فۆكس نیوز: كۆریای باكور لە پشت پێشكەوتنی پیشەسازیی چەكی ئێرانه‌وه‌یه‌

:: AM:10:57:05/04/2026 ‌

برووس بیچتۆل پسپۆری زانستی ڕامیاری لە بەشی توێژینەوەی تەناهی لە زانكۆی ئەنگلۆستەیت لە تێكساس، بۆ فۆكس نیوزی ئەمەریكی دەڵێ، مووشەكی بالیستیكی ئێران بەشێوەیەكی راستەوخۆ لە كۆریای باكورەوە ڕەوانە دەكرێ، تاران بە كاش یان بە نەوت دەیكڕێت و كۆریای باكور فرۆشیار و ئێران كڕیارە.

ئەو پسپۆرە دەڵێ، ئەو دوو مووشەكەی كە ئێران گرتییە بنكەی سەربازی دیگۆ گارسیا لە زەریای هیندی، جۆرەكەیان مۆسۆدان بوو كە ئێران لە 2005 بڕی 19 مووشەكی لەمجۆرەی لە كۆریای باكور كڕی، لە 2005ەوە خاوەنی ئەو جۆرە چەكەن و ئەمەیش چەكێكی سیحری نییە.

پێشتر وۆل ستریت جۆرنال لە زاری بەرپرسانی ئەمەریكاوە بڵاوی كردەوە، ئێران دوو مووشەكی بالیستیكی ئاراستەی بنكەی سەربازی ئەمەریكی- بەریتانی لە دوورگەی دیگۆ گارسیا لە زەریای هیندییەوە كردووە، یەكێك لەو مووشەكانە شكستی هێناوە لە فڕین و ئەوەی تریش كەشتی جەنگیی ئەمەریكی بە ئامانجیان كردووە، هیچ یەكێك لەو مووشەكانە ئەو بنكە سەربازییەی ئەمەریكای نەپێكاوە، بەرپرسانی ئەمەریكایش پشتڕاستی ئەو زانیارییانەیان كردووەتەوە.

بنكەی سەربازیی دیگۆ گارسیا دەكەوێتە دووریی چوار هەزار كیلۆمەتر لە ئێرانەوە، ئەمەیش دوو هێندەی ئەو مەودایەیە كە پێشتر عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران مانگی ڕابردوو گوتی، كە توانای مووشەكەكانی ئێران دەگاتە دوو هەزار كیلۆمەتر.

مووشەكەكانی ئێران پشت بە سیستم و پێكهاتەكان لە كۆریای باكور دەبەستن، ئەو مووشەكە كورتمەودایانەی ئێران كە ئێستە بە ئاراستەی ئامانجەكانی ئەمەریكا لە وڵاتانی كەنداو و دراوسێ بەكاری دەهێنێت كە ئێران ناوی ناوە قیامەت، بە یارمەتی پسپۆرانی كۆریای باكور پەرەی پێدراوە، هاوكات مووشەكی شەهاب3 یش بەهەمانشێوە كۆپی مووشەكی نۆدۆنگی كۆریای باكورە و هیچ جیاوازییەكیان نییە.

بیتچۆل دەڵێ، پێشتر كۆریای باكور 150 سیستمی مووشەكی جۆری نۆدۆنگی لە كۆتایی ساڵانی نەوەتەكان بە ئێران بەخشیوە، ئێرانییەكان زۆر ڕەزامەند بوون بەو یارمەتییەی كۆریای باكور بە تایبەتیش ئەمجۆرە مووشەكە پێشكەوتووانە، ئەمەیش لە پەراوێزی كارگەی سكۆدسی لە پیۆنگیانگ، ئێران و كۆریای باكور ڕێككەوتوون و گرێبەستیان كردووە، تا كارگەیەكی دروستكردنی مووشەكی نۆدۆنگ لە ئێران دابمەزرێنن.

هاوكات كۆریای باكور یارمەتیی تارانی دا لە پێشخستنی زیاتری سیستمی مووشەكی جۆری "عیماد و غادر" كە ئێستە بۆ بۆردمانكردنی ئیسرائیل و وڵاتانی كەنداو بەكار دەهێنرێن، لە كارگەی دروستكردنی مووشەكی نۆدۆنگ ئەو مووشەكانە لە ئێران بەرهەم دەهێنرێن.

ئەو پسپۆرە دەڵێ، كۆریای باكور فرۆشیار و ئێران كڕیارە، پیۆنگیانگ تەواوی چەكەكانی ئێران و سیستمی چەكی ئێرانی پێشخستووە و ئێرانیش لە بەرانبەر ئەوەدا بە نەوت یان بە كاش پارە بە پیۆنگیانگ دەدات.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێك كە ناوەندی ئەلما بۆ توێژینەوە و زانین لە ئیسرائیل لە سەرەتای جەنگ بڵاوی كردووەتەوە، یەدەگی مووشەكی ئێران لە بەرەوپێشچووندایە و بە دیاریكراوی لە مووشەكی بالیستیكی كورتمەودا كە توانای فڕین و بڕینی هەزار كیلۆمەتری هەیە، هەروەها مووشەكی مەودا مامناوەندەكانیش تا سێ هەزار كیلۆمەتر دەبڕن، هاوكات مووشەكی بالیستیكی دوورمەودایش لە ئێران زۆر بە گرنگییەوە پەرەی پێ دەدرێ و پێش دەخرێت، تا بە زوویی بەرهەم بهێنرێت.

كڕین و وەرگرتنی تەكنەلۆجیای مووشەك و چەكی پێشكەوتوو لە پیۆنگیانگ لەلایەن تارانەوە، لە كاتێكدایە ئەمڕۆ ڕۆژنامەی تەلەگراف ڕاپۆرتێكی بڵاو كردەوە و دووپات لەوە دەكاتەوە، مادەی كیمیایی و سووتەمەنی مووشەكیش لە چینەوە دەگاتە دەستی ئێران، بەمشێوەیەیش بێ دوو وڵاتە دوورەكەی ڕۆژهەڵات پشتیوانی سەرەكی ئێران و بەهێزكردنی توانا سەربازییەكانی ئەو وڵاتانەن.

لە مانگی شوبات/فێبرایەریشەوە پێنج كەشتی ئێرانی لە كەناراوەكانی چین بەرەوە ئێران بەڕێككەوتوون، هەڵگری مادەی كیمیایی بیركلۆراتی سۆدیۆمن كە ڕۆڵی سەرەكی لە دروستكردنی سووتەمەنی ڕەق بۆ هەڵدانی مووشەكی بالیستێك دەگێڕن.


وشە - باز ئه‌حمه‌د