دیمهنی وێستگهی بوشههری ئێرانی كه پێشبینی دهكرێ یۆرانیۆمی پیتێنراوی تێدا ههڵگیرا بێت
گواستنەوەی هەزار رەتل یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران لەلایەن سوپای ئەمەریكاوە، لە هەڵمەتێكی دابەزینی ئاسمانی كارێكی قورس و پڕ مەترسییە، بۆیە لەبری ئەوەی یۆرانیۆم لە ئێران ببرێتە دەرەوە، پنتاگۆن سێ بژارەی تر تاوتوێ دەكات، تا ئەو هێزانەی دادەبەزنە ناو ئێران، جێبەجێی بكەن و كۆتایی بە یۆرانیۆمی ئێران بهێنن.
زانیارییە
دزەپێكراوەكان لە وەزارەتی جەنگی ئەمەریكا "پنتاگۆن" دووپات لەوە دەكەنەوە، ئەو هێزەی واشنتن كە دادەبەزێتە ناو ئێران، زۆر ئەستەمە بتوانێ یۆرانیۆم لەگەڵ خۆی بهێنێتە دەرەوە، ئەمە پرۆسەیەكی پڕ مەترسی و ریسكە، لەبەرئەوە وەزارەتی بەرگری بیری لە بژارەی تر كردووەتەوە و ئێستەیش تاوتوێی سێ بژارە دەكات.
یەكەم: حەشاردانی تەكنیكی، یەكێك لە بژارەكان بریتییە لە بۆردمانكردنی ئەو شوێنانەی یۆرانیۆمی تێدایە بە بۆمبی بەهێزی دروستكەری خەندەقی قووڵ، بۆ ئەوەی دەروازەكان و تونێلەكانی چوونە ناو وێستگەكان و بەرزكەرەوەكان و سیستمی هەوایی وێستگەكان بە تەواوی خاپوور بكرێن و ببرێنە قووڵایی زەوییەوە، ئەمە وا دەكات ئێران دەیان ساڵ خەریكی كاركردن بێت، تا دووبارە دەستی بەو یۆرانیۆمە بگاتەوە كە ئێستە هەیەتی، ئەمەیش دووبارەكردنەوەی سیناریۆی بۆردمانكردنی وێستگەی ئەسفەهانە كە تا ئێستەیش ئێرانییەكان ناتوانن بچنە ناوییەوە و بە تەواوی بەسەریەكدا خاپوور كراوە و خراوەتە ژێر خاكەوە.
دووەم: پەكخستنی كیمیایی، بژارە یان ستراتیجی دووەمی واشنتن بریتییە لە ڕووی تەكنیكی و كیمیاییەوە، دەستگەیشتنی ئێران بە یۆرانیۆم قەدەغە بكات، ئەمەیش لە ڕێگەی تێكردنی گاز و مادەی كیمیایی خنكێنەر و بكوژ لە ڕێگەی دەرچە هەواییەكانەوە و ژەهراویكردنی ژینگەی ناوەوەی وێستگە ئەتۆمییەكان، ئەمەیش وا دەكات كە هیچ ئەندازیارێكی ناوكی و تیمێكی ئێران بوێریی ئەوەیان نەبێت، بچنە ناو وێستگەكە و دەست بە پیتاندنی زیاتری یۆرانیۆم بكەن، چونكە ناوەوەی وێستگەكە بە تەواوی ژەهراوی و خنكێنەر و بكوژ دەبێت، چوونی هەر كەسێك بۆ ناوەوەی، واتە خۆكوشتنێكی یەكجارەكی، بەمشێوەیەیش ڕێگە لە ئێران دەگرن و تاران چیتر ناتوانێ پەرە بە بەرنامە ناوكییەكەی بدات.
سێیەم: ئاڵوگۆڕكردن بە دوورگەی خارگ بریتییە لە بژارەی سێیەم، دوورگەی خارگ بە هەناسەی ئابووری ئێران دادەنرێ، دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمەریكا دوو بژارە دەخاتە بەردەم ئێرانەوە، ڕادەستكردنی یۆرانیۆم و مادە ئەتۆمییەكان یان وێرانكردنی تەواوەتی هەناسەی ئابووری ئێران. بە دڵنیاییەوە ئەگەر دوورگەی خارگ وێران بكرێ، ئێران بێ داهات دەمێنێتەوە و برسیەتی و گرفتی گەورە بەرۆكی دەگرێت، بۆیە لە بەرانبەر بۆردمان نەكردن و وێران نەكردنی خارگ، دەبێ ئێران ڕێگە بە تیمی نێودەوڵەتی بدات كە یۆرانیۆم و مادە ئەتۆمییەكان لە ئێران بهێننە دەرەوە.
بەهۆی ئەوەی مەحاڵە هێزی ئەمەریكی لە ئەگەری دابەزینیشیان بتوانن یۆرانیۆمی پیتێنراو بهێننە دەرەوەی ئێران، بۆیە ئەمەریكا بەرەو بژارەی داخستنی یەكجارەكی و وێرانكردنی وێستگەكانی ناوكی كە یۆرانیۆمیان تێدایە هەنگاو دەنێت، لەگەڵ ئەگەری دابەزینی هێزێكی ئەمەریكا لە ئاسمانەوە بۆ ئەو كۆگە و شوێنانەی كە لەسەر زەوین و یۆرانیۆمیان تێدا هەڵگیراوە، تا بە خێرایی دەست بەسەر ئەو بڕە كەمەی یۆرانیۆم كە لەسەر زەوی بوونی هەیە، بگرن و بیهێننە دەرەوەی ئێرانەوە.
میدیاكان پێشتر دووپاتیان لەوە دەكردەوە، حكوومەتی ئەمەریكا تاوتوێی ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنێكی سەربازیی تایبەتی دەكات، بۆ كۆنترۆڵكردنی كۆگەكانی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران، ئەم هەنگاوەیش گرژی و پێكدادانەكانی زۆر زیاتر دەكات.
وەك پێشتر ڕۆژنامەی واشنتن پۆست بڵاوی كردەوە، ئەو پلانە لەلایەن وەزارەتی جەنگ "پنتاگۆن"ەوە ئاراستەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمەریكا كراوە، كە خۆی لە دابەزینی هێزی سەربازیی ئەمەریكی بۆ ناو خاكی ئێران دەبینێتەوە، بە كەلوپەلی قورس و پێویست بۆ دەرهێنانی یۆرانیۆمی پیتێنراو و گواستنەوەی لە ڕێگەی ئاسمانییەوە بۆ دەرەوەی ئێران.
سەرچاوەكان دووپاتیان لەوە كردەوە، ئەو ئۆپراسیۆنە ئەگەر ئەنجام بدرێت، ئەوا دەبێتە ئاڵۆزترین و قورسترین ئەركی سەربازی لە مێژووی نوێدا و پێویستی بە سەتان تا هەزاران سەرباز هەیە، تا كۆگەكانی یۆرانیۆم لە ناوخۆی ئێران كۆنترۆڵ بكەن و كار بكەن بۆ ئەوەی یۆرانیۆمەكە بە سەلامەتی بهێننە دەرەوە و لە رێگەی ئاسمانییەوە بۆ دەرەوە بیگوێزنەوە.