دەرفەتی ڕزگاربوونی فڕۆكەوان دوای كەوتنەخوارەوەی لە ناو خاكی دوژمن

:: AM:11:34:04/04/2026 ‌

فڕۆكەوانێكی پێشووی ئەمەریكا، هەنگاوەكان بۆ ڕزگاربوونی هەر فڕۆكەوانێك لە ئاسمان و كەوتنە خوارەوە لە ناو خاكی دوژمن دەخاتە ڕوو و دووپات لەوە دەكاتەوە، خۆ حەشاردان و گەڕان بە دوای ئاو، هەنگاوی سەرەتایی و گرنگن بۆ خۆ ڕزگاركردن.

لە كاتێكدا هەریەك لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و كۆماری ئیسلامیی ئێران، لە كێبەركێدان بۆ دۆزینەوەی ئەو فڕۆكەوانە ونبووەی دوێنێ لە ئەنجامی كەوتنی فڕۆكە جەنگییەكەی شوێنبزرە، فڕۆكەوانێكی خانەنشینكراوی ئەمەریكا بۆ "فرانس پرێس"، وردەكاری و هەنگاوە پێویستەكان بۆ رزگاربوون لە دەستی دوژمن لە دوای خۆهەڵدانی فڕۆكەوان لە ناو خاكی دوژمن دەخاتە ڕوو، تا بەوهۆیەوە لە ژیان بمێنێتەوە و رزگاری ببێت.

دوێنێ هەینی لە ئاسمانی ئێران، فڕۆكەیەكی جۆری ئێف 15ی ئەمەریكی كەوتە خوارەوە و تیمەكانی بەهاناوەچوون و فریاكەوتن، توانیان یەكێك لەو فڕۆكەوانانە ڕزگار بكەن، بەڵام فڕۆكەوانی دووەم تا ئێستە چارەنووسی دیار نییە و شوێنبزرە، لەوبارەیەوە جەنەراڵی خانەنشینكراو هیوستن كانتوێل كە ئێستە لە پەیمانگەی میشێل بۆ توێژینەوەی ئاسمانییە دەڵێ، دۆخەكە بەمجۆرەیە و دەڵێی ئای خوایە دوو خولەك بەر لە ئێستە لە ناو فڕۆكە بووم و بە خێرایی 800 كیلۆمەتر لە سەعاتێكدا دەفڕیم، دواتر مووشەكێك لە دووری چوار مەتر و نیو لە نزیك سەرم تەقییەوە.

زیاتر گوتی، هەنگاوی خۆپارێز و خۆشاردنەوە لە دوژمن و بەردەوامبوون لە ژیان لەلایەن هەر فڕۆكەوانێكەوە، لەو كاتەوە دەست پێ دەكات كە خۆی بە پەڕەشووت هەڵدەداتە خوارەوە و پێشتر ڕاهێنان لەسەر دۆخی لەمجۆرە كراوە كە بە مەشق و هەڵمەتی "سیری" ناو دەبرێت.

كانتوێل لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفۆنی هێمای بۆ ئەوەیش كرد، باشترین زانیاریی هەواڵگری كە پێت دەگات لە كاتی دابەزینت بۆ سەر زەوی لە ڕێگەی پەڕەشووت، گرنگە، باشترین بینینت بۆ شوێنەكان كە دەتەوێ بۆی بچیت یان ئەو شوێنەی دەتەوێ لێی دوور بیت، گرنگی و ڕۆڵی گەورەیان هەیە لە مانەوەت و خۆشاردنەوەت لە دوژمن، دوای كەوتنە سەر زەوی.

لەو كاتەی لە ئاسمانیت سەیری ئەو ناوچەیەی دەوروبەرت بكە كە لێی دەكەویتە خوارەوە، چونكە كاتێك كەوتییە سەر زەوی، بەمشێوەیە ناوچەی فرەوان و دوور نابینێت.

كانتوێك كە 400 سەعات فڕۆكەی جەنگی لە جەنگ دژ بە عێراق و ئەفغانستان فڕاندووە و ماوەیەكی یەكجار زۆریش مەشقی لەسەر چۆنیەتیی خۆهەڵدان بە پەڕەشووت لە ئەگەری هێرش و ڕێكارەكان بۆ خۆ دەربازكردن و مانەوە بە زیندوویی كردووە، هۆشداریی دەدا و دەڵێ، تەنانەت ئەگەر بە پەڕەشووتیش بیت، پێویستە بە وریاییەوە داببەزیتە سەر زەوی، چونكە مەترسی برینداربوونی قاچ و پێیەكان لە كاتی كەوتنە سەر زەوی زۆرە.

زیاتر گوتی، چیرۆكی زۆری ڕزگاربووان لە جەنگی ڤێتنام هەن، كاتێك كە فڕۆكەكانیان تێكشكاوە و خۆیان هەڵداوە، لە كاتی كەوتنە سەر زەوی تووشی شكان و برینداربوون بوونەتەوە.

لەسەر فڕۆكەوان پێویستە لەوكاتەی كە دەكەوێتە سەر زەوی، دۆخی جەستەیی خۆی هەڵسەنگێنێت كە ئایا دەتوانێ جووڵە بكات، یان ئایا من دەتوانم بجووڵێم و هەستمەوە سەر پێیەكانم.

دوای ئەوە پێویستە فڕۆكەوان دۆخی ناوچەكە هەڵسەنگێنێت و شوێنی جیۆگرافی خۆی دیاری بكات كە ئایا لە پشت هێلی دوژمنەوەیە یان لە كوێیە، ئایا دەتوانێ خۆی بشارێتەوە؟ چۆن بتوانێ پێوەندی بە هێزی وڵاتەكەی بكات.

لە بەشێكی تری قسەكانی كانتوێل دەڵێ، لەسەر فڕۆكەوان پێویستە خۆی دوور بخاتەوە لەوەی بە دیل بكەوێتە دەستی دوژمن، بۆ زۆرترین كات، ئەگەر بۆ نموونە من لە بیابان بكەومە خوارەوە، ئەوا یەكەم شت كە هەوڵی بۆ دەدەن گەڕانە بە دوای سەرچاوەی ئاو و دواتر هەوڵی پیوەندی بە تیمی گەڕان و بەهاناوەچوون دەكەن، كە ئەوان هێز و فڕۆكەوانی ڕاهێنراوی زۆر بەهێز و پێشكەوتوون.

ئەوە هەستێكی زۆرباش و متمانەپێكراوت پێ دەبەخشێت، كاتێك دڵنیایی لەوەی تیمی گەڕان و بە هاناوەچوون هەموو تواناكانی خۆیان دەخەنەگەڕ، تا بتدۆزنەوە و ڕزگارت بكەن، ئامادەن ئۆپراسیۆنی خۆكوژانە بۆ ڕزگاركردنی تۆ ئەنجام بدەن، بەوهۆیەشەوە فڕۆكەوان زۆرترین هەوڵی خۆی بۆ خۆشاردنەوە دەخاتە گەڕ و نایەوێ بكەوێتە دەستی دوژمن، بەڵكو ئامانجی گەیشتنە بە شوێنێك كە بتوانرێ لەوێوە لە ناو دوژمن هەڵبگیرێت و ببرێتە دەرەوە.

ئەو جەنەراڵە خانەنشینكراوە دەڵێ، ئەگەر لە ناو شاردا بوو، پێویستە بچێتە سەری سەرەوەی باڵەخانەكان، ئەگەر لە دەوروبەری شاریش بوو، ئەوا لە ناو كێڵگەكان پێویستە خۆت حەشار بدەیت، چونكە لەو شوێنانە هەلیكۆپتەرەكان دەتوانن بنیشنەوە. باشترین شتیش ئەوەیە كە بە شەو جووڵە بكەیت و بە ڕۆژ پەناگە بدۆزیتەوە و پشوو بدەیت.

تەواوی فڕۆكەوانانی ئەمەریكا لە كاتی خۆهەڵدانیان جانتایەكی بچووكیان پێوەیە كە دەبێتە یارمەتیدەرێكی بەهێز بۆیان، لە ناو ئەو جانتا بچووكە بەشێك كەلوپەلی خواردن و ئاو و كەلوپەلی تەندروستی بوونی هەیە، هەروەها ئامێری پێوەندیكردن و لاسلكی، هەموو ئەوانە یارمەتیدەر دەبن كە بە خێرایی بتوانرێ ڕزگار بكرێ و لە ناو خاكی دوژمن ببرێتە دەرەوە.

كانتوێل دەڵێ، لەو كاتەی فڕۆكەی ئێف 16ی فڕاندووە، توانراوە فڕۆكەوان دەمانچەیەكیش بە بەردەوامی هەڵبگرێت، تا لە حاڵەتی كەوتنە خوارەوەی بتوانێ خۆی پێ بپارێزی و بەكاری بهێنیت.


وشە - باز ئه‌حمه‌د