له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامی هه‌واله‌كان له‌باره‌ی ڕه‌وانه‌كردنی هێزی زۆری ئه‌مه‌ریكا بۆ ناوچه‌كه و ده‌نگۆی هێرشكردنه سه‌ر دوورگه‌ی خاگی ئێرانی كه زیاتر له 90%ی نه‌وتی ئێرانی لێ ده‌ڕواته ده‌ره‌وه، شاره‌زایان و پسپۆران باس له حه‌وت دوورگه‌ی تری ئاوه‌كانی كه‌نداو ده‌كه‌ن، كه كلیلی كۆنتڕۆڵكردن و كردنه‌وه‌ی گه‌رووی هورمزن به ڕووی كه‌شتییه بازرگانی و نهوتههڵگرهكاندا.
ئێسته له زۆربه‌ی هه‌واڵ و گفتوگۆكاندا باس باسی دوورگه‌ی خارگه، به‌ڵام خارگ یه‌كێكه له‌و ده‌یان دوورگه‌یه‌ی ئێران له كه‌نداو و چه‌ندان دوورگه‌ی تر هه‌ن كه گرنگیان زۆر زیاتره له دوورگه‌ی خارگ بۆ سه‌لامه‌تی هاتوچۆی كه‌شتییه‌كان به گه‌رووی هورمزدا.
شاره‌زایانی ناوی ئه‌و دوورگانه ده‌به‌ن كه بریتین له
دوورگه‌كانی "ئه‌بو مو‌سا، تهنهبی گه‌وره، تهنهبی بچووك، هه‌نگام، قه‌شم، لارك، هورمز" ئه‌مه‌یش به بڕوای پسپۆران به‌رگرییه‌كی كه‌وانی بۆ پاراستن و كۆنتڕۆڵكردنی گه‌رووی هورمز دروست ده‌كه‌ن.
هه‌ریه‌ك له توێژه‌ری ئێرانی عینایه‌توڵا یه‌زدانی و توێژه‌ری چینی ما یانچی توێژینه‌وه‌یه‌كیان له 2022 ئاراسته‌ی ناوه‌ندی كه‌نه‌دی بۆ توێژینه‌وه و زانین كردووه و ده‌ڵێن، كه‌وانه‌یی هه‌ڵكه‌وتنی ئه‌و دوورگانه جۆرێك له به‌یه‌كه‌وه به‌ستنه‌وه‌ی دوورگه‌كانی لێ كه‌وتووه‌ته‌وه، كه ئه‌مه‌یش وا ده‌كات ئێران به‌شێوه‌یه‌كی زۆر باڵاتر به‌سه‌ر گه‌رووی هورمزدا زاڵ بێت.
دوورگه‌ی ئه‌بوموسا و تهنهبی گه‌وره و تهنهبی بچووك بریتین له بچووكترین دوورگه له ڕیزی ئه‌و حه‌وت دوورگه‌یه كه كه‌وتوونه‌ته به‌ری ڕۆژئاوای شێوه كهوانهیییهكه و كلیلی كۆنتڕۆڵكردن و زاڵبوونن به‌سه‌ر گه‌رووی هورمزدا.
به‌هۆی ئه‌و مه‌ودا كه‌مه‌ی نێوانیان و قووڵی ئاوی ئه‌و ناوچه‌یه‌ی كه‌نداو، كه‌شتییه جه‌نگییه گه‌وره‌كان و كه‌شتییه زه‌به‌لاحه‌كانی نه‌وتهه‌ڵگر ناچارن به نزیك ئه‌و سێ دوورگه‌یه تێپه‌ڕ ببن، ئه‌مه‌یش وایكردووه كه كه‌شتییه‌كان ببن به ئامانجی ئاسان بۆ به‌له‌مه تیژڕۆكانی ئێران، تا به په‌له هێرشیان بكه‌نه سه‌ر و بگه‌ڕێنه‌وه، یان مین بچێنن و فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان له‌و دوورگانهوه بنێرنه سه‌ر كه‌شتییه‌كان.
یه‌زدانی نووسیویه‌تی، به‌رپرسانی ئێرانی ئه‌و سێ دوورگه‌یه یان هه‌ر حه‌وت دوورگه‌كه‌یان به كه‌شتییه‌كی فڕۆكه‌هه‌ڵگری جێگیر ناوبردووه كه هه‌میشه له‌و شوێنه جێگیره و به هیچ شێوه‌یه‌كیش ناتوانرێ نقووم بكرێت و خاوهنداریشیان بۆ ئێران ده‌گه‌ڕێته‌وه.
ساڵی ڕابردوو به‌رپرسانی باڵای سوپای پاسداران دووپاتیان كرده‌وه، كه هێز و كه‌لوپه‌لی سه‌ربازی و بوونی هێزی ده‌ریایی ئێران له دوورگه‌كانی ئه‌بوموسا و تهنهبی گه‌وره و تهنهبی بچووك زیاتر و به‌هێزتر ده‌كه‌ن، فه‌رمانده‌ی هێزی ده‌ریایی پاسداران ئه‌دمیرال عه‌لیڕه‌زا ته‌نگسیری ئه‌وكات ڕاگه‌یاند، كه به‌شێوه‌یه‌كی تاكتیكی ئه‌و دوورگانه پڕچه‌ك ده‌كه‌ین و بۆ هه‌موو ئۆپراسیۆنێكی سه‌ربازی ئاماده‌یان ده‌كه‌ین، ده‌توانین له‌وێوه بنكه‌كانی دوژمن و كه‌شتییه جه‌نگییه‌كانیان به ئامانج بگرین، ته‌نگسیری ئه‌و قسانه‌ی ساڵی ڕابردوو كرد، به‌ڵام پێنجشه‌می ڕابردوو له ئه‌نجامی بۆردمانێكی ئه‌مه‌ریكی له به‌نده‌ر عه‌باس كوژرا.
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و دوورگانه ناتوانرێ نقوومی ئاو بكرێ و بنكه و باره‌گه‌ی سه‌ربازی ئێرانی له‌سه‌ر دوورگه‌كان بوونی هه‌یه، پێویسته سه‌رجه‌میان له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه بگیرێن، تا بتوانرێ ده‌سته‌به‌ری سه‌لامه‌تی كه‌شتییه جه‌نگییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و هێزی ده‌ریایی ئه‌مه‌ریكا بۆ چوونه نێو دڵی كه‌نداو و داگیركردنی دوورگه‌ی خارگ پێشڕه‌وی بكه‌ن.
كارل شوسته‌ر شرۆڤه‌كان و به‌ڕێوه‌به‌ری پێشووی ناوه‌ندی هه‌واڵگری هاوبه‌شی سه‌ر به فه‌رمانده‌یی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له زه‌ریای ئه‌تڵه‌سی گوتی، ئه‌و سێ دوورگه‌یه شوێنێكی ستراتیجی یه‌كجار گرنگیان هه‌یه بۆ كۆنتڕۆڵكردنی هه‌ر كه‌شتییه‌ك كه به ئاوه‌كانی كه‌نداو و گه‌رووی هورمز تێپه‌ڕ ده‌بن.
ئه‌مه‌ریكا پلان داده‌نێ و به‌رده‌وام باس له هێرشی وشكایی بۆ سه‌ر دوورگه‌ی خارگ و دوورگه‌كانی ئێران ده‌كه‌ن، به‌ڵام تا ئێسته واده‌یه‌كی دیاریكراو بۆ ئه‌و هێرشه زه‌مینییه ڕانه‌گه‌یه‌نراوه. ئه‌مه‌یش له كاتێكدایه پێنجشه‌می ڕابردوو دۆناڵد تره‌مپی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا 10 ڕۆژی تر مۆڵه‌تی دایه ئێران بۆ ئه‌وه‌ی گه‌رووی هورمز به ڕووی كه‌شتییه‌كان بكاته‌وه، به پێچه‌وانه‌وه ژێرخانی كاره‌با و وزه‌ی ئێران به ته‌واوی وێران ده‌كات. ئه‌مه‌یش وه‌ك ده‌رچه‌یه‌ك بۆ گفتوگۆكردن و گه‌یشتنه ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ ئێران له‌لایه‌ن شاره‌زایانه‌وه هه‌ژمار ده‌كرێت.
هاوكات ماركۆ ڕۆبیۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا گوتی، پێشكه‌وتنی خێرامان له دانوستاندن له‌گه‌ڵ ئێران ده‌وێت، به‌ڵام به هیچ شێوه‌یه‌ك باسی له وه‌ستاندنی هێرشه سه‌ربازییه‌كان بۆ سه‌ر ئێران نه‌كرد. له‌لایه‌كی تره‌وه پیت هیگسه‌س وه‌زیری به‌رگری ئه‌مه‌ریكا ئاشكرای كرد، كه وانشتن به بۆمب و مووشه‌ك دانوستاندن له‌گه‌ڵ ئێران ده‌كات.
بڕیاره دوو كه‌شتی جه‌نگی ئه‌مه‌ریكی به چوار هه‌زار سه‌ربازی فیرقه‌ی 82ی دابه‌زین له ئاسمانه‌وه بگه‌نه ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و سوپای ئه‌مه‌ریكا بانگهێشتی هه‌زار سه‌ربازی تری فیرقه‌كه‌ی بۆ ئاماده‌بوون بۆ ئه‌رك و بڵاوبوونه‌وه كردووه.
كارل شوستر بۆ چۆنیه‌تیی كۆنتڕۆڵكردنی ئه‌و دوورگانه گوتی، دوو یه‌كه‌ی هێزی دابه‌زینی ئاسمانی به‌سن بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئێران و كۆنتڕۆڵكردنی دوورگه‌كان، گه‌یشتنیشیان یان له ڕێی ئاسمانه‌وه یان ده‌ریاییه‌وه ده‌بێت.
هیزی ده‌ریایی ئه‌مه‌ریكا به‌له‌می دابه‌زینی له كه‌شتییه سه‌ربازییه زه‌به‌لاحه‌كان هه‌یه، به‌ڵام دابه‌زینیان و چوونیان بۆ نێو كه‌نداو به ئامانجی گه‌یشتن به دوورگه‌ی خارگ سه‌ركێشییه‌كی گه‌وره و مه‌ترسیداره، چونكه ئه‌و به‌له‌مانه ده‌بێ هێزی به‌رگری ئێران له‌و حه‌وت دوورگه‌یه‌یه تێپه‌ڕێنن و له سه‌ره‌تایش ڕووبه‌ڕووی هێزی به‌رگری ئێران له دوورگه‌كانی هورمز و لارك و قه‌شه‌م و هه‌نگام ده‌بنه‌وه.
سیدریك لایتن شرۆڤه‌كاری سه‌ربازی ده‌ڵێ، گه‌رووی لارك كه كه‌وتووه‌ته ده‌روازه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی گه‌رووی هورمز سه‌رچاوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی كێشه‌یه بۆ تێپه‌ڕبوونی كه‌شتییه جه‌نگییه‌كان بۆ نێو كه‌نداو و هه‌ڵدانی مووشه‌ك و به‌له‌می هێرشبردنی بچووك له دوورگه‌ی لاركهوه وا ده‌كات كه ئێران بتوانێ هه‌موو جموجۆڵێك له گه‌رووی هورمز بوه‌ستێنێت، بۆیه ئه‌مه ئامانجێكی زۆر گرنگی سه‌ربازییه بۆ چوونه ناوه‌وه‌ی كه‌نداو.
كه‌شتییه فڕۆكه‌هه‌ڵگره‌كانی ئه‌مه‌ریكا فڕۆكه‌ی سی ڤی 22 ئۆسپرێیان هه‌ڵگرتووه كه ده‌توانێ به‌شێوه‌یه‌كی سنووری بنیشێته‌وه، ئه‌مه جیا له‌وه‌ی هه‌لیكۆپته‌ری زۆریشیان پێیه، به‌ڵام ئه‌و فڕۆكه و هه‌لیكۆپته‌رانه جووڵه‌یان زۆر خێرا نییه و ده‌توانرێ به ئاسانی له‌لایه‌ن به‌رگری ئاسمانی ئێرانه‌وه بپێكرێن، ئه‌گه‌ر هه‌وڵ بدرێ له ڕێی ئاسمانییه‌وه ئه‌و دوورگانه كۆنتڕۆڵ بكرێن.
ده‌كرێ فیرقه‌ی 82 له ئاسمانه‌وه به په‌ڕه‌شووت داببه‌زنه سه‌ر دوورگه‌كان و فڕۆكه‌كانیش به به‌رزییه‌كی زۆرتره‌وه بفڕن بۆ ئاسمانی ئه‌و دوورگانه، به‌ڵام هێرشێكی له‌مجۆره پێویستی به كه‌لوپه‌لی زۆره و ناتوانرێ له ڕێی ده‌ریاییه‌وه ئه‌و هه‌موو كه‌لوپه‌له سه‌ربازییه ده‌سته‌به‌ر بكرێت.
كارل شوسته‌ر ده‌ڵێ، هێرشكردنه سه‌ر ئه‌و دوورگانه و كۆنتڕۆڵكردنیان ماوه‌ی دوو ڕۆژ تا دوو هه‌فته‌ی پێویسته تا به ته‌واوی كۆنتڕۆڵ بكرێن، ئه‌گه‌ر دوورگه‌ی ئه‌بوموسا كۆنتڕۆڵ بكرێ و ڕادار و هێزی لێ دابنرێت، ئه‌وا ده‌توانرێ چاودێری جموجۆڵی گه‌رووی هورمز بكرێ و ڕێ له ئێرانیش بگیرێت كه درۆن به ئاراسته‌ی كه‌شتییه‌كان بفڕێنێت.