لەسەر فەرمانی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و لە چوارچێوەی گەیاندنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان، بە بڕیاری پارێزگاری هەولێر لە سنووری پارێزگاكە چەندان پڕۆژەی گرنگ و جێی بایەخ لە كەرتی تەندروستی، ئەنجام دراون.
ئامارەكە پارێزگای هەولێر بڵاوی كردووەتەوە و دەڵێ، پڕۆژەكان بریتی بوون لە نۆژەنكردنەوەی نەخۆشخانەی هەولێری فێركاری بە گوژمەی 793 ملیۆن و 900 هەزار لەسەر بودجەی پارێزگا، نۆژەنكردنەوەی نەخۆشخانەی ئیمێرجنسی هەولێر - بەشی سووتان بە گوژمەی 145 ملیۆن و 790 ملیۆن دینار لەسەر بودجەی پارێزگا، هەروەها نۆژەنكردنەوەی نەخۆشخانەی پیرمام بە گوژمەی 354 ملیۆن و 748 هەزار دینار لەسەر بودجەی پارێزگا.
هەروەها ئاماژە دراوە بە نۆژەنكردنەوەی نەخۆشخانەی ڕاپەرینی منداڵان بە گوژمەی 88 ملیۆن و 105 هەزار دینار لەسەر بودجەی پارێزگا، نۆژەنكردنەوەی نەخۆشخانەی شەقڵاوە بەرگوژمەی 435 ملیۆن دینار، بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی شەقڵاوە بە گوژمەی 14 ملیۆن و 785 هەزار دینار لەسەر بودجەی پارێزگا، نۆژەنكردنەوەی نەخۆشخانەی هەریر بەرگوژمەی 87 ملیۆن دینار لەسەر بودجەی پارێزگا.
جیا لەو پڕۆژانەی جێبەجێ کراون، هەروەها رێكخستن و نۆژەنكردنەوەی بنكە تەندروستییەكانی قوشتەپە، بێستانە، خانزاد بۆ ددان و عەنكاوە بە گوژمەی 259 ملیۆن دینار ئەنجام دراون.
هەروەها ئەو پڕۆژانەی كە دروست كراون بریتین لە:
بنكەی تەندروستیی سێبەردان لەژێر جێبەجێكردندایە بە گوژمەی 689 ملیۆن دینار، بنكەی تەندروستیی فەرمانبەران لەژێر جێبەجێكردندایە بە گوژمەی 699 ملیۆن دینار، هەرسێ بنكەی تەندروستیی هەنارە، جمكە و سێكانی لە هەولێر دەرەوەی شار بە گوژمەی یەك ملیار و 51 ملیۆن دینار، هەرسێ بنكەی سێوكە، گینج و بڕگوێز بە گوژمەی یەك ملیار و 81 ملیۆن دینار، دواترینیشیان بنكەی تەندروستیی كۆلەكە لە پیڕەش كە ئێستە كاری دەرخستە و دیزاینی تەواو بووە بە گوژمەی یەك ملیار و 105 ملیۆن دینار.
پارێزگا بڵاوی كردەوە، تەنیا لە بودجەی پارێزگای هەولێر بە گوژمەی 36 ملیار و 304 ملیۆن و 594 هەزار دینار پڕۆژە ئەنجام دراوە، توانراوە لە ڕێگەی خێرخوازان و خواپێداوانیش چەندان نەخۆشخانە و بنكەی تەندروستیی تریش بۆ شاری هەولێر بنیات بنرێت لەوانە:
نەخۆشخانەی دەروونی 200 تەختەیی هەولێر، لەسەر ڕووبەری 38000 م2 كە زەوییەكەی لەلایەن پارێزگای هەولێرەوە بۆ دابین كراوە، بە گوژمەی 10 ملیار دینار لەژێر جێبەجێكردندایە.
نەخۆشخانەی قوشتەپە 50 تەختەیی كە زەوییەكەی لەلایەن پارێزگای هەولێر دابین كراوە، بە گوژمەی پێنج ملیار دینار لەژێر جێبەجێكردندایە.
نەخۆشخانەی گەلیاوە كە زەوییەكەی لەلایەن پارێزگای هەولێرەوە بۆ دابین كراوە بە گوژمەی سێ ملیار دینار، ئێستە تەواو كراوە و لە خزمەت هاووڵاتییاندایە.
نەخۆشخانەی فریاكەوتنی بەحركە 50 تەختەیی كە زەوییەكەی لەلایەن پارێزگای هەولێرەوە بۆ دابین كراوە، ئێستە لەژێر جێبەجێكردندایە بە گوژمەی سێ ملیار و 500 ملیۆن دینار.
نەخۆشخانەی بەحركە، سەرەتای ئەو پڕۆژەیە بە هاوكاریی خێرخوازان دەستی پێ كرا، بەڵام دواتر لەلایەن رێكخراوەكان و پارێزگای هەولێر تەواو كرا بە گوژمەی شەش ملیار دینار.
دروستكردنی بنكەی تەندروستیی جۆری (B) لە تۆپزاوە ئەحمەدی لە گەڕەكی ژیان، بە گوژمەی نزیكەی 800 ملیۆن دینار.
دروستكردنی بنكەی تەندروستیی جۆری (A) لە گەڕەكی زیلان بە گوژمەی دوو ملیار دینار.
جێی ئاماژەیە كە لەگەڵ هەموو ئەو پڕۆژانەی لە سنووری پارێزگای هەولێر لە كەرتی تەندروستی ئەنجام دراون، سەرەڕای پیشكەشكردنی خزمەتگوزاریی تەندروستیی بە هاووڵاتییان، هەلی كاریشی بۆ سەتان گەنج و لاوان ڕەخساندووە.