دەیان ساڵ لە بەرتیلی ئابووری لە ڕێگەی میلیشیاكانیەوە و بەیەكەوە بەستنەوەی تۆڕێكی فراوانی پارەداركردن بە ئامانجی بەستنەوەی خەڵكی بە ڕژێم، وایكردووە كە پێوەستبوونی خەڵك بە ڕژێم تەنیا لە ڕێی ئایدلۆجیای ئاینییەوە نەبێت، بەڵكو بە وردی كار لەسەر پاداشتی ئابووری و بەستنەوەی تاك بە دەرفەتە ئابوورییەكان دەكات، ئەمەیش وا دەكات هەوڵدان بۆ ڕژێمی ئێران واتە دەستبردن بێ بۆ سەرچاوەی داهات و ژیانی ملیۆنان كەس، ئەو ملیۆنان كەسەیش ئامادە نین دەسبەرداری بژێوییان بن و بەرگری لە ڕژێم دەكەن.
لە سەرەتای دامەزراندنیەوە ڕژێمی ئیسلامیی ئێران، سیستمێكی داڕاشت كە نیوەی ئابووری وڵاتی كۆنترۆڵ كرد، ئەمەیش بووەتە سیاسەتێكی ورد و بەهێز بۆ مانەوەی ڕژێم لە دەسەڵات، ڕژێم شوێنكەوتووانی بە پارە و پۆست و دەرفەتی تر بەرانبەر ڕیشەكێشكردنی بەرهەڵستكار و كڕینەوەی وەلائـی خەڵك دەست پێ كرد كە تا ئێستەیش بەردەوامیی هەیە.
قووڵایی ئەو گرێبەستە كۆمەڵایەتی و ئابوورییە یارمەتیی
ڕژێم دەدات كە بە بەهێزی بمێنێتەوە، چونكە ئێستە هەڵمەتە ئاسمانییەكانی ئەمەریكا و ئیسرائیل چەند هەفتەیە ئاسمان و دەریایان لە ئێران كۆنترۆڵ كردووە و ژمارەیەكی زۆری سەركردەكانیشیان كوشتوون، بەڵام ئەو ڕێژە كەمەی خەڵك كە بە پارە و دەرفەتی ئابووری بە ڕژێم پێوەست كراون كە ژمارەیان دەگاتە 20% دانیشتووانی ئێران، توانیویانە ڕژیم لەسەر پێ بهێڵنەوە و بەردەوام بن لە پشتیوانیكردنی.
ئەو ژمارە كەمەی خەڵك زۆر پێوەستن بەیەكەوە و بەتەواوی یەكگرتوون، لە بەرانبەردا ئۆپۆزسیۆن فشەڵ و پەرت بووە، بەڵام پیاوانی ئاینی شیعەی دەسەڵات و هێزی نیمچە سەربازی و مەدەنییەكانی پشتیوانی ڕژێم یەك شت كۆی كردوونەتەوە كە ئەویش ئابووری و داهاتە.
عەلی واعیز سەرۆكی پڕۆژەی ئێران لە گرووپی تەنگژەكانی نێودەوڵەتی گوتی، ئەو ڕژێمە دەیان ساڵە كاری كردووە و زۆر قورسە شوێنكەوتووان و سوودمەندان لەو ڕژێمە بهێنیتە سەر ئەو باوەڕەی كە كۆتایی بە ڕژێم بهێنن، ملیۆنان كەس سوودی ئابووری و پارە لەو ڕژیمە دەبینن و لە بەرانبەردا تەنیا وەلائیان بۆی هەیە، بۆیە ئەوانە نایانەوێ ئێستە ڕژێمەكە لە دەست بدەن، نەك بەهۆی باشبوونی لە دەسەڵات، بەڵكوو بەهۆی لەدەستچوونی ئەو داهات و بەرژەوەندییە ئابوورییەی لەگەڵ ڕژێم هەیانە.
تایبەتمەندییەكانی ئەو سوودە ئابوورییانە، خۆی لە بە قیستپێدانی پارە و پیشینەی چوونی منداڵانی شوێنكەوتووانی ڕژێم بۆ زانكۆكان، دەستگەیشتن بە دراوی بیانی بە نرخی تایبەت و قەرزی ماوە درێژ دەبینێتەوە.
هاوكات سوپای پاسدارانی ئێران كە هێزێكی سەربازی بژاردەن و بە پارێزەری ڕژێم دادەنرێن و لە 125 هەزار كەس پێكهاتوون، مانگانە پارە و مووچەیان پێ دەدرێ و ڕۆڵی سەرەكی لەو بەیەكەوەبەستنەوەی ئابووری و خەڵك دەگێڕن، ئەوان وەك دەستەیەكی نیمچە حكوومی كار دەكەن و دەستیان بەسەر كەرتی ژێرخانی سەرەكی وەك نەوت و غاز و بنیاتنان و پێوەندییەكان لە تەواوی ئێران گرتووە و بە كرێ كار بە حكوومەت دەدەن.
لەلایەكی ترەوە هێزەكانی بەسیج كە ژمارەیان 700 هەزار كەسە، شەقامی شارەكانی ئێرانیان كۆنترۆڵ كردووە، بەسیج هێزێكی خۆبەخشە و بە توندڕۆترین بەرگریكارانی ڕژێم دادەنرێن و لە زانكۆكانی ئێران دەخوێنن و پۆستی باڵای زۆربەی كۆمپانیاكانی حكوومەت و سەربە ڕژێمیان پێ دەدرێت. ئەوان خەریكی كاری خۆیانن، بەڵام لە حاڵەتی پێویست وەك هێزی خۆبەخش دێنە مەیدانەوە و مانگی چەند ڕۆژێك مەشق و ڕاهێنانیان پێ دەكرێ. سەعید گولكار ئەكادیمستی نیشتەجێ لە ویلایەتی تێنیسی و پسپۆر و شارەزا لە كاروباری دەزگەكانی تەناهی ئێران وای گوت.
پێچەوانەی سوپا، بەسیج بەشێكن لە كۆمەڵگە و خەڵك وەك عەزام جانگرافی چالاكی ئێرانی دژ بە لەچككردنی زۆرەملێ دووپاتی دەكاتەوە و دەڵێ، یەكێك لە ناسراوەكانمان تووشی شۆك بووبوو، كاتێك لە خۆپێشاندانەكانی مانگی كانوونی دووەم/یەنایەری ڕابردوو، دراوسێ گەنجەكانی خۆیانی لە ڕیزی هێزەكانی بەسیج بینیبوو.
گوڵكار دەڵێ، ژمارەیەكی زۆر لە ناسراو و كەسەكانی لە ڕیزی پاسداران و هێزەكانی بەسیجی نیمچە سەربازی هەیە، ئەوان لە ڕووی داراییەوە سوودی گەورەیان لە ڕژێم بینیوە و یەكێك لە ناسراوەكانمان كە لە پاسدارانە، قەرزێكی زۆری بۆ كڕینی دوو شوقە لە باكوری تاران پێدراوە و دەتوانێ ئێستە لەسەر داهاتی كرێی دوو شوقەكەی بژێت، ئەم قەرزەیشی دوای ئەوە پێدرا كە ڕەوانەی یەمەن و سووریا كرا تا ئەركی چۆنیەتیی بەستنی مووشەك فێری چەكدارانی حووسی و چەكدارانی شوێنكەوتەی ئێران لە سووریا بكات.
زیاتر گوتی، كاتێك لە كانوونی دووەم/یەنایەر خۆپێشاندان لە تاران بوونی هەبوو، ئەو ناسراوە چووە ڕیزی هێزەكانی بەسیجەوە و بە زەبری هێز و فیشەكیان بە شێوەی ڕاستەوخۆ ئاراستەی خۆپێشاندەران دەكرد.
سوپای پاسداران ئیمپراتۆریەتێكی ئابووری دامەزراندووە و كۆمپانیا زەبەلاحەكانی وڵات سەربە پاسدارانن و بێ هیچ خستنە مەزادێكەوە و گرێبەستە حكوومییەكانی بنیاتنانی بەنداو و ڕێگەی خێرا و شەمەندەفەر و میترۆ و نەخۆشخانە و هۆتێل و ڕێستۆرانتەكانیان پێ دەدرێت. دوای كشانەوەی كۆمپانیا بیانییەكانیش لە كەرتی نەوتی ئێران، پاسداران و بە دیاریكراویش گرووپی خاتەمولئەنبیا چوونە ناو كەرتی وزەوە و ئێستە كێڵگەی غازی پارسی باشوور ئەوان بەڕێوەی دەبەن، كە گەورەترین كێڵگەی غازی سروشتییە لە دنیا و بە هاوبەشی لەگەڵ قەتەر كاری تێدا دەكەن. بەمشێوەیەیش سامانی گرووپی خاتەمولئەنبیا بە تەنیا لە ناو پاسداران بە 50 ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت كە دەكاتە 14%ی داهاتی گشتی هەموو ئێران.
جیا لەوە پیاوانی ئاینی هاوپەیمان لەگەڵ سوپای پاسداران، دامەزراوە ئاینییە گەورەكانی وڵاتیان كۆنترۆڵ كردووە بە ناوی پڕۆژەی "بنیات" ئەو گرووپە لە تەك كۆمپانیاكانی سوپای پاسداران كۆنترۆڵی 50%ی ئابووری ئێرانیان كردووە.
ئەو گرووپە سەربازی و بنیاتییە بەشێوەیەكی سەرەكی كار لەسەر ئابووری سیاسی لە ئێران دەكەن، گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی كە هێزی ئابووری دەوڵەت دەبێتە هۆی یەكگرتووی كۆمەڵگە و ڕێ بە گۆڕانكاری لە ناوخۆی ئێران نادات.
كۆمپانیاكانی پاسداران و دامەزراوەكانی ئاینی و كۆمپانیاكانی كەسانی سەربە بەسیج، لە باجدان بە حكوومەت بەخشراون و دەتوانن پارەی بیانییان بە نرخێكی كەم و تایبەت بۆ هاوردەكردنی كاڵا لە دەرەوە پێ دەدرێت.
موستەفا بەگزاد ڕاوێژكاری پێشووی دارایی لە تاران دەڵێ، چەندان دەیەیە حكوومەت پارە دەبەخشێتە شوێنكەوتووانی ڕژێم، ئەو خەڵكە خوێندوویانە و لە گەنجییەوە ڕاهێنراون كە وەلائی تەواویان بۆ ڕژێم بێت، لە زووەوە دەنێردرێنە باشترین زانكۆكان و پۆستی باڵای حكوومەتیان بۆ ئامادە دەكرێ و مووچەی زۆریان لەلایەن كۆمپانیاكانەوە پێ دەبەخشرێت، كە پاسداران و بەسیج و پیاوانی ئاینی خاوەنداری دەكەن.
ئەندازیارێكی نەوت كە پێشتر لە كۆمپانیایەكی سەربە گرووپی خاتەمولئەنبیای سەربە سوپای پاسداران كاری كردووە دەڵێ، پاسداران باشترین دەرچووانی زانكۆكان دەهێنن و مووچەی پێنج هەندە كاركردنیان لە كۆمپانیایەكی ئاسایی پێ دەدەن، ئەوانەی كە پێوەندی بە پاسدار و بەسیجەوە دەكەن، دەرفەتی گەورەتریان بۆ دەڕەخسێنرێت، جیا لە مووچەی بەرز، ئۆتۆمبێل و خانوویان بە قیستی كەم پێ دەدرێت.
ژمارەی كارمەندانی كەرتی گشتی لە ئێران دەگاتە 30 ملیۆن كەس، ئەوان وەلائی تەواویان بۆ ڕژێم هەیە و زۆرجار بە پاس هاتوچۆ دەكەن و دەیانەوێ لە ناو خەڵك بن و زانیاری كۆ بكەنەوە.