزاریان كرێكاری ناوخۆیین و 45 هەزاریش كرێكاری بیانین.
لە راپۆرتەكەدا ئاماژە بەوە دراوە كە لە هەرێمی كوردستان بەگوێرەی یاسای كار، ژمارە 71ـی ساڵی 1987، مافەكانی كرێكاران بپارێزێت و بەیەكسانی هەلی كار بۆ دەستی كاری ناوخۆیی بڕەخسێنێت.
تا ساڵی 2019، نزیكەی 78 هەزار و 560 كرێكار لە هەرێمی كوردستاندا دەستەبەر كرابوون، بەڵام لەگەڵ دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ژمارەی كرێكارانی دەستەبەركراو گەیشتووەتە زیاتر لە 303 هەزار كرێكار، لەو ژمارەیەشدا 258 هەزاریان كرێكاری ناوخۆیین و 45 هەزاریش كرێكاری بیانین.
ئاماژە بەوەش دراوە لە هەرێمی كوردستاندا تا كۆتایی ساڵی 2025، زیاتر لە 61 هەزار پڕۆژە دەستەبەری كۆمەڵایەتییان بۆ كراوە.
بەگوێرەی یاسای خانەنشینی و دەستەبەری كۆمەڵایەتی بۆ كرێكاران، ژمارە 39ـی ساڵی 1971ـی هەمواركراو، دەبێت هەر كرێكارێك لە ڕۆژی دەستبەكاربوونی لە پڕۆژەیەكدا، خاوەنكارەكە دەستەبەری بكات و ناوی كرێكارەكە لە بەڕێوەبەرایەتیی دەستەبەری كۆمەڵایەتی بۆ كرێكاران تۆمار بكات، هەروەها دەبێت خاوەنكار، مانگانە 17%ـی مووچەی كرێكار لە بەڕێوەبەرایەتیی دەستەبەری كۆمەڵایەتی بۆ كرێكاران دابنێت، بەجۆرێك 5% لە مووچەی كرێكارەكە دەبڕێت و 12%ـش لە ئەستۆی خاوەنكارەكە دەبێت.
بەپێی راپۆرتەكە، ئێستە لە هەرێمی كوردستاندا نزیكەی هەزار و حەوت كرێكار دوای دەستەبەركردنیان لە پڕۆژەكانی كەرتی تایبەت، خانەنشین كراون.
لە ساڵی 2024دا تا كۆتایی ساڵی 2025 لە هەرێمی كوردستان، 17 هەزار و 625 كرێكار، زیاتر لە 70 ملیار دیناریان وەك پاداشتی كۆتایی خزمەت بۆ خەرج كراوە.
روونیش كراوەتەوە كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2022دا، بڕیاری ژمارە 172ـی تایبەت بە مسۆگەركردنی مافی كاری بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان دەركردووە. بەگوێرەی بڕیارەكە، دەبێت لە سەرجەم پڕۆژەكان، 75%ـی كرێكارەكانیان هاووڵاتیی هەرێمی كوردستان بن و نابێت ڕێژەی كرێكاری بیانی، لە هیچ پڕۆژەیەك لە 25%ـی كۆی كرێكارەكان زیاتر بێت.
دووپاتی دەكاتەوە تا ئێستە 90%ـی پڕۆژەكان، پابەندی ئەم بڕیارە بوون، هاوكات بەهۆی پابدندنەبوونیان، 50 پڕۆژە دۆسیەكەیان ڕەوانەی دادگا كراون و207 پڕۆژەش پەڕاویان بۆ كراوەتەوە بۆ ئەوەی ڕەوانەی دادگا بكرێن.
دوای دەرچوونی ئەم بڕیارە، نزیكەی 627 پڕۆژە بۆ دابینكردنی كرێكاری خۆماڵی، داواكارییان پێشكەش كردووە و 2180 كرێكاری خۆماڵی لە شوێنی كرێكارە بیانییەكان هەلی كاریان بۆ رەخساوە.
لە كابینەی نۆدا ئەم بڕیارانە دراون، دیاریكردنی كەمترین كرێی مانگانەی كرێكارێكی ناكارامە بە بڕی 450,000 دینار، نابێت كرێی ئەو كرێكارانەی بەشێوەی ڕۆژانە كار دەكەن، لە 15,000 دینار كەمتر بێت و مانگانە لە كەمترین كرێی كرێكاری ناكارامە كەمتر نەبێت.