لە ئێران كێ بڕیاری شەڕ و ئاشتی بەدەستە؟

:: PM:10:41:04/04/2026 ‌

هەڵمەتە سەربازییەكەی ئەمەریكا و ئیسرائیل لە دژی ئێران پێی نایە شەشەم هەفتە، ئەمڕۆ سەرۆكی ئەمەریكا رای گەیاند كە تا 48 سەعاتی داهاتوو گەرووی هورمز بە رووی هاتوچۆی دەریایی نەكرێتەوە، دەرگەی دۆزەخ بە رووی ئێران دەكرێتەوە، شارەزایان تیشك دەخەنە سەر خاوەن بڕیاری شەڕ و ئاشتی لە ئێران، پێیان وایە لەو وڵاتە جیاوازی لە نێوان شۆڕش و دەوڵەت هەیە، ئەوەی یەكەم دەسەڵاتدار و بڕیاردەرە.

لە ماوەی دوایی چەند جارێك میانڕەوەكانی ئێران، ریفۆرمخوازەكان، باسی رێككەوتن و كۆتاهاتنی شەڕیان كرد، لەوانە مەسعوود پزیشكیان سەرۆكی ئێران و حەسەن رۆحانی سەرۆكی پێشووتر و محەمەد جەواد زەریف وەزیری پێشووتری دەرەوە، كەچی لە لایەن توندڕۆكانەوە هێرشیان كرایە سەر و بە ناپاك و سیخوڕ وەسف كران، شارەزایان پێیان وایە ئەو مشتومڕەی لە ئێران لەبارەی كۆتاهاتنی شەڕ هەیە، لە بنیاتی دروستبوونی رژێمی فەرمانڕەوای ئەو وڵاتە جیاواز نییە، واتە ئەو شۆڕشی لە 1979 لە ئێران رووی دا، جیاوازی روون لە نێوان شۆڕش و دەوڵەت دەردەخات. 

ئەحمەد یاسری شارەزای كاروباری ناوچەكە دەڵێت، لە كۆنەوە رەوتی ریفۆرمخواز لە ئێران پشتی بە شەقام و هەڵبژاردن بەستووە، لەوكاتەی پارێزگاران پشتیان بە سوپای پاسداران بەستووە، ئێستەش هەر بڕیارێك پێوەست بە كۆتاهاتنی شەڕ یان بەردەوامبوونی، بە تەواوەتی بە دەستی حكوومەتی ئێران نەماوە، بەڵكو بە سوپای پاسدارانەوە دەڕوات، كە ئامرازی جێبەجێكردنی تایبەت بە خۆیان هەیە، وای كردووە پێگەی سەرۆكایەتیی ئێران ببێتە ئیدارەیەكی سیاسییانەی وتاردان، نەك ناوەندی كردەنی بڕیاردان. 

عیماد محەمەد توێژەری سیاسی پێی وایە سوپای پاسداران تەنیا شەڕەكە ناكات، بەڵكو بنەمای دەسەڵات بەڕێوە دەبات بە سوودبینین لە دۆخی شەڕ، لە رێگەی سەپاندنی ئەجینداكانی بەسەر حكوومەت و كۆنترۆڵكردنی هەردوو بڕیاری سەربازی و سیاسی، ئەوەش وای كردووە هەر هەوڵێكی دانوستان و هێوركردنەوە لە بڕیارێكی سەروەری بۆ تەناهی دەربچێت، كوژرانی عەلی خامنەیی بووە خاڵێكی گەورەی گۆڕانكاری لە بنیاتی رژێمی ئێران، وای كرد سوپای پاسدارانی چنگی خۆی زیاتر لە دەسەڵات گیر بكات بۆ رێگرتن لە ریفۆرمخوازەكان بۆ پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییە سیاسییەی دروست بووە.  

دوێنێ محەمەد جەواد زەریف وەزیری پێشووتری دەرەوەی ئێران لە وتارێك لە كۆواری "فۆرین پۆلیسی"ی ئەمەریكی پێشنیازی كۆتاهاتنی شەڕ و رێككەوتنی لەگەڵ ئەمەریكا كرد، ئەو لە ناوخۆی ئێران رووبەڕووی رەخنەی توند هاتەوە.

زەریف لە وتارەكەی لە داوای لە دەسەڵاتدارانی ئێستەی ئێران كرد بۆ سوووەرگرتن لەو دۆخەی ئێستەی وڵاتەكەیان، نەك بۆ بەردەوامیدان بە شەڕ، بەڵكو بۆ راگەیاندنی سەركەوتن و هەوڵدان بۆ گەیشتن بە رێككەوتنێكی كۆتایی بۆ وەستانی شەڕ و بەو شێوەیە رێگری بكەن لە هەڵگیرسانەوەی، هاوكات لە تۆڕی ئێكس بڵاوی كردەوە كە ئەو دوودڵ بووە لە بڵاوكردنەوەی ئەو پێشنیازە، بەڵام قەناعەتی بەوە هەیە كە پێویستە شەڕەكە بەپێی چەند مەرجێك لە بەرژەوەندیی ئێران كۆتایی بێت.  

ئەو لێدوانانەی زەریف لە لایەن توندڕۆكانی نزیك لە دەسەڵاتی ئێستەی ئێران رەت كرایەوە، سەعید حەدادیان كە یەكێكە لەوانەی سەر عەلی خامنەیی رابەری كوژراوی ئێران هەڵدەدەن گوتی، زەریف سیخوڕە و پێویستە تا سێ رۆژی تر لە قسەكانی پاشگەز ببێتەوە و ئەگەر وا نەكات لە دژی دەست بە جموجۆڵ دەكات. هەرچی حوسێن شەریعەتمەدارییە سەرنووسەری رۆژنامەی "كەیهان"، داواكانی زەریفی وەك خۆرادەستكردن لەقەڵەم دا و داوای لە دادگا كرد بێتە ناو بابەتەكە.

هەفتەی رابردوو حەسەن رۆحانی بە هەمان شێوە داوای گۆڕانكاری و چاكسازیی سیاسی و ئابووری بەپەلەی لە ئێران كرد، ئەوەش وای كرد توندڕۆكان، كە فەرمانڕەوایەتیی ئێران دەكەن، رۆحانی و زەریف بە ناپاك لەقەڵەم بدەن و داوای دادگاییكردن و سزادانیان بە لەسێدارەدان بكەن.

هەفتەی رابردوو دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا رای گەیاند كە پێی وایە بەمنزیكانە شەڕ لەگەڵ ئێران دەوەستێت، مەسعوود پزیشكیان سەرۆكی ئێران دووپاتی كردەوە كە وڵاتەكەی بۆ وەستانی ئەو شەڕەی 32 رۆژە بەردەوامە ئامادەیە، بەڵام بە مەرجی بوونی گەرەنتی، پزیشكیان پێی وایە كە واشنتن باوەڕی بە دیپلۆماسیەت نییە و دوو جار لەكاتی دانوستانەكان هێرشی كردووەتە سەر ئێران، وەك ئاماژەیەك بەوەی گەرەنتی هێرشكردن بۆ سەر وڵاتەكەی نەبێت، تاران ئامادەیە بۆ رێككەوتن و وەستانی شەڕ.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل