هەولێر باوەشی بۆ بارانی بەڕەحمەت كردووەتەوە و 575 ملیم باریوە

:: PM:06:22:26/03/2026 ‌
بۆ ئەمساڵ و بەهۆی پڕۆژە و پلانەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە هەولێر لافاو دروست نەبوو، لە كاتێكدا رێژەی باران بەراورد بە ساڵانی تر زۆر زیاتر بوو. هەولێر "پێشی تا بەڕەی بەخۆی دادا" بەرگەی ئەو بارانە زۆری گرت.

"پێش تایێ بەڕەی بەخۆت دادە"
لە چەند ساڵی ڕابردوودا، بەهۆی زۆری سەرپێچی لە پڕۆژەكان و هەروەها رێك نەخستنەوەی شەقامەكان، هەولێر بە ڕێژە بارانێكی كەم رووبەڕووی لافاو دەبووەوە، بەڵام چەند ساڵێكە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە پلانی تۆكمەوە رووبەڕووی ئەو دۆخە دەبێتەوە و هەر لە هاوینەوە خەمخۆر دەبن بۆ كردنەوەی ڕێرەوەكان و هەروەها پاككردنەوەی ئەو شوێنانەی ئەگەری لافاوی هەیە.

ئەمڕۆ پەیامنێری "وشە" چووە ئەو شوێنانەی كە چەند ساڵی رابردوو لافاو لێ‌ هەڵدەستا، بەڵام بە بینینی دیمەنەكان كە جگە لە ڕێرەوێكی جوان و هاژەی ئاو، هیچ مەترسییەكی تری دروست نەكردووە، چونكە خەمخۆرانە لە سەرەتای وەرزی بارانەوە رێڕەوەكان پاك كرانەوە. 

پەندێكی پێشینان هەیە دەڵێ‌ "پێش تایێ بەڕەی خۆت دادە"، بەو واتایەی پێش ئەوەی تووشی كارەساتەكە بیت خەم لە خۆت بخۆ، ئەمساڵ ئەو پەندە پێشینانە لە سەر هەولێر جێبەجێ دەكرێت. 

چەند ملیم باریوە؟
ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر زانیاریی لەبارەی بڕی بارانی چەند سەعاتی ڕابردووی هەولێردا و گوتی، تەنیا لە سەنتەری هەولێر 575 ملیم باران باریوە كە بە تەواوی ساڵی ڕابردوو 107 ملیم بارى. 

خۆشناو سوپاسی خوای گەورەی كرد كە ئەو رەحمەتە بەردەوامە. هەروەها گوتی، هەولێر پێشتر لە سەعاتێكدا بەرگەی 15 ملیم بارانی دەگرت، بەڵام ئێستە 50 ملیم باران باریوە و كێشەی لافاویش لە هیچ كوێ نییە، جگە لە دروست بوونی هەندێك ئاستەنگی هاتوچۆ. 

پارێزگاری هەولێر داوای لە هاووڵاتییانی هەولێر كرد كە ئەمشەو هاتوچۆ سنووردار بكەن و رەچاوی دۆخی كەشوهەوا بكەن، كە پێشبینی دەكرێت تەنیا ئەمشەو 40 بۆ 45 ملیم باران ببارێت. 

پڕۆژەكانی حكوومەت
پارێزگاری هەولێر تیشكی خستەر ئەوەی پڕۆژەكانی حكوومەت كاریگەری گەورەی لەسەر ئەوە هەبووە كە هەولێر لە لافاو پارێزراو بێت بەتایبەت دروستكردنی پۆند و بەنداوەكان كە سەلامەتی بۆ هەولێر هێناوە و بووەتە هۆكارێكی گرنگیش بۆ پاراستنی ئاو. 

ئومێد خۆشناو لە لێدوانەكەی سوپاسی مەسروور بارزانی و نووسینگەكەی كرد كە بەردەوام هاوكارن بۆ ئەوەی هەر كاتێك پڕۆژە بۆ خزمەتی هەولێر هەبووبێت رەزامەندییان لەسەر داوە.

هەروەك دووپاتی كردەوە كە هەموو تیمەكانی حكوومەت و شارەوانی لە خزمەتی هاووڵاتییاندا دەبن و ئەوەیش بە راسپاردەی مەسروور بارزانییە كە دەبێت هەمووان لە خزمەتی خەڵكدا بین. 

سێ‌ خاڵی لاواز
هێشتا لە هەولێر سێ‌ شوێن ماوە كە بەردەوام ئاو لێی كۆ دەبێتەوە. ئومێد خۆشناو ئەوەی بە خاڵی لاواز دانا و گوتی، بەرزە پردی لای یاریگەی فرانسۆهەریری و گەڕەكی گڵكەند و شەقامی 60 مەتری لە سەیداوە ماون كە چارەسەر بكرێن، بەڵام ئێستە هیچ شوێنێكی تر مەترسیی لافاوی لەسەر نییە.


وشە - سه‌رخێڵ هاشم