حەشدی شەعبی لە ئێران.. تاران متمانەی بە هێزەكانی خۆی نییە و پەنا بۆ میلیشیاكان دەبات

:: AM:10:48:04/04/2026 ‌

زانیاری و ڕاپۆرتەكان پشتڕاستی ئەوە دەكەنەوە كە یەكەكانی حەشدی شەعبی لە عێراقەوە چوونەتە ناو ئێرانەوە تا پشتیوانی سوپای پاسداران لە جەنگ دژی ئەمەریكا و ئیسرائیل بكەن، بە دیاریكراویش لە ناوچەكانی باشوور بڵاوەیان پێكراوە، تا زۆرترین هێز لەو ناوچەیە كۆ بكەنەوە كە ئەگەری هێرشی وشكانیی ئەمەریكی لە ناوچە كەناراوییەكانی باشوورەوە دەكرێت.

میدیاكانی ئێران وێنەی چەكدارانی حەشدی شەعبییان بڵاو كردووەتەوە كە دەچنە ناو شاری خوزستانەوە، ئەمەیش ناڕەزایی زۆری هاووڵاتییانی ئەو شارەی لێ كەوتووەتەوە و ئەوان دووپات لەوە دەكەنەوە، ئەو هێزە نائێرانییە دەستیان سوورە بە خوێنی خۆپێشاندەران و نابێ بە ئازادی لە وڵاتەكەمان بسووڕێنەوە.

لە بەرانبەر هاتنی حەشدی شەعبی بۆ پشتیوانی لە ڕژێم، سەرۆك كۆماری ئێران مەسعوود پزیشكیان سێشەمی ڕابردوو لە تۆڕی ئێكس، سوپاسی تایبەتی گەلی عێراقی كرد كە لە پشت گەلی ئێران وەستاونەتەوە، دووپاتی كردەوە بە گەرمی دەستی گەلی عێران و بەرپرس و چەكدارانی دەگوشم.

هەرچەندە میدیاكانی ئێران ژمارەی ئەو چەكدارانەی حەشدی شەعبییان بڵاو نەكردووەتەوە كە چوونەتە ئێرانەوە، بەڵام دانیشتووانی خوزستان دەڵێن، بەلایەنی كەمەوە هەزار چەكداری حەشد گەیشتوونەتە شارەكەیان و بە ئاڵای فەرمی خۆیانەوە بە ناوی كاروانێكی فریاگوزاری بە چەك و ئۆتۆمبێلی سەربازییەوە گەیشتوون.

بەشێكی تری لە سەرچاوەكان لە ئێرانەوە دەڵێن، چەكدارانی حەشد بە ڕێگەی نافەرمی و نهێنی چوونەتە ئێرانەوە، چونكە بەگوێرەی مادەی 146ی دەستووری ئێران، هاتنی هێزی بیانی بۆ ناو خاكی ئێران بە تەواوی رەتكراوەیە و نایاساییە، لە چەند ساڵی ڕابردوویش كە هێزەكانی ڕووسیا لە بنكەیەكی سەربازی ناو ئێران بڵاو بوونەوە، ڕەخنە و ناڕەزایی توندی بەشێك لە ئێرانییەكانی لێ كەوتەوە.

دانیشتوویەكی شاری خورەمشەهر بۆ پێگەی میدیالاین گوتی، دانیشتووانی شارەكە هەست بە تووڕەیی زۆر دەكەن، بە هۆی هاتنی حەشدی شەعبیی شیعی بۆ شارەكەیان و باس لەوە دەكەن، هێزەكانی عێراقی جارێكی تر خورەمشەهریان داگیر كردەوە، ئەمەیش بۆ سەردەمی جەنگی هەشت ساڵەی عێراق و ئێران دەگەڕێتەوە، كە هێزەكانی عێراق توانیان دوو ساڵ دەستبەسەر شاری خورەمشەهر بگرن.

هاووڵاتییەكی تر دەڵێ، حەشدی شەعبی بە تەنیا لە خورەمشەهر بڵاوەیان پێ نەكراوە، بەڵكو لە عەبادان و ئەهوازیش جێگیر كراون و پێشبینی مانەوەیان لە شارەكان لێ دەكرێ، تا ڕووبەڕووی هەر خۆپێشاندان و پێكدادانێكی چەكداری لە ناوخۆی ئێران ببنەوە، هەروەها ڕێگە لە هێرشی وشكایی ئەمەریكا بگرن و پشتیوانی هێزە چەكدارەكانی ئێران لە پارێزگای خوزستان بكەن.

ئەو زانیارییە لە كاتێكدا كە لە مانگی كانوونی دووەم/یەنایەری ڕابردوویش سەرچاوەكان دووپاتیان لەوە دەكردەوە، بۆ كپكردنەوەی خۆپێشاندانەكان لە ئێران، حەشدی شەعبی چوونەتە ناو ئەو وڵاتە و دەستیان هەبووە لە كوشتوبڕی خۆپێشاندەران كە دەیان هەزار خۆپێشاندەر كوژران و سەتان هەزاری تریشیان لێ گیران، هاوكات میلیشیاكانی حەشدی شەعبی لە 2022یش لەمیانەی خۆپێشاندانەكان بە هۆی كوشتنی ژینا ئەمینی و دروستبوونی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی، لە شارە جیاجیاكانی ئێران دەستیان لە كوشتنی خۆپێشاندەران هەبووە.

ئێران گرووپە میلیشیاكانی وڵاتانی دراوسێی خۆی لەم جەنگە بۆ پاراستنی ئاسایش و ئارامی ناوخۆی شارەكان بەكار دەهێنێت، پێشتریش لیوای زەینەبیون كە شیعەی ئەفغانین و لیوای فاتمیون كە شیعەی پاكستانین لە كاروباری ناوخۆی ئێران بەكار هێناوە.

لەبارەی ئەو گرووپانەی حەشد كە چوونەتە ئێرانەوە، جۆرشەلیم پۆست نووسیویەتی، كەتیبەكانی حزبوڵا و بزووتنەوەی نوجەبا و عەسائیبی ئەهلی حەق و كەتیبەكانی سەیدولشوهەدا و سەرایای ئەولیا دەم بەشێك لە چەكدارەكانیان ڕەوانەی ئێران كردووە.

هۆی ڕادەستكردنی تەناهی شارەكان لەلایەن ئێرانەوە بە میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، ئەو گرووپانە ئەزموونێكی زۆر و باشیان لە ڕووبەڕووبوونەوە و شەڕی ناو شارەكان و لەناوبردنی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەكان هەیە، بۆیە ئامادەن بۆ هەر ئەگەرێكی ململانێی ناوخۆی لە ئێران یارمەتیی هێزە فەرمییەكان بۆ كۆنترۆڵكردنی دۆخی ناوخۆی شارەكان بدەن.

شوكریغا برادۆست شرۆڤەكاری كاروباری تەناهی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڵێ، بردنی حەشد بۆ ئێران چەند پاڵنەرێكی هەیە، لەوانە زیادكردنی هێزەكان بۆ ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشی وشكانیی هێزەكانی ئەمەریكا، دووەمیان مەترسی هەرەسهێنانی سوپای ئێران و لەتبوونی، لە ئەنجامی بەردەوامی بۆردمانەكان، لەو كاتە ئێران پێویستیەكی زۆری بە میلیشیاكانی حەشدی شەعبی دەبێت.


وشە - باز ئه‌حمه‌د