مامۆستای تێزی برایەتیی گەلان و تێكەڵكردنی كورد بە تورك مرد

:: AM:09:50:07/04/2026 ‌
مامۆستای تێزی برایەتیی گەلان و تێكەڵكردنی كورد بە تورك و لایەنگری سەرسەختی فاشیزمی عەسكەری "یاڵچین كوچوك" مرد. ئەو پیاوە توركەی چەندان ساڵە لەناو رۆحی پەكەكەدا بوو.

توركێك بەئاشكرا خۆی هاواری دەكرد و دەیگوت: من ئەمە بە راشكاوانە دەڵێم عەبدوڵلا ئۆجەلان كوردی توركیایە، سەرۆكایەتیی بارزانی قبووڵ ناكات.

یاڵچین كوچوك دەیگوت، كوردی توركیا كەمالیستن، دوای بارزانی ناكەون، یان دەیگوت من رێگەم نەدا كوردی توركیا دوای بارزانی بكەن، چونكە ئەگەر وا بوایە ئەوكات توركیا پارچە پارچە دەبوو، هەموویان دەبوونە مرۆڤی نەتەوەیی،  بۆیە پێمان باش بوو شوێنی ئۆجەلان بكەون و دوور بكەونەوە لە "كوردایەتی".

یاڵچین كوچوك دەڵێت: ئەوە ڕاستە كە ئۆجەلان زۆر هۆگری كەمال ئەتاتورك  پاشا دەكات دەڵێت: یەكەمجار لەگەڵ ئۆجەلان قسەم كرد گوتم: ئەی كە تۆ چەندەت كەمال "ئەتاتورك" پاشا خۆش دەوێ، چەندە بە توركیا وەفاداری.

یاڵچین كوچوك پاش ئەوەی كە زانكۆ تەواو دەكات، دەچێتە ناو ڕێكخستنی چەپەكان و دوای ئەوە لە دەزگای ڕێكخستنی پیلانەكانی دەوڵەتی توركیادا دەبێتە ئەندام. 

پاش هاتنە سەركاری ئەردۆغان، یاڵچین كوچوك لەو دەزگایە وەدەر دەنرێت. ئەو دەزگایە سەرجەم زانیارییەكانی دەوڵەتی تێدا كۆ دەكرێتەوە و تەنیا پلەدارەكانی حكوومەت دەتوانن بیانبینن.

 كوچوك هەر لە ساڵی 1960 بەملاوە لەو دەزگایەدا كاری كردووە، ئەمەش دەیسەلمێنێت كە كوچوك كاری بۆ دەوڵەتی توركیا كردووە.

دەكرێ ئەو زانیارییە زۆر و هەستیارانەی ناو كتێب و نووسراوەكانی كوچوك باشترین بەڵگە بێت لەسەر ئەوەی كە كوچوك، كاری بۆ دەوڵەتی توركیا كردووە و دەوڵەت هەوڵی داوە لە رێگەی كوچوكەوە دژبەرانی دەوڵەتی توركیا بە گشتی و چەپەكان و پەكەكەش بەتایبەتی، بخاتە ژێر چاودێرییەوە و لە بەرژەوەندیی دەوڵەتی توركیا بەكاریان بێنێت.

یاڵچین كوچوك و گرووپێكی تورك لە ساڵی 1970دا باسیان لە پرسی كورد كردووە. ئەوان لە ساڵی 1988دا گۆڤارێك بەناوی رزگاری كۆمەڵایەتی چاپ دەكەن. لە گۆڤارەكەدا كاریان بۆ پەكەكە كردووە. لەو سەردەمەدا پەكەكە هیچ دامەزراوەیەكی ڕاگەیاندنی نەبوو.

لەو قۆناغەدا فشارەكانی دەوڵەتی توركیا ڕۆژ بەرۆژ زیاتر دەبوون، بەڵام ئەو گرووپە دەتوانن بەشێوەی یاسایی مۆڵەتی بڵاوبوونەوەی گۆڤارەكە لە دەوڵەت وەربگرن و گۆڤارەكە چاپ بكەن، ئەمەش جێگەی گومان بوو.

دەوڵەتی توركیا پاش ساڵەكانی 1988 دەبینێت كە ژمارەی ئەو كەسانەی ڕوو لە پەكەكە دەكەن رۆژ بەڕۆژ زیاتر دەبن، دەوڵەت بۆ ئەوەی پەكەكە لە هێڵی كوردایەتی دوور بخاتەوە و بیهینێتە سەر هێڵی دەوڵەتی توركیا، زۆر رێگەی جۆراوجۆری تاقی كردنەوە. 

سەرەتا ژمارەیەكی زۆر ڕۆشنبیر و نووسەر چوونە پاڵ ئۆجەلان و لەو ڕێگەیەوە زانیارییان لە نێوان ئۆجەلان و دەوڵەتی توركیادا دەگواستەوە.

لە ناویاندا یاڵچین كوچوك باشتر لە هەمووان توانیبووی لە بەرژەوەندیی دەوڵەتی توركیا رۆڵ بگێڕێت. بە واتایەكی تر تێكەڵاوی یاڵچین كوچوك لەگەڵ پەكەكە پیلانێكی وردی بۆ دارێژرابوو. كوچوك لە ساڵی 1989دا دەچێتە لبنان و ڕاپۆرتیكی میدیایی لەسەر عەبدوڵا ئۆجەلان دەنووسێت.

كاتێك كوچوك لە ئەڵمانیاوە دەچێتە سووریا و دەگەڕیتەوە بۆ توركیا، ڤیدیۆ و وێنەكانی تایبەت بە دیمانەكەی لەگەل ئۆجەلان و مانەوەی لەگەڵ ئۆجەلان، لە فڕۆكەخانە لەلایەن پۆلیسەوە دەستیان بەسەردا دەگیرێت.

 بەڵام دواتر كەنالی "TRT”ی سەربە حكوومەتی توركیا، ئەو ڤیدیۆ و وێنانە بڵاو دەكاتەوە. لەو ڤیدیۆیانەدا كادرەكانی ئاكادیمیای مەعسووم كۆمكاز دەبینرێن و بەم شێوەیە دەوڵەتی توركیا زیاتر ئۆجەلان دەناسێنێت.

هەموو كەس دەزانێت كە لە ساڵەكانی 1988دا ئەنفال و كۆمەڵكوژیی كوردان لە هەڵەبجە روویان دا، ئەمەش كاریگەرییەكی بەرچاوی لەسەر بیر و هەستی ناسیۆنالیزمی كود لە باكور دانابوو.

 بەهۆیەوە بزووتنەوەیەكی گەورەی نەتەوەخوازی خەریك بوو لە باكور شكڵی دەگرت و دەوڵەتی توركیا باشی دەزانی، كە ئەو بزووتنەوە نەتەوەییە دەتوانێت پێش بكەوێت و بەهێز بێت. 

دەوڵەت بۆ ڕێگریكردن لە پەرەسەندنی بیری نەتەوەخوازانەی باكوری كوردستان، یاڵچینی بەكار هێنا بۆ ئەوەی جاریكی تر كوردەكان بە دەوڵەتەوە گرێ بداتەوە.

لەبەرئەوەی كە نەتەوەی كورد نەتەوەیەكی دیندارن، زۆر زەحمەت بوو لە دەوری حزبیكی ماركسی كۆببنەوە، بۆیە زۆربەی كوردەكانی باكور لە پارتی دیموكراتەوە نزیك بوون، بەتایبەتی لە هەرێمەكانی بۆتان و جولەمێرگ، چونكە ئەو هەرێمانە لەباری جیۆگرافییەوە لە هەرێمی باشووری كوردستانەوە نزیكن. لەو سەردەمەدا  پارتی وەك تاقە حزبی ناسیۆنالیستی كوردی چالاك بوو و تا ئاستێكی زۆر كاریگەریی لەسەر هەر چوارپارچەی كوردستان هەبوو.

 بەڵگەی زۆریش لەسەر ئەم دۆخە لە بەردەستدان، بەشداریی كوردەكانی هەر چوار پارچەی كوردستان لەگەڵ مەلا مستەفا بارزانی بەتایبەت لە شۆڕشەكانی ئەیلوول و گوڵان باشترین بەڵگەیە.

دەوڵەتی توركیا بۆ ئەوەی بتوانێ بزووتنەوەی بارزانی و هێزی پێشمەرگە لە باشوور تێكبشكێنێت و كاریگەرییەكانیان لەسەر باكووری كوردستان كەم بكاتەوە، یان ئەگەر بۆی بكرێت ئەو كاریگەرییانە بەیەكجاری لەناو ببات، لە باكور پیلانێكی دەست پێ كرد و یاڵچین و هاوڕێ چەپەكانی بۆ ئەمە دەوریان بینی.

كوچوك لە كاتی دادگاییكردنەكەی و لە بەردەم دادوەری باڵای توركیادا لە كاتی بەرگریكردن لە خۆیدا دەڵێت: لە حەفتاكاندا ئێمە تێگەیشتین كە ئەمەریكا پیلانێكی هەیەو دەیەوێت كوردەكان لە ڕێگەی ئاغا و شێخ و بارزانییەكانەوە لە دەوری یەك كۆ بكاتەوە. ئێمە دەمانویست ئەو پیلانەی ئەمەریكا پووچەڵ بكەینەوە، ئێمە رێگەمان نەدا كوردەكان ببنە لایەنگری بارزانی، بۆ ئەوەی بتوانین دژایەتی بارزانی بكەین پێویستمان بە كوردەكانی خۆمان هەبوو.

بە كورتی یاڵچین كوچوك نزیكەی 10 ساڵ (1988 هەتا 1998) پێوەندییەكی تۆكمە و نزیكی لەگەڵ پەكەكە و ڕێبەرەكەی ئۆجەلاندا هەبوو و لەو ساڵانەدا مامۆستا و ڕێنیشاندەری پەكەكە و رێبەرەكەی بووە. 

یاڵچین كوچوك دوێنێ دووشەم شەشی نیسان هەواڵی مردنی لە توركیا بڵاو كرایەوە.





وشە - سۆران عەزیز