بەر لە هەر هەڵمەتێكی سەربازی و گۆڕانكارییەكی گەورە ئەوان كۆ دەبوونەوە یان بە تەلەفۆن قسەیان دەكرد، لە میدیاكان باسی بوونی ناكۆكی لە نێوانیان دەكرا، كەچی لە شەڕەكان هاوئاهەنگییەكی تەواویان لە نێوان هەبوو و تەواوكەری یەكتر بوون، لەو هەڵمەتە سەربازییەی لە 28ی شوباتی رابردوو بۆ سەر ئێران دەستیان پێكرد، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا و بنیامین نەتنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل تا چەند ئامانجەكانی خۆیان پێكاوە؟
لەگەڵ ئەو هاوئاهەنگی و كۆكییەی لە نێوانیان هەیە، ماڵپەڕی "ئاكسیۆس"، باسی جیاوازیی نێوان ئامانجەكانی هەریەك لە ئەمەریكا و ئیسرائیل لەبارەی ئێران و كۆتای شەڕ لەگەڵ دەكات، ماڵپەڕەكە لە چەند راوێژكارێكی سەرۆكی ئەمەریكای گواستەوە كە ترەمپ سەرنج دەخاتە سەر جێبەجێكردنی ئامانجە سەرەكییە سەربازییەكانی وڵاتەكەی لەو شەڕەدا، ئەوانیش لەناوبردنی بەرنامە مووشەكی و ئەتۆمییەكانی تاران و لاوازكردنی هێزی دەریاوانیی ئەو وڵاتە و نەهێشتنی و لاوازكردنی پاڵپشتی بۆ میلیشیاكان لە ناوچەكە، ئەوانە ئامانجەكانی ئەمەریكان لەو شەڕەی ئێستە دژ بە ئێران گەرمە.
ماڵپەڕەكە لە سێ راوێژكاری ترەمپی گواستەوە كە سەرۆكی ئەمەریكا هەوڵی كۆتاهێنان بە ئۆپراسیۆنە سەربازییەكە دەدات بەر لەوەی نەتنیاهۆ ئەو كارە بكات، واتە جێبەجێكردنی تەواوی ئامانجەكانی ئیسرائیل كە رووخاندنی رژێمەكە یەكێكە لەوان، "ئاكسیۆس"، باسی ئامانەكانی نەتنیاهۆ و ئیسرائیل لە هەڵمەتە سەربازییەكەی دژ بە ئێران دەكات بەوەی هەوڵی بەدیهێنانی ئامانجی فرەوانتر دەدات، لەوانە كوشتنی سەركردەی زیاتری وڵاتەكە رێخۆشكردن بۆ گۆڕینی رژێمی دەسەڵات لە ئێران، ئیسرائیل گرنگییەكی زۆر بە كوشتنی سەركردە نوێیەكانی تاران دەدات، لەو كاتەی ئەمەریكا گۆڕینی رژێمی ئێران بە دەستكەوتێكی زیاتر دەزانێت نەك ئامانجێكی سەرەكی.
ماڵپەڕەكە ئاماژە دەكات ئەو جیاوازییە لە نێوان ئامانجەكانی ترەمپ و نەتنیاهۆ هەر لە یەكەم گورزی هەڵمەتەكە بەدیار كەوت، كاتێك ئیسرائیل سەرنجی خستە سەر كوشتنی سەركردەكانی ئێران، لەوكاتەی ئەمەریكا سەرجی لەسەر كردنەئامانجی مووشەك و درۆنەكانی ئێران بوو كە بۆ بنكە سەربازییەكانی لە ناوچەكە ئاراستەی كردبوون.
چەند سەرچاوەیەك لە كۆشكی سپی ئاماژە دەكەن كە ئیسرائیل بەقەد ئەمەریكا رقی لە پشێوی و ئاڵۆزی نابێتەوە، ئێمە سەقامگیریمان دەوێت، كەچی نەتنیاهۆ ئەوە بۆ ئێران بە پێویست نازانێت، چونكە ئیسرائیل زیاتر لە ئێمە رقی لە رژێمی ئێرانە، لە هەفتەكانی سەرەتای شەڕەكە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئەمبارەكانی نەوت تاكە ناكۆكیی نێوان هەردوو وڵات بوو، كاتێك واشنتن داوای لە تەلئەبیب كرد جارێكی تر بێ رەزامەندیی ئەمەركیا نەوتی ئێران نەكاتە ئامانج، بەهۆی كاریگەری لەسەر سەقامگیریی بازاڕی وزە لە دنیا.
سەرەڕای ئەو جیاوازییانەی باس كران، بەڵام ترەمپ و نەتنیاهۆ پارێزگارییان لە بوونی پێوەندییەكی توندوتۆڵ لە سەرەتای شەڕەكەوە كرد و تا ئێستە رۆژانە قسە دەكەن، بەپێی راپۆرتەكان شەڕی 12 رۆژەی هاوینی رابردوو دژ بە ئێران پێوەندی ئەوانی بەهێز كردن كاتێك ترەمپ شەڕەوكەی بە سەركەوتنێكی گەورە دانا و رێزی زیاتری بۆ نەتانیاهۆ راگەیاند، هەڵنمەتێكی بۆ بەدەستهێنانی لێبوردن و كۆتاهێنان بە دادگاییكردنی بەهۆی دۆسیەكانی گەندەڵی دەست پێ كرد.
بەپێی سەرچاوەكان نەتنیاهۆ بە مایك هوكابی باڵوێزی ئەمەریكای لە ئیسرائیل راگەیاندووە كە هێشتا سوپرایز و كاری جیاوازیان لە ئێران بەدەستەوەیە، ئەو لیستی ناوی سەركردەكانی تا ئێستە كوژراون و ئەوانەشی بە نیازە بیانكاتە ئامانج پێشكەش بە هوكابی كرد، لەبارەی جیاوازیی ئامانجەكانی ئیسرائیل و ئەمەریكا، ترەمپ دەڵێت، رەنگە تۆزێك ئامانجەكانمان جیاواز بن، ئەوەش ئاساییە.
سەبارەت بە جیاوازیی ئامانجەكانیان، بەرپرسانی ئەوروپایی دووپاتیان كردەوە كە ماركۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لە چەند پێوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ هاوتا ئەوروپییەكانی باسی جیاوازیی ئامانجەكانی واشنتن و تەلئەبیبی كردووە، بیت هیگسیس وەزیری دەنگی ئەمەریكاش لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا دووپاتی كردەوە كە وەك ئەمەریكا ئامانجی خۆمان هەیە و خۆمان بڕیار لەسەر جێبەجێكردنیان دەدەین، وەك ئاماژەیەك بۆ ئەوەی واشنتن ئامانجەكانی شەڕ لە دژی ئێران دیاری دەكات و بڕیار لەسەر كۆتاهاتنی دەدات، بێ رەچاوكردنی ستراتیجیەتەكانی ئیسرائیل و جێبەجێبوونی ئامانجەكانی.