زیاتر لە 675 هێرش كراوەتە سەر كوردستان.. سیستمی پاراستنی هەولێر تۆكمەتر دەكرێت

:: PM:06:16:06/04/2026 ‌
پرووشكی ئاگری شەڕی نێوان ئێران لەگەڵ ئەمەریكا و ئیسرائیل بەر هەرێمی كوردستان كەوت، گرووپە لە یاسا دەرچووەكانی عێراق ئەو ئاڵۆزیەی  هەیە بە دەرفەت دەبینن و هەوڵی تێكدانی ئارامی و سەقامگیری هەرێمی كوردستان و هەولێر بەتایبەتی دەدەن، بەڵام لە بەرانبەردا رۆژ بەڕۆژ سیستمی پاراستنی هەولێر لەلایەن ئەمەریكا و هاوپەیمانانەوە تۆكمەتر دەكرێت. 

دەرفەت بۆ كوێرەكان
28ی شوبات، شەڕی نێوان ئێران لەگەڵ ئەمەریكا و ئیسرائیل دەستی پێ كرد، لەو ڕۆژەوە تا ئێستە دەیان مووشەك و درۆن ئاراستەی هەرێمی كوردستان كراون، شەش پێشمەرگە شەهید بوون و چەندان كەسی تریش بوونە قوربانی، ئەوە جیا لەوەی زیانی زۆری مادی بەر هاووڵاتیی مەدەنی لە هەرێمی كوردستان كەوتووە. 

هەولێر لەو هێرشانەی دەكرێنە سەر هەرێمی كوردستان پشكی شێری بەركەوتووە، چونكە ئەو پێشڤەچوونەی لە پایتەختی هەرێمی كوردستان هەیە، بووەتە كوێرایی بۆ میلیشیا لە یاسا دەرچووەكانی عێراق و هەموو هەوڵێكیش دەدەن كە گەشەكردنی شارەكە بوەستێنن. 

تەنیا لەماوەی چەند سەعاتی ڕابردوودا 10 درۆن لە ئاسمانی هەولێر تێكشكێنران و لە سەرەتای شەڕەكەیشەوە تائێستە هەرێمی كوردستان ڕووبەڕووی 675 هێرشی جۆراوجۆر بووەتەوە.

سیستمەكە فراوانتر دەكرێ‌
ئەو هێرشانەی كە دەكرێنە سەر هەولێر سەرجەمیان تێكدەشكێنرین ئەوەیش بەهۆی سیستەمی دژەمووشەكی لە شارەكەدا. بەپێی زانیارییەكانی "وشە" سیستەمەكە لەلایەن هاوپەیمانانەوە تۆكمەتر دەكرێت و شارەكە پارێزراو تر دەبێت. 

ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر رای گەیاند، ئەو سیستەمەی هێرشە درۆنییەكانی پێ‌ تێكدەشكێنرێ‌ بەشێوەیەكی كارا بەردەوام لە هەولێر كار دەكات. 

ڕوونیشی كردەوە كە تەواوی هێرشەكانی سەر پایتەختی هەرێمی كوردستان تێكشكێنراون، ئەوەیش ئاماژەیەكی بەهێزە بۆ ئەوەی كە سیستەمەكە بەشێوەیەكی كارا كار دەكات. 

بە گوێرەی ئامارێكی تایبەت كە دەست "وشە" كەوتووە، لە 28-2-2026ـەوە، هەرێمی كوردستان 675 جار هێرشی كراوەتە سەر.

ئاماری هێرشەكان
هێرشەكان بەمجۆرە بوون، 545 درۆن و 120 مووشەك و 10 تۆپباران، ئەوانەی كراون زۆرینەی كە ئاشكرا بوون لەلایەن گرووپە لە یاسا دەرچووەكانی عێراقەوە بووە. 

مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان لەكاتی شەهیدكردنی شەش پێشمەرگە لە سپیلك، هێرشەكانی بە "غەدر و خیانەت" ناو برد و لە پەیامێكدا گوتی، هێرشی دوژمنكارانەی غەدر و خیانەت بۆ سەر بارەگاكانی پێشمەرگە شەرمەزار و سەركۆنە دەكەین كە لە ئەنجامدا 6 پێشمەرگەی قارەمان شەهید و 30 پێشمەرگەش بریندار بوون. 

هەر ئەوكاتە دووپاتی كردەوە كە هەموو ڕێكارێك بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دوژمنكاریەی دەكرێتە سەر هەرێمی كوردستان دەگرینە بەر و داوا لە حكوومەتی فیدراڵ و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكەین سنوورێك بۆ ئەم هێرشە دوژمنكارانەی سەر هەرێمی كوردستان دابنێن.

ئاماری قوربانییەكان بەهۆی ئەو هێرشانەی سەر هەرێمی كوردستان تا ئێستە گەیشتوونەتە 14 شەهید و 94 بریندار، جیا لەوەی زیاتر لە 50 خانوو و دوو كارگە بە تەواوی وێران بوون.

لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا دڵی هیچ كوردێكی دڵسۆز بە تێكچوونی كوردستان، سلێمانی یان هەولێر بێت خۆش نەبووە، جگە لەو گرووپ و جاشانەی ناوخۆ، ئێستە خەڵكی كوردستان نزا بۆ پاراستنی تەواوی كوردستان دەكەن نەك ترساندن و بڵاوكردنەوەی دوودڵی جۆراوجۆر بەهۆی ئەو هێرشە مووشەكییانەی لە ناوچەكەدا دەكرێن.



وشە - وشه‌