جەنگی ئەمەریكا و ئیسرائیل لە دژی ئێران بەرەو كارەساتێكی ژینگەیی گەورە هەنگاو دەنێت و بەگوێرەی شیكارییەكانیش لە دوو هەفتەی یەكەمی جەنگ، بڕی پێنج ملیۆن تۆن دوانەئۆكسیدی كاربۆن ڕژاوەتە ناو كەشوهەوای ناوچەكە و كۆی گشتیی كاربۆن خێراتر لە 84 وڵاتی دنیا بەیەكەوە دەردەدات.
لە كاتێكدا بۆردمانی فڕۆكەكانی جەنگی و درۆن و مووشەكەكان ژیانی هەزاران خەڵك دەخەنە مەترسییەوە و ژێرخانی وڵاتانی ناوچەكە وێران دەكات، بەڵام لە تەك ئەمەدا گۆڕانكارییەكی گەورە لە ژینگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست دەبێ و بەرەو كارەساتێكی ژینگەیی گەورە هەنگاو دەنێت، یەكەم شیكاریش لەوبارەیەوە دووپات لەوە دەكاتەوە كە لە 14 ڕۆژدا، بە ڕێژەی پێنج ملیۆن تۆن دوانەئۆكسیدی كاربۆن ڕژاوەتە ناو كەشوهەوای ناوچەكەوە، ئەمەیش زیاترە لە دەردانی 84 وڵاتی دنیا بەیەكەوە لە یەك كاتدا.
شیكارییەكە كە ڕۆژنامەی
گاردیانی بەریتانی بڵاوی كردووەتەوە و زیانەكانی ژینگە لە ئەنجامی بۆردمانەكانی بە بەڵگە تۆمار كردووە، زیانی گەورەی بۆ داهاتووی كەشوهەوای ناوچەكە دەبێت.
پاتریك بیگەر بەڕێوەبەری توێژینەوەكان لە پەیمانگەی كەشوهەوا و كۆمەڵگە و بەشدار لە ئامادەكردنی شیكارییەكە دەڵێ، هەر بۆردمانێكی مووشەكی هاوشێوەی لێدان و گورزێكی گەورەیە بەر گۆی زەوی و بەرزتركردنەوەی پلەكانی گەرمای گۆی زەوی، جیا لەوەی ئارامی و ئاسایش دەشێوێنێت و نابێتە هۆی سەلامەتیی هیچ كەسێك.
زیاتر گوتی، هەر ئاگركەوتنەوەیەك لە پاڵاوگەیەك یان كەشتییەكی نەوتگوێزرەوە، ئەوە بیر دێنێتەوە كە جیۆپۆلەتیكی دنیا بەندە بە سەرچاوەی سووتەمەنی كۆن و كۆك و تەریب نییە لەگەڵ پاراستنی گۆی زەوی بۆ شیاوی ژیانكردن لەسەریدا، ئەو جەنگە جارێكی تر ئەوە دەخاتە ڕوو كە خێراترین ڕێگە بۆ قووڵبوونەوەی تەنگژەی كەشوهەوا، بریتییە لە ڕێگەدان بە سەرچاوەی وزەی خەڵووزی بە كۆنترۆڵكردن و مامەڵەكردن بە سیاسەتی دەرەوەی وڵاتان.
تا ئێستە ئەمەریكا و ئیسرائیل هەزاران ئامانجیان لە ناوخۆی ئێران بۆردمان كردووە، هاوكات ئیسرائیل جیا لە ئێران بۆردمانی چڕی باشووری لبنانیش دەكات، ڕاپۆرتەكان دووپات لەوە دەكەنەوە كە وێرانكاریی گەورە و فراوان لە ژێرخانی مەدەنی هەردوو وڵات دروست بووە.
ڕووخانی باڵەخانەیەك بە ڕەگەزێكی گەورەی بەرزبوونەوەی كاربۆن لە هەوا دادەنرێت، ڕاپۆرتەكانی مانگی سووری ئێرانی لەوبارەیەوە دەڵێن، تا ئێستە زیاتر لە 20 هەزار باڵەخانەی مەدەنی لە ئەنجامی بۆردمانەكان خراونەتە خوارەوە، وێرانبوونی ئەو ژمارە باڵەخانەیە بەگوێرەی لێكدانەوەكان هێندەی زیادبوونی 2.4 ملیۆن تۆن دوانەئۆكسیدی كاربۆن بۆ ناو هەوا كاریگەریی هەیە.
سووتەمەنییەكان بە دووەم گەورەترین ڕەگەزی پیسبوونی هەوا هەژمار دەكرێن، فڕۆكە جەنگییە قورسەكانی ئەمەریكا لە ناوچە دوورەدەستەكانی وەك ڕۆژئاوای ئینگڵتەراوە بەرەو ئاسمانی ئێران دەفڕن، بە گوێرەی خەمڵاندنەكان لە ماوەی 14 ڕۆژدا، فڕۆكە جەنگییەكان و كەشتییەكان 150 تا 279 ملیۆن لیتر سووتەمەنیان بەكار هێناوە، ئەمەیش دەبێتە هۆی زیادكردنی 529 هەزار تۆن دوانەئۆكسیدی كاربۆن لە هەوادا.
یەكێك لە شۆكهێنەرترین وێنەكانی جەنگ، دروستبوونی هەوری تاریك و بارانی ڕەشە كە لە تاران باری، دوای ئەوەی ئیسرائیل چوار وێستگەی سەرەكی دەوروبەری تارانی بۆردمان كرد كە بووە هۆی سووتاندنی 2.5 تا 5.9 ملیۆن لیتر نەوت لە ناو پاڵاوگەكان، هەروەها وەڵامدانەوەی ئێران بە بۆردمانكردنی پاڵاوگەكان لە وڵاتانی كەنداو بە بڵاوكردنەوەی 1.88 ملیۆن تۆن دوانەئۆكسیدی كاربۆن لە هەوا دەخەمڵێنرێت.
لە 14 ڕۆژی یەكەمی جەنگ، ئەمەریكا چوار فڕۆكەی جەنگی و ئێران 28 فڕۆكە و 21 كەشتی جەنگی و 300 سەكۆی هەڵدانی مووشەكی لە دەست داوە، كەلوپەلە سەربازییە وێرانبووەكان بە گوێرەی لێكۆڵینەوە زانستییەكان، بەهەمانشێوە بەرپرسن لە دەردانی كاربۆن و دوانەئۆكسیدی كاربۆن، ئەو ڕێژەیە لە كەلوپەلی جەنگی وێرانبوو، دەبێتە هۆی دەردانی 172 هەزار تۆن دوانەئۆكسیدی كاربۆن بۆ ناو هەوا.
لە تەك ئەوەیشدا هەر مووشەك و بۆمبێكیش كە فڕۆكەی جەنگی و درۆنەكان بەری دەدەنەوە، دەبێتە هۆی زیانێكی گەورە بۆ كەشوهەوا و بە گوێرەی زانیارییە بڵاوكراوەكان لە دوو هەفتەی یەكەمی جەنگدا، ئەمەریكا و ئیسرائیل شەش هەزار ئامانجیان لە ناوخۆی ئێران بۆردمان كردووە و هەزار مووشەك و دوو هەزار درۆنیان بۆ ئەو ئامانجە بەكار هێنراوە، هەروەها هەزار و 900 مووشەكی بەرگریی ئاسمانییان هەڵداوەتە ئاسمان بۆ تێكشكاندنی مووشەك و درۆنەكانی ئێران لە ئاسمانەوە، ئەمەیش بە دەردانی 55 هەزار تۆن لە دوانەئۆكسیدی كاربۆن بۆ ناو هەوا دەخەمڵێنرێت.
بەمشێوەیە لە دوو هەفتەی یەكەمی جەنگدا پێنج ملیۆن و 55 هەزار 16 تۆن دوانەئۆكسیدی كاربۆن چووەتە ناو كەشوهەواوە، ئەمە هاوتای دەردانی 131 ملیۆن و 430 هەزار و 416 تۆن دوانەئۆكسیدی كاربۆنە لەلایەن وڵاتێكی بەرهەمهێنەری وزەی خەڵووزی لە ماوەی ساڵێكدا، هاوتایە لەگەڵ دەردانی كاربۆن و دوانەئۆكسیدی كاربۆن لەلایەن 84 وڵاتی دنیا بەیەكەوە لە یەك ساڵدا.
فەرید ئۆتۆلاربی نووسەری سەرەكیی ئەو توێژینەوەیە لە زانكۆی وزە و سەرچاوەكانی سروشت لە گانا گوتی، چاوەڕوانی دەردانی زیاتر و خێراتری گاز و مادە ژەهراوییەكان دەكەین، لەگەڵ بەردەوامی ململانێ و جەنگ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، پێویستە هەموومان لەگەڵ لێكەوتە مەترسیدارەكانی گۆڕانی كەشوهەوا بژین و كەس نازانێ بە دڵنیایی تێچووی پاككردنەوەی كەشوهەوایش لەو گازە ژەهراوی و زیانبەخشانە چەندە.