چاوی سەقامگیری و دیپلۆماسییەت.. زیاتر لە 15 سەركردەی وڵاتان پێوەندی بە مەسروور بارزانییەوە دەكەن

:: PM:07:12:06/04/2026 ‌
مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان كە وەك هێمای سەقامگیری بۆ ناوخۆ و دیپلۆماسییەت و پێوەندی بۆ كوردستان لە دەرەوە ناسراوە، لەماوەی جەنگی نێوان ئێران لەگەڵ ئەمەریكا و ئیسرائیل دەیان پێوەندی سەركردە و سەرۆكی وڵاتانی دنیای پێگەیشتووە. 

مەسروور بارزانی كە لای خەڵكی كوردستان بە "براگەورە" ناسراوە، وێنەی كوردستان وەك ناوچەیەكی ئاشتیخواز بە دنیا گەیاند، پەیامەكانی سەرەنجی وڵاتانی دنیای راكێشا، كاتێك لەناوچەیەكی پڕ ئاڵۆزی و شەڕدا پێڤەچوونی لە كوردستان چەندان هەنگاو بردە پێشەوە و چاكسازی و حكومڕانی تۆكمەی بەرهەمهێنا. 

لە پەرۆشی بۆ كوردستان و پاراستنی خەڵك، گەورەترین پێوەندی دیپلۆماسیی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە و ئەوروپا و ئەمەریكا دروست كرد، ئەوە هۆكاری سەرەكی بوون، كە لەكاتی جەنگدا پەیتا پەیتا سەركردەی وڵاتان پێوەندی پێوە بكەن و سەقامگیری كوردستان لە چاوی ئەودا ببینن. 

سڵاوی ترەمپ
ئەمەریكا كە رۆڵی گرنگی لە ناوچەكەدا هەیە و پاراستنی كوردستان بۆ ئەوان خاڵی لەپێشینە بووە زیاتر لە سێ‌ جار لە ڕێی تۆم باراكەوە داوای بەردەوامی پێوەندییەكانی نێوان كوردستان و ئەمەریكایان لە مەسروور بارزانی كردووە، دیارترین پێوەندی تەلەفۆنی لە 14ی ئادار لە نێوان تۆم باراك و مەسروور بارزانی ئەنجام درا. 

دواتریش لە 17ی هەمان مانگدا، تۆم بەڕاك نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ سووریا و باڵوێزی ئەمەریكا لە توركیا، پێوەندی بە مەسروور بارزانییەوە كرد و  سڵاو و ڕێزی ترەمپ-ی پێگەیاند. 

هاوكات دەستخۆشی لە مەسروور بارزانی كرد بۆ هاوكاریكردنی حكوومەتی عێراق لە پێناو هەناردەكردنی نەوت لە ڕێگەی توركیا.

توركیا و وڵاتانی ناوچەكە
یەكێك لەو پێوەندییە تەلەفۆنیانەی كە لەماوەی رابردوودا پێوەی كراوە، راستەوخۆ دوای دەسپێكردنی جەنگ بووە كە هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی دەرەوەی توركیا بوو.

توركیا پێوەندییەكی تۆكمەی لەگەڵ كوردستان هەیە، پێوەندی سیاسیی و ئابووری كوردستان و ئەو وڵاتە تا ئاستی لووتكە دەڕوات، بۆیە ئەو وڵاتە لە ڕێی وەزیری دەرەوەی هاوڕابوونی خۆیان لەگەڵ مەسروور بارزانی بۆ پاراستنی ئاشتی و سەقامگیری ناوچەكە دووپات كردەوە. 

هاوكات وڵاتانی عەرەبی لە پەرۆشی بۆ سەقامگیری كوردستان چەندان سەركردەیان لە ڕێی پێوەندییان بۆ مەسروور بارزانی هیوای سەقامگیری زیاتریان بۆ كوردستان خواست. رۆژی چواری ئادار، شێخ عەبدوڵا بن زاید ئال نەهیان وەزیری دەرەوەی ئیمارات پێوەندی بە سەرۆك وەزیرانی كوردستانەوە كرد. 

هاوكات رۆژی شەشی هەمان مانگ، شا حەمەد بن عیسا ئال خەلیفە شای بەحرەین، دۆخی گشتیی ناوچەكە و ئاڵۆزییەكانی لەگەڵ مەسروور بارزانی تاوتوێ كرد و نیگەرانیی قووڵی لە شەڕ و گرژییەكان دەربڕی.

هاوكات شێخ ئەحمەد عەبدوڵا ئەحمەد ئەلسەباح، سەرۆك وەزیرانی كوەیت رۆژی حەوتی ئادار، دۆخی گشتیی ناوچەكە و ئاڵۆزییەكانی لەگەڵ مەسروور بارزانی تاوتوێ كرد.

شێخ محەمەد بن زاید ئال نەهیان سەرۆكی ئیمارات یەكێك بووە لەو سەركردە و كەسایەتیانەی چەندان جار گفتوگۆی لەبارەی پێشهاتەكانی ناوچەكە و پتەوتركردنی پێوەندیی دوولایەنە لەگەڵ مەسروور بارزانی گفتوگۆی كردووە. 

لە 18ی مانگی ئاداردا، شا عەبدوڵای دووەم شای ئوردن لە پێوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ مەسروور بارزانی دۆخی گشتیی هەرێمی كوردستان و عێراق و ئوردن و ناوچەكە و پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندیی دوولایەنەی تاوتوێ كرد. 

لەو پێوەندییەدا، باس لە تەنگژەی ئابووری و دەرهاویشتەكانی لە سەر عێراق و ناوچەكە كرد و ئاماژە درا كە حكوومەتی هەرێم بۆ یارمەتیدان و سووككردنی باری قورسی ئابووری وەك هەنگاوێكی یارمەتیدەر، ڕێگەی بە هەناردەكردنی نەوت لە ڕێگەی بۆڕی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ بەندەری جەیهانی توركی دا.

ئەوە جیا لەوەی چەندان كۆنگرێسمان و كەسایەتی وڵاتانی تر بەردەوام لەسەر هێل بوون بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ مەسروور بارزانی و برایان ماست ئەندامی كۆنگرێس و سەرۆكی لیژنەی كاروباری دەرەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریكا، لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنییدا، پێشهاتەكانی ئەم دواییەی هەرێمی كوردستان و عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی تاوتوێ كرد.

هەروەها باڵوێز مایكڵ واڵتز نوێنەری هەمیشەیی ئەمەریكا لە نەتەوە یەكگرتووەكان، گۆڕانكاری و پەرەسەندنەكانی ئەم دواییەی هەرێمی كوردستان و عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی لەگەڵ مەسروور بارزانی تاوتوێ‌ كرد.

جیا لە سەركردەی وڵاتان و كەسایەتیی ناوچەكە، سیاسەتڤان و كەسایەتی نیشتمانپەروەری كورد و پەرلەمانتاری پێشووی توركیا لەیلا زانا، پەیامێكی هاوخەمی و سەرەخۆشی ئاڕاستەی مەسروور بارزانی كرد ئەوە دوای شەوە شەش پێشمەرگەی كوردستان لە سپیلك بەهۆی هێرشی مووشەكی شەهید بوون. 

ئەمەریكا لەبەر ئەوەی گرنگی بە پێوەندییەكانی لەگەڵ كوردستان دەدات، جیا لە تۆم باراك و چەندان سەركردەی تری ئەو وڵاتە، لە رۆژی 26ی ئادار، ماركۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا، پرسە و سەرەخۆشیی ئاراستەی مەسروور بارزانی كرد و لە پێوەندییەكدا، پێوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵ و ئاڵنگارییە ئابورییەكانیان تاوتوێ كرد.

هەروەها، كریس ڕایت وەزیری وزەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا پێوەندی بە مەسروور بارزانییەوە كرد و بڕیاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ڕێگەدان بە هەناردەكردنی نەوت لە ڕێگەی بۆریی هەرێمی كوردستانەوە بۆ بەندەری جەیهانی توركی، وەك ئاسانكارییەك بۆ كەمكردنەوەی فشار و ئاڵنگارە ئابوورییەكان لەسەر عێراق و بازاڕی جیهانیی وزە، بە ئەرێنی هەڵسەنگێنرا.

رۆژی 31ی ئاداریش، دیلان یەشیلگۆز، جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیری بەرگری هۆڵەندا، گفتوگۆی لەبارەی پەرەپێدانی پێوەندیی دوولایەنە و دوایین  پێشهات و پەرەسەندنەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكە بە تەلەفۆن لەگەڵ مەسروور بارزانی تاوتوێ‌ كرد.

ئەم پێوەندیی و هاوئاهەنگییانە لەگەڵ وڵاتان كە تا ئێستەیش بەردەوامە، لە رۆژی دووی ئەم مانگەدا، سەرۆك وەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەڕ شێخ محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، پەرەسەندنەكانی دۆخی گشتی هەرێمی كوردستان و قەتەڕ و ناوچەكەی لەگەڵ مەسروور بارزانی تاوتوێ  كرد.

سەركۆنەی ئەو هێرشە تیرۆریستیانەیان كرد كە دەكرێنە سەر هەرێمی كوردستان و قەتەڕ  و نیگەرانی قووڵی خۆیان لە بەرانبەر پەرەسەندنی شەڕ و گرژییەكان لە ناوچەكە دەربڕی.

ئەم هەموو پێوەندیی و بەدەمەوەهاتنە بۆ كوردستان لەلایەن وڵاتانی دیناوە، بەڵگەیەكی روونە كە سەقامگیری كوردستان بۆیان گرنگە، ئەوەیشی ئەو پردی پێوەندیی و دیپلۆماسییەی دروست كردووە، مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستانە. 



وشە - سه‌رخێڵ هاشم