ڕۆژنامەی جۆرشەلیم پۆستی ئیسرائیلی باس لە ڕاپۆرتێك دەكات كە لە ڕۆژانی ڕابردوودا ئاماژەی بۆ دەكرێ، ئەویش پەلاماری ئەمەریكا و گرتنی شاری ئەسفەهان و بردنی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێرانە لەو شارە، لەگەڵ ئەوەیشدا ڕۆژنامە ئیسرائیلییەكە نایشارێتەوە كە سیناریۆكان زێدەڕۆییان تێدایە و هێنانە دییان لە واقیع هێندە ئاسان نییە.
ڕۆژنامەكە نووسیویەتی، سەرەڕای بوونی ئەگەری بەكارهێنانی هێزی وشكایی لەلایەن ئەمەریكاوە، بەڵام وێنەی پەلاماری ئەمەریكا بۆ سەر ناوچەكە ڕوون نییە، بە دیاریكراویش بیرۆكەی هەڵكوتانەسەر ئەسفەهان بۆ بردنی یۆرانیۆمی پیتێنراو، وا دەرناكەوێ كە حیساباتی زۆر وردی هەموو ڕەهەندەكانی ئەو هەڵمەتە تاوتوێ كرابێت.
بەگوێرەی زانیارییەكان و واقیعی ئێستەی جەنگیش لە دژی ئێران، ئەمەریكا و ئیسرائیل كار لەسەر لەناوبردنی توانای مووشەكی و درۆن و هێزی دەریایی ئێران دەكەن، نەك یۆرانیۆمی پیتێنراو، تەنانەت ئەمەریكا خۆی لە بۆردمانی پاسدارانیش وەدوور گرتووە و ئیسرائیل بەم ئەركە هەڵدەستێت، واشنتن درۆن و مووشەك و دەریایی لە هێرشەكە پێ سپێردراوە.
لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا بە هیچ شێوەیەك لە شێوەكان ئیسرائیل و ئەمەریكا باسیان لە هیچ ئۆپراسیۆن و هێرشێك نەكرد كە بۆ گێڕانەوەی یۆرانیۆمی پیتێنراو لە ئێران ئەنجامی بدەن، لە كاتێكدا بەردەوام باسی هێزی دەریایی و توانای ئاسمانی ئێران دەكرێ و دووپات لەوە دەكرێتەوە كە ئامانجیان وێرانكردنی تواناكانی ئێرانە.
لە دوای حوزەیران/یۆنیۆی 2025، دوو هەڕەشەی گەورەی ناوكی ئێران لەسەر ڕۆژئاوا بوونی هەیە، یەكەمیان بوونی ئێران بە خاوەنی 400 كیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراو تا ئاستی 60%، دووەمیشیان دامەزراوەی چیای بیكاكسی ناوكییە كە دەكەوێتە ژێر زەوی لە نزیك شاری نەتنزی ئێرانەوە، سەرەڕای ئەوەی ئیسرائیلییەكان ئومێدیان بەوەیە كە ئەمەریكا ئۆپراسیۆن ئەنجام دەدا و دەست بەسەر یۆرانیۆمی ئێران دەگرێت، بەڵام شرۆڤەكاران نایشارنەوە كە ئەنجامدانی هەڵمەتێكی لەمجۆرە ریسكێكی گەورەیە و ناتوانرێ بە خێراییەكی زۆر ئەنجام بدرێت، بەڵكو چەند ڕۆژێكی كات پێویستە كە هێزی وشكایی ئەمەریكا لەسەر زەوی بمێنێتەوە، هاوشێوەی ڤەنزوێلا نییە كە كەسێك بگریت و بیخەیتە ناو فڕۆكەوە.
لەگەڵ ئەو ئاستەنگ و كۆسپانەیش، هێزی وشكایی ئەمەریكا لە ڕێگەدان و دوێنێ دووشەم كەشتی یو ئێس ئێس تریپۆلی لە نزیك گەرووی مەلكای سەنگاپوور بینراوە و لە ڕێگەدایە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، كە هەڵگری دوو هەزار و 200 سەربازی بژارەی هێزی تایبەتی 31 دەریاوانی ئەمەریكا كە پێشتر لە ژاپۆن جێگیر كرابوون، بەڵام ئێستە بانگهێشت كراون بگەنە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ئەو هێزە تایبەتەی ئەمەریكا ئەرك و كاریان تەنیا بۆ هەڵكوتانەسەر و ئۆپراسیۆنی تایبەت ڕاهێنراون، ئەمەیش گومانی ئەوەی دروست كردووە كە ئەمەریكا نیازی پەلاماردانی لە ناوخۆی ئێران هەبێت. لەوانەیش هەڵكوتانەسەر ئەسفەهان بۆ بردنی یۆرانیۆمی ئێران.
لەگەڵ ئەوەیشدا ڕۆژنامەكە
نووسیویەتی، تا ئێستە پلانێكی ئەمەریكی ڕوون و ورد بۆ هەڵكوتانەسەر ئەسفەهان بە ئاشكرا بوونی نییە، بەڵام ئەگەر بە نهێنی بیرۆكەیەكی لەمجۆرە پلانی وردی بۆ دانرابێت، ئەمە هەنگاوێكە كە كەس لێی ئاگادار نییە.
ئەو هێزانەی كە دێن بەشێكن لە پلانی فریاكەوتن و ئامادەكاری بۆ حاڵەتی لەناكاو، بەڵام ئامانجەكانی هاتنی ئەو هێزە چییە و چ ئەركێكیان پێ دەسپێردرێت، تا ئێستە بە شاراوەیی ماوەتەوە.
لەلایەكی ترەوە بەشێك لە سەرچاوەكان ڕوونی دەكەنەوە، ئەمەریكا و ئیسرائیل كارێكی قورس دەكەن بەدوای یۆرانیۆمی ئێران بگەڕێن، چونكە ئێرانییەكان خۆیان هەشت مانگە بە دوایدا دەگەڕێن، لە ژێر پاشماوەی داروپەردووی بۆردمانكراوی ئەسفەهان لە حوزەیران/یۆنیۆی 2025 و تا ئێستەیش نە ئامێری ساردكەرەوەی مەركەزی و نە یۆرانیۆمی ژێر زەوییان نەدۆزیوەتەوە.
خاڵێكی تر كە وادەكات بۆچوونی هەڵكوتانەسەر ئەسفەهان دوور بێ لە ڕاستییەوە، بریتییە لە دابەشكردنی ئێران بۆ بۆردمانكردن لەلایەن ئەمەریكا و ئیسرائیلەوە، ئێستە ئەمەریكا تەنیا باشووری ئێران كە خۆی لە لەناوبردنی هێزی دەریایی ئەو وڵاتە دەبینێتەوە، ئیسرائیلیش بۆردمانكردنی تاران و ڕۆژئاوای ئێرانی لە ئەستۆیە و هەردوولایش هێرشەكانیان لەسەر ئەو ناوچانە چڕ كردووەتەوە كە بۆیان دیاری كراوە.
لەلایەكی ترەوە سێنتكۆم ئاشكرای كرد، لەگەڵ ئیسرائیل كار دەكەن بۆ لەناوبردنی تواناكانی بەرگریی كۆماری ئیسلامیی ئێران و كۆت و زنجیركردنیەتی، بەڵام بەهیچ شێوەیەك تا ئێستە باسی ڕۆیشتن یان لەناوچوونی سیستمی دەسەڵات لەو وڵاتە نەكراوە.
ئەوەی بەلای ئێران و ئیسرائیل و چاودێرانیشەوە جێگەی باس و سەرنجدانە، هاتنی هێزی وشكایی ئەمەریكی و ئامانجەكەیەتی، كە لەلایەن ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكاوە تا ئێستە هیچ شتێك ڕانەگەیەنراوە، سەرەڕای ئەوەی بۆردمانی ئاسمانی و دەریایی بەردەوامی هەیە و كۆتایی نایەت.