وەزیری بەرگریی بەریتانیا جۆن هێلی ئاشكرای كرد، فڕۆكەوانانی بەریتانیا هەزار و 200 سەعات بە ئاسمانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست فڕیون لە سەرەتای ململانێكان لەگەڵ ئێران، زیاتر لە 80 ئۆپراسیۆنی بەرپەرچدانەوەی هێرشەكانی ئێرانیان ئەنجام داوە.
ئەو قسانەی هێلی لە میانەی گفتوگۆیەكی بوو لەگەڵ ڕۆژنامەی "
شەرق ئەوسەت" لە پەراوێزی سەردانی بۆ سعوودیە، دەڵێ: لەندەن هەزار سەربازی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵاو كردووەتەوە، جیا لەوەی 500 سەربازی تریش لە قوبرس بوونیان هەیە، وڵاتەكەمان بەشێوەیەكی ورد و پڕ لە متمانە لەگەڵ هاوبەشەكانمان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە گفتوگۆ و پێوەندیداین تا پشتیوانی زیاتریان بكەین، وەك هاوبەشایەتی بەرگریی بەریتانی-سعوودی كە لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی تەناهیی هاوبەش و هاریكاری پیشەسازی دروست بووە، پێشڤەچوونی ئەو هاوبەشییە نوێیە وەڵامی ئاڵنگارییە سەردەمییەكان دەداتەوە.
لەگەڵ ئەوەیشدا جۆن هێلی، دەستی شاراوەی ڕووسیای لە پشت بەشێك لە تاكتیكەكانی ئێران لە ئەنجامی هێرشەكانی بۆ سەر ناوچەكە دووپات كردەوە و گوتی، لەندەن ئاگاداری هاریكاری نێوان مۆسكۆ و تارانە لە ڕووی هەواڵگری و مەشق لە بواری تەكنەلۆجیای درۆن و جەنگی ئەلیكترۆنی، ئەمەیش تا ئێستەیش بەردەوامی هەیە.
لە سەرەتای دەستپێكی جەنگەوە بەریتانیا بوونی سەربازی خۆی لە ناوچەكە فرەوان كرد، بەشداریی لە ئۆپراسیۆنەكانی بەرپەرچدانەوەی درۆنی ئێرانی لە ئاسمانی عێراق و قەتەر و بەحرێن كردووە، فڕۆكەوانەكانمان هەزار 200 سەعات لە ئاسمانی ناوچەكە لە ئەركی بەرگریكردنی تەواوی ناوچەكە فڕیون و 80 هێرشی بەرپەرچدانەوەیشیان ئەنجام داوە.
وەزیری بەرگریی بەریتانیا، بە شانازییەوە باس لە كاری هاوبەشی هێزە چەكدارەكانی بەریتانیا لەگەڵ وڵاتانی هاوبەشی لەندەن لە كەنداو و یارمەتیدانیان بۆ پاراستنی سەلامەتیی خەڵك و ناوچەكە دەكات و دەڵێ، هاوكارییەكانمان رۆحی خەڵك لە مەرگ ڕزگار دەكات، لە كاتێكدا ئێران بەشێوەی هەڕەمەكی وڵاتانی كەنداو دەكاتە ئامانج.
لەبارەی ئەو هێزانەی بەریتانیا كە لە ناوچەكە بڵاو بوونەتەوە هێلی دەڵێ، هەزار سەربازمان لە ناوچەكەدا بڵاو كردووەتەوە بێ ئەوەی ئەو 500 سەربازەی قوبرس هەژمار بكەین، ڕێوشوێنی پاراستنی هێزەكانمان لە بەرزترین ئاستدایە لە بنكەكانی سەربازی بەریتانیا لە ناوچەكە.
زیاتر گوتی، ژمارەی فڕۆكە جەنگییەكانمان لە ئاسمانی ناوچەكە گەورەترینە و ماوەی 15 ساڵە بەمجۆرە فڕۆكەی جەنگی بەریتانیا لە ناوچەكەدا نەبوون، ئەمەیش بۆ ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی بەرگریی ئاسمانی دژە هێرشی ئێرانی لە بەحرێن و ئوردن و قەتەر و ئیمارات و قوبرس بووە. بەوهۆیەوە فڕۆكەی جەنگی جۆری تایفۆن و ئێف 35 و هەلیكۆپتەری جۆری وایلدكات كە هەڵگری مووشەكی دژە درۆنی جۆری مارتلتە، هەلیكۆپتەری میرلین كرۆزنست لە چاودێری وردی ئاسمانی و كۆنترۆڵی دەكات، لە تەك ئەوەیشدا سیستمی ڕادار و بەرگریی ئاسمانی و یەكەی دژە درۆنمان ڕەوانەی ناوچەكە كردووە.
ڕوونی كردەوە، سەرەڕای ئەوانە 500 سەربازی تر گەیەنراونەتە بنكەی سەربازی بەریتانیا لە قوبرس، هەروەها كەشتی وێرانكەری ئێچ ئێم ئێس دراگۆن لە ئاوەكانی دەریای ناوەڕاستە، ئەو كەشتییە بە تەواوی وەك یەكەیەكی یەكگرتووی دژە هێرشی ئاسمانی بە بژارەی جۆراوجۆرەوە بۆ پاراستنی ئاسمانی هاوپەیمان و هاوبەشانمان كار دەكات.
هێلی دووپاتی كردەوە، بەردەوام دەبن لە كاركردن لەگەڵ هاوبەشەكانمان لە ناوچەكە و ئەمەیش ئامانجی سەردانەكەمە بۆ ڕیاز، لە میانەی دیدارم لەگەڵ وەزیری بەرگریی سعوودیە شازادە خالید بن سەلمان، دووپاتمان لەوە كردەوە، ئێمە سیستمی سكای سابر لە سعوودیە جێگیر دەكەین كە سیستمی بەرگریی ئاسمانی بەهێزە، دەتوانرێ لەگەڵ سیستمی بەرگریی ئاسمانیی سعوودیە پێوەست بكرێ و تواناكانی ئەو سیستمە بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشەكانی ئێران بخرێنەگەڕ.
جیا لەوە سیستمی رابید سەنتری لە كوێت دانراوە كە سیستەمێكە بە ڕادار و مووشەك و سەكۆی هەڵدانی مووشەكی بەرپەرچدانەوە لە بەحرێن، هەروەها فڕۆكە جەنگییەكانی بەریتانیا هەموو شەوێك لە ئاسمانی قەتەر ئۆپراسیۆنی بەرپەرچدانەوە ئەنجام دەدەن.
هاوكات تیمی كاری سكای سابر لێرەن و بەشداریی كەرتی پیشەسازی بەریتانیا لە كۆكردنەوەی كۆمپانیاكان و بەهێزكردنی تواناكی بەرگریی ئاسمانی و لەناوبردنی درۆن، لەگەڵ حكوومەتەكانی ناوچەكە باس بكەن، لەوانەیش هاوبەشەكانمان لە كەنداو، بۆ ئەوەی بە خێراییەكی زۆر كەلوپەلی پێویستی وەڵامدانەوەی درۆن ببەخشنە سعوودیە.
لەبارەی ڕۆڵی ڕووسیا لە جەنگی ئێران، جۆن هێلی گوتی، بەگوێرەی هەڵسەنگاندنەكانی بەریتانیا بە پلەیەكی بەرز ڕووسیا ڕۆڵی لە ئێران هەیە، بەر لەوەی ئەمەریكا و ئیسرائیلیش هێرش بكەنە سەر تاران، مۆسكۆ زانیاری هەواڵگری و مەشقی پێشكەشی ئێران كردووە، لە بواری تەكنەلۆجیای درۆن و جەنگی ئەلیكترۆنی، ئەو هاریكارییەی نێوان هەردوولا تا ئێستەیش بەردەوامی هەیە.
بۆیە بە دووری نازانم كە دەستی شاراوەی ڤلادیمێر پوتین لە پشت هەندێ تاكتیكی ئێرانی بێت، یان بەشێك لە تواناكانی ئێران، ئێمە بەهەمانشێوە میحوەری دوژمن دەبینین كە بریتین لە ئێران و ڕووسیا، ئەوان دوو وڵاتن كە هەڕەشە لە دراوسێكانیان دەكەن و هەڕەشەی فراوانتریشیان لەسەر هەموومانە.