ئەمڕۆ هەڵمەتە سەربازییەكەی ئەمەریكا و ئیسرائیل لە 33مین رۆژیەتی و تا ئێستەش بەردەوامە، وەك شەڕی مەیدانی بۆردمانی چڕی تاران و تەلئەبیب هەیە و میلیشیاكانی ئێرانیش خۆیان خزاندووەتە ناو شەڕەكەوە، لەو ناوەدا چاوەكان هەر هەمووی لەسەر دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكان بەوەی ئاخۆ چ بڕیارێك دەدات و ئەو شەڕە چۆن كۆتایی پێ دێنێت، راپۆرتەكان هێشتا دووپات لەوە دەكەنەوە كە هەلی ئاشتی و رێككەوتن و توندتربوونی شەڕەكە وەك یەكە و نازانرێت دوایین بڕیاری ترەمپ چییە.
رۆژنامەی
"زە ئەتلانتیك"ی ئەمەریكی دووپاتی كردەوە كە تا ئێستەش سەرۆكی ئەمەریكا بژارەكانی هێرشی زەوینی بۆ سەر ئێرانی یەكلا نەكردووەتەوە، بەڵام بەرپرسانی ئەمەریكا پێیان وایە پلان بۆ دوو هێرشی زەوینی هەیە، بەپێی چەند سەرچاوەیەك تا ئێستە ترەمپ خۆی لەبارەی رازیبوون بە ئەنجامدانی هێرشی زەوینی بۆ سەر ئێران یەكلا نەكردووەتەوە، لەوكاتەی بەرپرسانی سەربازیی ئەمەریكی پلانیان بۆ دوو هێرشی گریمانكراوی زەوینی بۆ سەر ئێران بەدەستەوەیە.
بەپێی سەرچاوەكان یەكەم هێرشی گریمانكراوی زەوینی بۆ سەر دوورگەی خاركە و دووەم هێرشیش بۆ دەستبەسەرداگرتنی یۆرانیۆمی زۆر پیتێنراوی ئێران، بەڵام هیچ لەو دوو هێرشە گەرەنتی كۆتاهاتنی شەڕەكە لە چەند هەفتەی داهاتوو یان رووخانی رژێمی ئێران یان كردنەوەی گەرووی هورمز ناكەن، ئەمە و سەرۆكی ئەمەریكا لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەم رای گەیاند كە ئێران هەموو شتێكی دۆڕاندووە و دەیەوێ رێككەوتن بكەین، بەڵام میدیاكان تیشك ناخەنە سەر ئەوە.
لای خۆیەوە رۆژنامەی "مەعاریف"ی ئیسرائیلی ئاشكرای كرد كە ئیسرائیل گوشار لە ترەمپ دەكات بۆ ئەنجامدانی هێرشێكی كورت و بەهێزی زەوینی لە دژی ئێران، بەر لەوەی بچنە ناو دانوستان، لەوكاتەی تەلئەبیب ترسی هەیە بەر لە لێكهەڵوەشانەوەی تەواوەتیی توانا سەربازییەكانی ئێران، واشنتن دەست بە دانوستان بكات، بۆیە گوشار بۆ هێرشێكی كورتی زەوینی دەكات كە لە رووەكانی لۆجیستی و هەواڵگرییەوە بەشداریی تیادا دەكات.
رۆژنامەی "دەیلی میل"ی بەریتانی دەڵێت، لەگەڵ زیادبوونی هیوای گەیشتن بە رێككەوتن و ئاگربەست، كە ئەگەری هەیە ترەمپ لە وتارەكەی لە بەرەبەیانی سبەی كۆتاهاتنی شەڕ رابگەیەنێت، ئەگەرێكی تر هەیە، لە بەكارهێنانی قسەكردن لەبارەی ئاشتی بۆ شاردنەوەی ئۆپراسیۆنێكی گەورەی زەوینی لە چەند رۆژی داهاتوودا، كە ئێستە كاتێكی زۆر گونجاوە، كە وۆڵ ستریت و بازاڕەكانی ئەوروپا بەهۆی پشووی كۆتای هەفتە، كە سێ رۆژە، داخراون و ئەوەش هەلی جێبەجێكردنی ئۆپراسیۆنێكی كورتی زەوینی لە ئێران بەر لە كرانەوەی ئەو بازاڕانەی رەخساندووە.
چەند بەرپرسێكی ئەمەریكی دەڵێن، ئەگەر تا شەشی ئەم مانگە رێككەوتن نەكرێت، ئەو وادەی ترەمپ بۆ ئێرانی دیاری كردووە، ئەوە دوایین و بەهێزترین گورزی سەربازی لە ژێرخانی ئێران و دامەزراوە ئەتۆمییەكانی دەوەشێنێت، ئینجا دەكشێتەوە و سەركەوتن رادەگەیەنێت، بە گشتی لە لێدوانەكەی بەرەبەیانی سبەی زۆر شت روون دەكاتەوە.
ماڵپەڕی "ئاكسیۆس" لە بەرپرسێكی ئەمەریكی گواستەوە، ترەمپ چوار ئامانجی بۆ هەڵمەتە سەربازییەكە راگەیاندبوو، لەناوبردنی توانای مووشەكیی ئێران، لەناوبردنی هێزی دەریاوانیی ئەو وڵاتە، لەناوبردنی میلیشیاكانی لە ناوچەكە، مسۆگەریی نەهێشتنی بوونی ئێران بە خاوەن چەكی ئەتۆمی، ئێستەش زۆرێك لەو ئامانجانەی پێكاوە و هەندێكیشیان، بەتایبەتی میلیشیاكان دوای شەڕی ئێران دەیپێكێت.
ئێستە هێزێكی گەورەی ئەمەریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە، جیا لەو هێزە جێگیرانەی لە بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكا لە وڵاتانی دەوروبەری ئێران و كەنداو و ئوردن و توركیا و قوبرس هەن، چەند فڕۆكەڵگرێك، لەوانە "یو ئێس ئێس تریبۆلی"، كە پێنج هەزار سەرباز و چەند كەشتییەكی لەگەڵدایە، گەیشتوون و بڕیارە كەشتی "یو ئێس ئێس بۆكسەر" و دوو كەشتی تری هەڵگری یەكەی 11ی مارینز بگەن، جیا لە هاتنی هەزاران پەڕەشووتوانی فرقەی 82 و هێزە تایبەتەكان بۆ ناوچەكە، ئەوانەش وەك شارەزایان پێشبینی دەكەن، كەرەستە و ئامرازی گورزێكی زەوینی كورت و بەهێزن.