بەغدا لە نێوان واشنتن و تاران بەرەو كوێ؟

:: AM:10:05:26/03/2026 ‌
لەگەڵ بەردەوامیی شەڕ و گرژییەكان و گواستنەوەی بۆردمانەكان لەلایەن ئەمەریكا و میلیشیاكانی ئێران لە عێراق، بژارەكانی بەغدا بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پێشهاتانە چین، ئایا دوای بانگكردنی باڵوێزی ئێران لە بەغدا و هەڵسووڕێنەری كاروباری باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا هەنگاوەكانی حكوومەتی كاربەڕێكەری عێراق چی دەبێت؟

ئیحسان شمەری سەرۆكی ناوەندی هزری سیاسی لە عێراق لەوبارەیەوە بۆ سكای نیوزی عەرەبی گوتوویەتی، هەنگاوەكەی محەمەد شیاع سوودانی بە بانگهێشتكردنی باڵوێزی ئەمەریكا و ئێران، ڕێوشوێنێكی دیپلۆماسی ئاسایییە و ناسراوە، ئەمە یەكەم هەنگاوی حكوومەتە كە لە دوای كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزاری بۆ كاروباری ئاسایشی نیشتمانی، كە بەغدا بە ڕوونی هێرشی ئێران و گرووپە چەكدارەكانی و ئەمەریكا لە ناوخۆی عێراق بە پێشێلكردنی سەروەری وڵات ناو ببات، چونكە هێرشەكان دامەزراوەكانی تەناهی فەرمی حكوومەتیان بە ئامانج گرتووە.

شمەری گومانی زۆری خۆی لەبارەی ئەو هەنگاوە خستووەتە ڕوو و دەڵێ، ئێستە جیاوازییەكی ڕاستەقینە و زۆر لەسەر ئاستی دیپلۆماسی و سەربازی لە عێراق لەبارەی ئەو بۆردمانانەی چەكداران و ئەمەریكییەكان، بۆیە گرتنەبەری ڕێوشوێن لەلایەن بەغداوە تەنیا وەك ڕووكەش وایە و هەوڵێكی ڕاستەقینەی لە پشتەوە نییە.

سەرۆكی ناوەندی هزری سیاسی دەڵێ، چی لە دوای بانگهێشتكردنی باڵوێزەكان، ئەمە لە ناو بژارەی سیاسی بەردەوام پرسیاری لەسەر دەكرێت، بە تایبەت ئاراستەی حكوومەت و چوارچێوەی هاوئاهەنگی و گرووپە چەكدارەكانی سەر بە ئێران دەكرێت.

شمەری ئامانجە تاكتیكییەكانی حكوومەتی بەغدا لەبارەی بانگهێشتكردن و ناڕەزایی دەربڕیوە و دەڵێ، ئەو گۆڕانكارییە سروشتییە لە پەیامی حكوومەت كە جیاوازییەكی ڕیشەیی لەگەڵ پەیامەكانی پێشووی بەغدا هەیە، چەند تاكتیكی لە پشتی ئەو هەنگاوەوەن، یەكەمیان بۆ ئەوەی پەستانە زۆرەكانی سەر حكوومەت كەم بكاتەوە، لەگەڵ ئەوەیشدا هیچ وەڵامێكی بۆ هێرشكردنە سەر بنكە سەربازییەكانی عێراق لەلایەن ئەمەریكییەكانەوە نییە، بۆیە نایەوێ ژینگە سیاسییەكەی ئێستە ئاڵۆزتر بكات و هاوكات پەستان لەسەر چوارچێوەی هاوئاهەنگی و سەرانی گرووپە چەكدارەكانی حەشد لە عێراق دروست بكات.

دووەم ئامانجی بەغدا بریتییە لە هەڵمژینی تووڕەیی جەماوەری گرووپە چەكدارەكانی سەر بە ئێران لە عێراق، چونكە هەڕەشەكان فراوانتر و گەورەتر كردووە، سێیەم خاڵ بریتییە لە بەرگری لەخۆكردنی نەرێنییانە بە تێگەیشتنە سەربازییەكەی، بە بانگهێشتكردنی باڵوێزی بەغدا و بێدەنگبوون لە وەڵامدانەوەی بۆردمانەكان، هەم گرژییەكان لەگەڵ واشنتن بەرەو فراوانبوون نابێت، هەم دەیەوێ بە حەشد و میلیشیاكانیش بڵێت، كە هەڵوێستی دژی ئەمەریكا هەیە و دووبارە دامەزراوەكانی تەناهی و سەربازی گرووپەكان ڕێكبخاتەوە.

لە بەشێكی تری قسەكانی ئیحسان شمەری نیگەرانیی خۆی دەربڕی و گوتی، ئەم جۆرە پەیامە جێگەی نیگەرانی زۆرە و ئەگەری خزاندنی عێراق بۆ ناو جەنگ لە ناوچەكە لە نێوان ئەمەریكا و ئیسرائیل لە دژی ئێران، بەڵام تا ئێستە حكوومەت وەڵامی دیپلۆماسی نەرمی هەڵبژاردووە و دەیەوێ وەك ئامرازێكی بوونی ئامادەیی خۆی لە ناوچەكە بەكاری بخات، بە هیچ شێوەیەكیش نایەوێ پێوەندییەكانی عێراق لەگەڵ ئەمەریكا بپچڕێنێت.

لەبارەی ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی ئەمەریكا شمەری ئەوە بە وەهمی میلیشیاكانی و عێراق ناو دەنێ و دووپات لەوە دەكاتەوە، بەرگریی ئاسمانی و ڕاداری پێشكەوتوو لە عێراق نییە، ڕێگەیەكی درێژ لە بەردەم عێراقە بۆ گەیشتن بەم ئاستە، بۆیە پێویستە لە ناوخۆ گفتوگۆ لەگەڵ گرووپە چەكدارەكانی سەر بە ئێران بكەن و ناچاریان بكەن كە جەنگ دژی ئەمەریكییەكان بوەستێنن، دوای ئەوەیش بە ڕێی دیپلۆماسی لە تاران و واشنتن بگەیەنێت، كە ئیتر عێراق سەرچاوەی هەڕەشە و كێشە بۆ هیچ یەكێك لەو دوو وڵاتە نییە.

هێرشەكەی ڕۆژانی ڕابردووی ئێران بۆ سەر هەرێمی كوردستان و شەهیدبوونی ژمارەیەك پێشمەرگە، دەتوانرێ لەلایەن بەغداوە وەك كارتێكی فشار بەكار بهێنرێت و بەغدا دووپات لەوە بكاتەوە، تەنیا ئەمەریكا نییە كە بۆردمانی عێراق دەكات، بگرە ئێرانیش هەمان هەنگاوی جێبەجێ كردووە، بۆیە پێویستە هۆشداری بە هەردوولا بدات و بۆ هەمووان ڕوونی بكاتەوە كە كێشەكان تەنیا بریتی نین لە بوونی ئەمەریكییكەكان لە عێراق، بگرە ئێرانییەكانیش پێشێلی سەروەری و سنووری عێراق دەكەن.

هاوكات داوا دەكات كە نابێ بەغدا پەنا بۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ببات، چونكە ئێران پابەندی بڕیارەكانی نابێ و ئەمەریكایش بە هەمانشێوە خۆی لە بڕیارەكانی ئەنجوومەنەكە دەدزێتەوە، جیا لەوەیش حكوومەتی بەغدا لەو پێگەیە نییە كە هەنگاوێكی لەمجۆرە بگرێتەبەر، چونكە لەلایەكەوە حكوومەتی كاربەڕێكەرە و لەلایەكی تریشەوە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی پێگەیەكی لاوازی هەیە.

شمەری لە كۆتاییدا دەڵێ، چارەنووسی دۆخی عێراق پێوەستە بە گفتوگۆ و دانوستاندنی ئەمەریكا لەگەڵ ئێران بە پێچەوانەوە چاوەڕوان ناكرێ دەنگی زۆر  بەرز و هەڵوێستی بەغدا شتێك لە دۆخەكە بگۆڕێت، چونكە هەم ئەمەریكا و هەم تاران حیساب بۆ بەغدا ناكەن.


وشە - باز ئه‌حمه‌د