شەوی رابردوو هەرێمی كوردستان لە چەندان لاوە بەچەندان مووشەك و درۆن هێرشی كرایە سەر، سەعات 12ـی ئەمشەو بە دوو درۆن هێرش كرایە سەر خانوویەك لە گەڕەكێكی سلێمانی و زیانی گیانی نەبوو.
هێرشەكەی ئەمشەوی گەڕەكی بەختیاریی سلێمانی زۆرترین كاردانەوەی هەبوو، ماڵێك لە گەڕەكێكی پڕ لە هاووڵاتیی سڤیلدا كرایە ئامانج، زیانێكی زۆری گەیاند، بەڵام خانووەكە چۆڵ بووە و هیچ زیانێكی گیانی نەبووە.
شەوی رابردوو و خولەكەكانی سەرەتای ئەمڕۆ دووشەم، زنجیرەیەك هێرشی درۆنی و مووشەكی چەند ناوچەیەكی هەرێمی كوردستانیان كردە ئامانج، دەنگی تەقینەوە لە هەولێر، سلێمانی، سۆران و كۆیە بیسترا و بارەگای حزبەكانی رۆژهەڵات و كەمپەكانی خێزانەكانیان بۆردمان كران.
سەرەتا سەعات هەشتی شەوی رابردوو بە درۆنێك و مووشەكێك، كەمپێكی پەنابەرانی بنەماڵەی پێشمەرگەكانی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران لە سنووری كۆیە بۆردمان كرا، هێرشەكە تەنیا زیانی ماڵی بە كەمپەكە گەیاندووە.
بەپێی ماڵپەڕی حزبی دیموكرات، سەعات 10:20 خولەكی شەوی رابردوو كەمپێكی تری كەسوكاری پێشمەرگەكان هەر لە كۆیە، بە مووشەكێك و درۆنێك بۆردمان كراوە، ئەویش تەنیا زیانی مادی هەبووە.
ئەوە لە كاتێكدایە شەوی رابردوو سەعات 11:00 لە ئاسمانی هەولێر و دەوروبەری حەوت درۆن تەقێنرانەوە.
لە دوای 12ی شەو دەنگی تەقینەوەیەك لە ئاسمانی شاری سلێمانی بیسترا، بەپێی زانیارییەكان ئەو خانووەی كرایە ئامانج، بارەگای كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران بووە، هیچ زیانێكی گیانی نەبووە، چونكە بارەگاكە چۆڵ بووە."
لە هەمان كاتدا جارێكی تر بە دوو درۆن هێرشی كرایەوە سەر كەمپەكانی پەنابەران لە كۆیە. جارێكی تریش بارەگاكەی كۆمەڵە لە سلێمانی بە درۆن هێرشی كرایە سەریان.
زنجیرەی هێرشەكان بۆ سەر هەرێمی كوردستان بەتایبەتی بۆ سەر شاری هەولێر بەردەوام بوون، سەعات 2:37 خولەك درۆنێك لە سنووری شارەدێی شەمامكی هەولێر تەقێنرایەوە. دوو خولەك دواتر دوو درۆنی تر لەسەر فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر تەقێنرانەوە.
هاوكات دەنگی تەقینەوە لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانیش بیسترا.
هێرشەكانی شەوی رابردوو و بەرەبەیانیی ئەمڕۆش، زۆرتر بۆ سەر بارەگاكانی حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و كەمپی پەنابەرانی كەسوكاری پێشمەرگەكانی رۆژهەڵات بوون، ئەمەش دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا رای گەیاند، واشنتن لە ڕێگەی كوردەكانەوە چەكی بۆ خۆپێشاندەرانی ناو ئێران ناردووە.
گرووپی ئەسحابول كەهف بەرپرسیارێتیی هێرشە درۆنییەكانی ئەمشەوی سەر هەرێمی كوردستانی گرتە ئەستۆ و ڕای گەیاند، ئەم هێرشە وەك وەڵامێك بووە بۆ بۆردمانكردنی مەرزی شلامچە لە پارێزگای بەسرە.