فالح فەیاز.. فێڵبازێك هەم لە دەستی سەدام و هەم ئەمەریكییەكان ڕزگاری بوو

:: PM:12:33:25/03/2026 ‌

سەرەڕای ڕووخسارە ئارام و ڕاشكاوەكەی كە بەردەم فالح فەیازی سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی پێی دەردەكەوێت، زۆر لەوانەی دەیناسن و نەیارانیشی وەك كەسێكی فێڵباز و بە توانا لە قۆستنەوەی دەرفەتەكان و هەڵگیرساندنی جەنگی توند دژی دوژمنەكانی باسی دەكەن، ئەمەیش وایكردووە ماوەی 10 ساڵ لە هەڕەمی دەسەڵاتی حەشدی شەعبی بمێنێتەوە، سەرەڕای ئەوەی دەیان گرووپی جیاجیا و ناكۆكی زۆر لە ناو حەشد بوونی هەیە.

بۆردمانی ئاسمانی دوێنێ سێشەم كە زۆر لەو بڕوایەدان ئەمەریكی بووبێت، ماڵەكەی فەیازی لە گەڕەكی عەرەبی شاری مووسڵ كردە ئامانج، سەرچاوەكان لەبارەی زیانەكانی ئەو بۆردمانە بۆ ڕۆیتەرز دووپاتیان كردەوە، فالح فەیاز لەوكاتەی كە ماڵەكەی بۆردمان كراوە لە شوێنەكە نەبووە و هیچ زیانێكی پێ نەگەیشتووە، بەمشێوەیەیش بێ، فەیاز لە بۆردمان و هەوڵی كوشتنی لەلایەن ئەمەریكییەكانەوە دەربازی بووە.

فالح فەیاز لە ساڵی 1956 لە بەغدا لە دایك بووە و لە ساڵی 1977 بەكالۆریۆسی وەك ئەندازیاری كارەبا لە زانكۆی مووسڵ بەدەست هێناوە و سەربە شێخەكانی هۆزی ئەلبوعامر یان ئەلبوخەمیسە، كە خاوەنی ڕووبەرێكی فرەوانی زەوی كشتوكاڵین لە ناوچەی ڕاشیدیە و تارمییەی باكوری بەغدا.

ئەو پابەندی و سۆزەی بۆ عەشیرەتگەری هەیە، دەرفەتی بۆ ڕەخساند كە لە سەردەمی حوكمی ڕژێمی بەعسی ڕووخاو لە فەرمانی لەسێدارەدان ڕزگاری ببێت، ماڵباتەكەی ڕێزێكی تایبەتیان لای سەرۆكی ڕژێمی بەعسی ڕووخاو سەدام حوسێن هەبوو، بۆیە حوكمی لەسێدارەدانی هەڵوەشایەوە و سزاكەی كرا 20 ساڵی زیندانیكردن و لە 1980 خرایە گرتووخانەوە، بەتۆمەتی پێوەندی و ئەندامێتی لە حزبی دەعوە كە ئەوكات قەدەغەكراو بوو لە عێراق.

دوای ڕووخانی ڕژیمی بەعس لە ساڵی 2003 فالح فەیاز هەرزوو هاتە ناو سیاسەتەوە و سەرەتا چووە ناو ڕەوتە سیاسییەكەی ئیبراهیم جەعفەری سەرۆك وەزیرانی ئەوكاتی عێراق، بەڵام پۆستێكی گرنگ و دەركەوتنی زۆری نەبوو و پێشڤەچوونی سیاسی بەخۆیەوە نەبینی، بەڵام دواتر چووە ناو دامەزراوە تەناهییەكان و دواتریش ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی و لەوێشەوە بوو بە سەرۆكی گشتیی دەستەی حەشدی شەعبی.

لە دوای دەركردنی فتواكەی عەلی سیستانی بە دروستكردنی گرووپەكانی حەشدی شەعبی بۆ ڕووبەڕووی چەكدارانی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش و ڕزگاركردنی عێراق لە چنگیان، بۆ بەدەمەوەهاتنی ئەو داوایەی عەلی سیستانی، حكوومەتی عێراق لیژنەیەكی كۆكردنەوەی چەكدارانی لە ڕیزی حەشدی شەعبی پێكهێنا و فالح فەیاز كرایە سەرۆكی ئەو لیژنەیە، دواتر گرووپە چەكدارەكانی ناو حەشدی شەعبی دوو ساڵ دوای پێكهێنانیان لە پەرلەمان وەك هێزێكی یاسایی عێراق بە ناوی دەستەی حەشدی شەعبی ددانیان پێدانرا و بوون بە هێزی فەرمیی عێراق.

ئەوكاتە فالح فەیاز ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق بوو، پێش ئەوەی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی ئەوكاتی عێراق لە 2018 لە پۆستەكەی دووری بخاتەوە، بەڵام دوای تەواوبوونی حكوومەتی حەیدەر عەبادی و بوونی مستەفا كازمی بە سەرۆك وەزیرانی عێراق، ئەمجارەیش فەیاز دەركەوتەوە و لە 2020 فەرمانی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی بۆ دەركرا و كرایە سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی، ئەمەیش لە كاتێكدا بوو كە بەر لەوەی بە فەرمی بكرێتە سەرۆكی دەستەكە، چەندان جار بە وەكالەت ماوەی سەرۆكایەتیكردنی حەشدی شەعبی بۆ درێژ كرایەوە.

سەرەڕای ناكۆكی و ململانێ زۆرەكان بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی و ناڕازیبوونی بەشێك لە گرووپە چەكدارەكان بە گشتی و بە تایبەتیش عەسائیبی ئەهلی حەق بە بوونی فالح فەیاز و مانەوەی وەك سەرۆكی دەستەكە، سەرەڕای سزاكانی ئەمەریكا بە تۆمەتی پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ لە 2021، بەڵام تا ئێستەیش فەیاز عەرشی دەسەڵاتەكەی خۆی پاراستووە و لە سەرۆكایەتیكردنی حەشدی شەعبی ماوەتەوە.

سەرچاوەكان پشتڕاستی ئەوە دەكەنەوە، فەیاز لە ڕووی تەناهی و سیاسییەوە پێوەندییەكانی زۆر پەرە پێداوە و پاراستوونی، بە تایبەتیش لەگەڵ لایەنی ئێرانی و بە دیاریكراویش لەگەڵ قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پادساران كە پێوەندییەكی بەتین و پتەو لە نێوانیاندا هەبووە، تا ئەوكاتەی لە سەرەتای 2020 سلێمانی لەلایەن ئەمەریكییەكانەوە كوژرا.

وەك سەرچاوەكان باسی لێوە دەكەن، سەركەوتنی فەیاز لە پۆستەكەی و مانەوەی بۆ ئەو ڕۆڵە میحوەرییە دەگەڕێتەوە كە ئەو لە ناو حەشدی شەعبی دەیبینێت، بە تەواوی سوود لە دەرفەتە داراییەكان و هاوبەشایەتی و گرێبەستی جیاجیا دەبەستێت، هاوكات سەركەوتوو بوو لە دروستكردنی حەشدی عەشائیری "سوننە" و قۆرخكردنی سۆز و لایەنگریی سەرجەمی ئەو هێزانە بۆ خۆی، ئەمەیش وایكردووە بوونی سیاسی لە پارێزگا سوننییەكان بە بەهێزی و پارێزراوی بهێڵێتەوە، بە تایبەتیش لە پارێزگای مووسڵ.

سەرچاوەكان نایشارنەوە كە فالح فەیاز سەركەوتوو بوو لە وەبەرهێنانكردن لەسەر حەشدی عەشائیری، لە كاتێكدا پێشتر هۆزەكانی سوننە و چەكدارەكانیان زۆربەی كات سەربە پەرلەمانتار یان سەركردەیەكی سیاسی سوننە بوون، بەڵام ئێستە وەلا و سۆزیان بۆ فالح فەیازە و ئەو پیاوە توانی بەربەستی مەزەوی تێپەڕێنێت و سوننەكانیش بخاتە پاڵ خۆیەوە.

لەگەڵ ئەوەیشدا نەیارانی تۆمەتباری دەكەن بەوەی زۆرینەی پڕۆژە و دەرفەتەكانی وەبەرهێنانی لە مووسڵ بۆ خۆی قۆرخ كردووە، دەستەی حەشدی شەعبی بەكار هێناوە بۆ دامەزراندنی زۆرینەی ئەندامانی هۆزەكەی لە شوێنە هەستیارەكانی دەستەی گشتیی حەشدی شەعبی، هاوكات نوێنەرایەتییەكی كەمیشی لە ناو ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا نییە، بگرە دەسەڵاتی لە ناو پارێزگای مووسڵیش هەیە.


وشە - باز ئه‌حمه‌د