حكوومەتی كاتیی سووریا پێشوازی لە شاندێكی باكوری كوردستان دەكات

:: PM:01:10:16/03/2026 ‌
لە پێشهاتێكی نوێدا حكوومەتی كاتیی سووریا، پێشوازیی لە شاندێكی باكوری كوردستان كرد و بە ئۆتۆمبێلی تایبەتی حكوومەت گەیاندنییە كۆبانێ. چاودێكی سیاسیش ئاماژە بەوە دەكات، دۆخەكە رەنگدانەوەی پرۆسەی ئاشتییە لەناو توركیا.

رۆژی 15ی ئادار، تەرمی ساڵح موسلیم سیاسەتڤانی رۆژئاوای كوردستان لە شاری كۆبانێ لە رێوڕەسمێكی گەورەدا بە خاك هاتە سپاردن، شاندێكی باكوری كوردستان بۆ بەشداریكردن لە رێوڕەسمی بەخاكسپاردنی تەرمی ساڵح موسلیم لە شارۆچكەی كانی غەزالانی سەربە پارێزگای رووها، لە دەروازەی سنوورییەوە چوونە شاری گرێ سپی، لەوێ لەلایەن شاندێكی بەرپرسانی رۆژئاوای كوردستان و ئاسایشی حكوومەتی سووریا پێشوازییان لێ كرا، بە ئۆتۆمبێلە تایبەتەكانی حكوومەتی كاتیی ئەو وڵاتە چوونە كۆبانێ.

ئەو پێشهاتە خوێندنەوەی نوێی بۆ دەكرێت و بەبڕوای سەعید شەمزینی كە چاودێرێكی سیاسییە لە باكوری كوردستان، پێوەندی بە پرۆسەی ئاشتییەوەیە لەناو توركیا.

سەعید لە لێدوانێكیدا بۆ "وشە" رای گەیاند، بارودۆخی ئاشتی لەناو توركیا هەنگاوی باشی بڕیوە و رەنگدانەوەی لەسەر دۆخی دەروونی و سیاسی و شەقامی وڵاتەكەش هەبووە، بەگشتی دۆخەكە ئارامتر بووەتەوە.

 باسی لەوەش كرد، ئەو پرۆسەیە راستەوخۆ كاریگەریی لەسەر رۆژئاوای كوردستان و حكوومەتی كاتیی سووریا هەیە، چونكە هەردوو هێز پێوەندی و پابەندییان بە تورك و كورد لە توركیا هەیە.

بەبڕوای شەمزینی، پێشوازیی حكوومەتی كاتیی سووریا لە شاندەكەی باكوری كوردستان، دەریدەخات هەنگاوی ئەرێنی هەیە و چیتر پێویست بەشەڕ و پەلامار و دوژمنایەتی ناكات و دەكرێت بەگفتوگۆ چارەسەر بكرێت.

بەپێی زانیارییەكانی "وشە"، وەزارەتی دەرەوە و ئاسایشی دیپلۆماسی حكوومەتی كات ی سووریا، پێشوازییان لە هاتنی شاندە كوردییەكە كردووە و بە ئۆتۆمبێلی وەزارەتەكە و پاسەوانی خۆیان بەڕێیان كردوون.

ساڵح موسلیم ئێوارەی رۆژی چوارشەم 11ی ئاداری 2026 لە هەولێر كۆچی دوایی كرد.
 
بۆ بەشداریكردن لە رێوڕەسمەكە، شاندێك كە لە هاوسەرۆكانی گشتیی پارتی یەكسانی و دیموكراسیی گەلان (دەم پارتی)، پارتی هەرێمە دیموكراتەكان (دەبەپە)، كۆنگرەی دیموكراسیی گەلان (هەدەكە)، تەڤگەری ژنانی ئازاد و دەسپێشخەریی یەكێتیی دیموكرات پێكهاتبوون.
 
ئەو سەركردە و سیاسەتڤانانەی لەناو شاندەكەدان: تولای هاتیمئۆغوڵاری و تونجەر باكرهان هاوسەرۆكانی گشتیی دەم پارتی. چیدەم كڵچگون ئوچار و كەسكین بایندر هاوسەرۆكانی گشتیی دەبەپە،  مەراڵ دانش بێشتاش، لەیلا زانا، سەباحەت تونجەل، گوڵجان كاچماز و محەمەد كاماچ هاوگوتەبێژانی دەسپێشخەریی یەكێتیی دیموكرات، گوڵستان كڵچ كۆچیغیت بریكاری سەرۆكی فراكسیۆنی دەم پارتی و ئێبرو گونای بەرپرسی كۆمسیۆنی پێوەندییەكانی دەرەوە.
 
ساڵح موسلیم سیاسەتڤانی كورد بەهۆی نەخۆشییەوە رۆژی چواری ئاداری 2026 بۆ چارەسەركردن لە رۆژئاوای كوردستانەوە گواسترایەوە بۆ هەولێر. بەپێی زانیارییەكان، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، ئەركی چاودێریكردن و دابینكردنی هەموو پێداویستییەكی چارەسەركردنی گرتبووە ئەستۆ.





وشە - سۆران عەزیز