دوای مانگێك له تێپه‌ڕینی جه‌نگی ئه‌مه‌ریكا و ئیسرائیل دژی ئێران، شه‌وی ڕابردوو حووسییه‌كان به فه‌رمی هاتنه نێو جه‌نگه‌كه‌وه و به مووشه‌ك بۆردمانی ئیسرائیلیان كرد و هه‌ڕه‌شه‌ی هێرشكردنه سه‌ر وڵاتانی تری هاوپه‌یمانی ئه‌مه‌ریكایشیان له ناوچه‌كه كرد، بۆچی حووسییه‌كانی یه‌مه‌ن دوای مانگێك هاتنه نێو جه‌نگ و ده‌توانن چی بكه‌ن تا یارمه‌تی ئێران بده‌ن.
هێرشه مووشه‌كییه‌كه‌ی
حووسییه‌كان چه‌ند سه‌عاتێك دوای ئه‌وه هات كه به فه‌رمی گوته‌بێژی حووسییه‌كان ئاماده‌یی بۆ هاتنه نێو جه‌نگ ڕاگه‌یاند و دووپاتی كرده‌وه كه په‌لاماردانی ئێران و به‌ره‌ی موقاوه‌مه ڕه‌ت ده‌كه‌نه‌وه و پێویسته كرده‌وه دوژمنكارییه‌كان بوه‌ستێنرێن.
حووسییه‌كان خاوه‌نی چه‌كی زۆرن و ده‌توانن جیا له گه‌رووی هورمز، له گه‌رووی بابولمه‌نده‌بیش كێشه بۆ كه‌شتیوانی له ده‌ریا دروست بكه‌ن، بۆیه هه‌ر ده‌ستوه‌ردانێك و هاتنیان بۆ نێو جه‌نگ ده‌بێته هۆی دروستبوونی كێشه‌یه‌كی گه‌وره له ده‌ریاوانی له نیمچه دوورگه‌ی عه‌ره‌بی، ئه‌مه‌یش ده‌بێته گرفتێكی گه‌وره‌تر كه بازرگانی جیهانی به‌هۆی نیوچه داخستنی گه‌رووی هورمزه‌وه تووشی بووه.
پێشتر له كاتی هێرشی فره‌وانی ئیسرائیل بۆ سه‌ر كه‌رتی غه‌زه، حووسییه‌كان به‌هه‌مانشێوه هاتنه ده‌نگ و له تشرینی یه‌كه‌م/ئۆكتۆبه‌ری 2023 ده‌ستیان به بۆردمانی كه‌شتییه‌كان له نێو ده‌ریای سوور كرد و دووپاتیان له‌وه كرده‌وه كه ئه‌و بۆردمانانه بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن تا پشتیوانی فه‌ڵه‌ستینییه‌كان بكه‌ن، هاوكات درۆن و مووشه‌كیان ئاراسته‌ی ئیسرائیلیان كرد و ئه‌مه‌یش وایكرد كه ئیسرائیل به توندی وه‌ڵامیان بداته‌وه و ئامانجه‌كانی حووسییه‌كان له یه‌مه‌ن بۆردمان بكات.
جیا له ئیسرائیل، ئه‌مه‌ریكایش هاته نێو ململانێكان و بۆردمانی حووسییه‌كانی كرد، له‌وكاته‌وه ئه‌وان بێده‌نگن و هێرش و جموجۆڵی سه‌ربازییان نه‌بووه، له سه‌ره‌تا هێرشی ئیسرائیل و ئه‌مه‌ریكایش بۆ سه‌ر ئێران به بێده‌نگی مانه‌وه و هێرش و كرده سه‌ربازییه‌كانیان وه‌ستاند. دوای ئه‌وه‌ی كه ئاگربه‌ست له نێوان ئیسرائیل و حه‌ماس له تشرینی یه‌كه‌م/ئۆكتۆبه‌ری 2025 به نێوه‌ندگیری ئه‌مه‌ریكا ڕاگه‌یه‌نرا.
له پێنجی ئادار/مارسی ئه‌مساڵ عه‌بدولمه‌لیك ئه‌لحووسی ڕێبه‌ری گرووپی حووسییه‌كان گوتی، گرووپه‌كه‌یان ئاماده‌یی ته‌واوی هێرشكردنه سه‌ر دوژمنی هه‌یه له هه‌ر كاتێكدا، له په‌یامێكی ته‌له‌ڤزیۆنی ڕایگه‌یاند، ده‌سته‌كان له‌سه‌ر پهلاپیتكهی تفهنگهكانمانه بۆ جموجۆڵی سه‌ربازی له هه‌ر كاتێكدا.
سه‌ره‌ڕای ڕاگه‌یاندنی ئاماده‌ییان بۆ هاتنه نێو جه‌نگ، حووسییه‌كان پێچه‌وانه‌ی حزبوڵای لبنان و گرووپه میلیشیاكانی ئێران له عێراق به فه‌رمی هاتنیان بۆ نێو جه‌نگ ڕانه‌گه‌یاند و ته‌نیا له ڕاگه‌یاندنه‌وه ئاماده‌ییان ده‌ربڕی، شه‌وی ڕابردوویش گرووپه‌كه هۆشدارییان دا كه دێنه نێو جه‌نگه‌وه.
حووسییه‌كان دووپات له‌وه ده‌كه‌نه‌وه، كه ئه‌وان پابه‌ندی بڕیاره‌كانی ڕێبه‌ری ئیسلامی ئێران نابن، هاوشێوه‌ی حزبوڵای لبنانی و گرووپه چه‌كداره‌كانی ئێران له عێراق، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ئێران پشتیوانی و كۆمه‌كی حووسییه‌كان ده‌كات و به به‌شێك له میحوه‌ری موقاوه‌مه له ناوچه‌كه ناویان ده‌بات.
پسپۆرانی كاروباری یه‌مه‌ن ده‌ڵێن، گرووپه‌كه به پله یه‌ك گرنگی به دۆخی ناوخۆی خۆیان ده‌ده‌ن، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له ڕووی سیاسی و ئاینییه‌وه نزیكن له ڕه‌وتی ئێران و حزبوڵای لبنانی، هاوكات ئێران چه‌ك و پاره و مه‌شقی پێداون هاوشێوه‌ی حزبوڵا، به‌ڵام ئه‌وان ڕه‌تی ده‌كه‌نه‌وه كه بریكاری ئێران بن و چه‌كیان له ئێران وه‌رگرتبێ و ده‌ڵێن خۆیان په‌ره‌یان به پیشه‌سازی دروستكردنی چه‌ك له ناوخۆی یه‌مه‌ن داوه، هه‌ر ئه‌مه‌یش وایكرد كه دوا بكه‌ون له هاتنه ناو جه‌نگ و خۆیان بڕیاری هاتنه ناو جه‌نگ بده‌ن، نه‌ك له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه ئاراسته بكرێن.
له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی كه هاتنی حووسییه‌كان بۆ نێو جه‌نگ چی له جه‌نگه‌كه ده‌گۆڕێت و چی بۆ ئێران ده‌كات، شاره‌زایان ده‌ڵێن، ئه‌و گرووپه ناسراون به خێرایی هه‌ڵوێست گۆڕین، دیپلۆماتكار و شرۆڤه‌كاران له‌و بڕوایه‌دان كه به كرده‌یی هێرشی پچڕ پچڕ بكه‌نه سه‌ر ئامانجه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و ئیسرائیل له وڵاتانی ناوچه‌كه، به‌ڵام ئه‌سته‌مه به فره‌وانی هاوشێوه‌ی حزبوڵای لبنانی دژی ئه‌مه‌ریكا و ئێران بچنه جه‌نگه‌وه.
به‌شێكی تر له شاره‌زایان له‌و بڕوایه‌دان كه حووسییه‌كان چاوه‌ڕیی ساتێكی گونجاو ده‌كه‌ن بۆ هاتنه نێو ململانێكان و به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ ئێرانیش ئه‌م كاره ده‌كه‌ن تا زۆرترین په‌ستان له‌سه‌ر ئه‌مه‌ریكا و ئیسرائیل دروست بكه‌ن و په‌شیمانیان بكه‌نه‌وه له‌وه‌ی هێرش بكه‌نه سه‌ر ئێران.
ئه‌گه‌رێكی تر ئه‌وه‌یه كه داخستنی گه‌رووی هورمز به‌رانبه‌ر هه‌نارده‌ی نه‌وتی وڵاتانی كه‌نداو، وڵاتانی كه‌نداو ناچار بكات بیر له هه‌نارده‌ی نه‌وت له ڕێی ده‌ریای سوور بكه‌نه‌وه و وه‌ك جێگره‌وه‌ی گه‌رووی هورمز به‌كاریبهێنن، بۆیه به جووڵاندنی حووسییه‌كان ئه‌و كارته‌ی ده‌ستی وڵاتانی كه‌نداویش ده‌سووتێت.
گرووپه‌كه شه‌وی ڕابردوو دووپاتیان كرده‌وه كه ئاماده‌ن بێنه ناو جه‌نگه‌وه، ئه‌گه‌ر وڵاتانی تر بچنه پاڵ ئه‌مه‌ریكا و ئیسرائیله‌وه له جه‌نگیان دژ به ئێران، یان ده‌ریای سوور به‌كاربهێنن بۆ هێرشكردنه سه‌ر كۆماری ئیسلامی ئێران.
ئه‌و هۆشدارییه‌ی حووسییه‌كان ئه‌گه‌ری ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌كان له ناوچه‌كه فره‌وان ده‌كات، به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه حووسییه‌كان توانایه‌كی باشیان له بۆردمانكردنی ئامانجی دوور هه‌یه و ده‌توانن جووڵه‌ی كه‌شتیوانی له ده‌ریای سوور و نیوچه دوورگه‌ی عه‌ره‌بی بوه‌ستێنن، كه ئه‌مه‌یش گورزێكی گه‌وره‌تر و كوشنده‌تر ده‌بێ بۆ بازرگانی جیهانی به گشتی و ته‌نگژه‌ی ئابووری جیهان و لێكه‌وته نه‌رێنییه‌كانی جه‌نگ له‌سه‌ر ئابووری جیهان قووڵتر و گه‌وره‌تر ده‌كاته‌وه.