ئێستە كێ سەركردایەتیی ئێران دەكات؟

:: PM:10:19:17/03/2026 ‌

لە ئێران ئەو سەركردە و فەرماندە سەربازییانەی نزیكن لە سوپای پاسداران یان لەناو پاسدارانەوە گەیشتوون بە دەسەڵات فەرمانڕەوایەتی دەكەن و دەتوانن بگەن بە پۆستە هەستیار و گرنگەكان، لە سەرەتای هەڵمەتە سەربازییەكەی ئەمەریكا و ئیسرائیل كە پێی ناوەتە سێیەم هەفتە، لە 28ی شوباتی رابردوو عەلی خامنەیی رابەری باڵای ئێران و پۆلێك لە فەرماندە باڵاكانی سوپای پاسداران لە تاران كوژران، لەوانە باسی برینداربوونی موجتەبای كوڕی خامنەیی دەكرێت، كە دوای چەند رۆژێك ئێرانییەكان ئەویان وەك رابەری نوێ دیاری كرد.

فەرمانڕەوایەتی لە ئێران زیاتر بە دەست رابەری باڵا و بازنەیەكی تەسكی دەوروبەریەتی، ئێستە ئێران كە لە شەڕدایە، بڕیاری بەردەوامبوونی شەڕ و ئاشتی بە دەستی رابەری نوێ و بازنە تەسكەكەی دەوروبەریەتی، لە سایەی ئەو دۆخەی هەیە، واتە كوژرانی زۆرینەی فەرماندە باڵا و كاریگەرەكانی سوپای پاسداران، سەرچاوەكان ئاماژە دەكەن كە موجتەبا تا باوكی مابوو لە سەرچاوەی بڕیار دوور نەبوو و لە نووسینگەی رابەر لە بڕیاردان بەشدار بووە و خاوەن پێوەندییەكی بەهێز و فرەوانە لەگەڵ فەرماندە سەربازی و تەناهییەكان، بەتایبەتی لەناو سوپای پاسداران. 

لەو فەرماندانەی ئێستە ماون و لەو ئێران رۆڵیان هەیە، موحسین رەزایی فەرماندەی پێشووتری سوپای پاسداران، كە بەم دواییە وەك گەورە راوێژكاری سەربازیی رابەری باڵا هاتە دانان، ئەو بە پیاوی شەڕ ناسراوە، جیا لە عەلی لاریجانی ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، كە شەوی رابردوو لە هێرشێكی ئیسرائیل كوژرا، محەمەد باقر قالیباف سەرۆكی پەرلەمانی ئێران و جەنەراڵ ئەحمەد وەحیدی فەرماندەی سوپای پاسداران و وەزیری پێشووی بەرگری و یەكەم فەرماندەی فەیلەقی قودس، جەنەراڵ رەحیم سەفەوی گەورە راوێژكاری سەردەمی خامنەیی و عەلی عەبدڵاهی فەرماندەی ئۆپراسیۆنەكان لە دەسەتەی ئەركان، جیا لە جەنەرال مەجید مووسەوی فەرماندەی یەكەمی مووشەكهاوێژ لە سوپای پاسداران و لیوا عەلی رەزا تەنكسیری فەرماندەی هێزی دەریاوانی لە سوپای پاسداران، ئەوانە ئێستە لە رابەری نوێوە نزیكن و پشت بەوان دەبەستێت. 

سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەكدا ناوی 17 فەرماندەی دیاری ئێرانی بڵاو كردەوە كە ئەوان لە یەكەم هێرشی هەڵمەتە سەربازییەكەی سەر ئێران لە 28ی شوباتی رابردوو كوژراون، واتە "نەڕەی شێر"، لەوانە عەلی خامنەیی رابەری باڵای ئێران، محەمەد شیرازی سەرۆكی نووسینگەی سەربازیی خامنەیی،  جەلال پوور حوسێن، سەرۆكی دەستەی سیخوڕی لە وەزارەتی هەواڵگریی ئێران، سەید یەحیا حەمیدی جێگری وەزیری هەواڵگری بۆ كاروباری ئیسرائیل، عەبدولرەحیم مووسەوی سەرۆكی دەستەی ئەركانی ئێران، محەمەد پاكپوور فەرماندەی سوپای پاسداران.

عەلی شەمخانی راوێژكاری خامنەیی بۆ كاروباری تەناهی و سكرتێری ئەنجوومەنی ئاسایش، رەزا مزەفەری نیا سەرۆكی پێشووی رێكخراوی ئیپتیكار بۆ توێژینەوەی بەرگری و حوسێن جەبەل عاملیان سەرۆكی ئێستەی رێكخراوەكە و سەڵاح ئەسەدی سەرۆكی دەستەی هەواڵگریی بارەگەی خاتەمولئەنبیا، عەزیز نەسیرزادە وەزیری بەرگری و حەسەن عەلی تاجیك سەرۆكی فەرمانگەی پشتیوانی لە هێزە چەكدارەكان و غولام رەزا رەزاییان سەرۆكی دەستەی هەواڵگری لە هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ و موحسین دەرباغی سەرۆكی دەستەی پاڵپشتی و لۆجیستی و توێژینەوەی پیشەسازی لە هێزە چەكدارەكان و ئەكبەر ئیبراهیم زادە سەرۆكی نووسینگە لە جیاتی رابەری باڵا، بەهرام حوسێنی سەرۆكی فەرمانگەی ئۆپراسیۆنەكان و پلاندانان لە هێزە چەكدارەكان و دواترینیان عەلی لاریجانی سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران.  

دوای ئەوەی لە هێرشەكەی 28ی شوباتی رابردوو بە هاوەڵی عەلی خامنەیی رابەری باڵای كوژراوی ئێران و باوكی بریندار بوو، ئەنجوومەنی باڵای سەركردایەتیی ئێران موجتەبا خامنەیی وەك رابەری نوێ دیاری كرد، بەڵام لە ساتی برینداربوونی تا ئێستە ئەو بەدیار نەكەوتووە و تەنیا بەیاننامەیەكی بڵاو كردووەتەوە، ئەوەش گومانەكانی لەبارەی خراپیی تەندروستی زیاتر كرد، ئەمڕۆ ئێران رای گەیاند كە تەندروستی باشە و بڕیارە وتارێك پێشكەش بكات.

ئەمڕۆ سێشەم ئیسماعیل بەقائی گوتەبێژ بەناوی حكوومەتی ئێران رای گەیاند، دەتوانم دووپات لەوە بكەمەوە كە موجتەبا خامنەیی رابەری باڵا تەندروستی باشە و گوێبیستی وتارەكەی بوون و هیوام وایە بەمنزیكانە وتارێكی نوێ پێشكەشی گەلی ئێران بكات، روونی كردەوە، ئەوەش لە ناوچەكە دەگوزەرێت، شەڕێكە لە لایەن ئەمەریكا و ئیسرائیل بەسەر ئێران سەپێنراوە، بەڵام گەلی ئێران سوورە لەسەر بەرگریكردن لە وڵاتەكەی. 

لای خۆیەوە كازم جەلالی باڵوێزی ئێران لە مۆسكۆ دووپاتی كردەوە كە ئێستە موجتەبا خامنەیی رابەری نوێی ئێران لە رووسیا نییە، ئەوەش لە وەڵامی ئەو راپۆرتانەی باسی بوونی خامنەییان لە رووسیا كرد بۆ چارەسەری لە برینەكانی بەهۆی ئەو هێرشەی 28ی مانگی شەباتی رابردوو بووە هۆی كوژرانی عەلی خامنەیی رابەری باڵای باوكی.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل