چۆن پاكستان شەوی ڕابردوو "چاخی بەردین"ی بۆ "سەردەمی زێڕین" بگۆڕێت؟

:: AM:11:48:08/04/2026 ‌

پێشتر دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، هەڕەشەی گێڕانەوەی ئێرانی بۆ چاخی بەردین دەكرد، بەیانی ئەمڕۆیش دوای گەیشتنی هەردوولا بە ڕاگەیاندنی ئاگربەست بۆ ماوەی دوو هەفتە دووپاتی كردەوە، ئیتر سەردەمی زێڕینی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەست پێ دەكات. پاكستان وەك ناوەندگیری سەرەكی چۆن ئەم گۆڕانكارییەی دروست كرد و شەوی ڕابردوو چی ڕووی دا؟

بە گوتەی سەرچاوەكان، شەوی ڕابردوو كێبەركێیەكی درێژ و تاقەتپرووكێنی دیپلۆماسی بوو، كە پاكستان وەك ناوەندگیر و گوێزەرەوەی بۆچوون و پێشهاتەكان لە نێوان ئەمەریكا و ئێران مامەڵەی دەكرد، سەرچاوەیەكی پاكستانی كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێ، بۆ بی بی سی گوتی، گفتوگۆكان زۆر بەخێرایی و وردی ئەنجام دەدران و ئیسلام ئاباد ڕۆڵێكی گرنگی وەك ناوەندگیر لە نێوان واشنتن و تاران بینی.

ئەو سەرچاوەیە دەڵێ، سەرەتا بازنەیەكی بچووكی گفتوگۆ لەلایەن پاكستانەوە دروست كرا بۆ گواستنەوەی بۆچوونی هەردوولا بۆ یەكتر، سەرەتا دۆخی گفتوگۆكان زۆر خەمبار و ڕژد بوو، بەڵام ترووسكایی هیوا بۆ ئاگربەست و گەیشتن بە ڕێككەوتنی ڕاگرتنی جەنگ بوونی هەبوو، گفتوگۆكان درێژەیان كێشا و بەردەوامییان هەبوو و تا چەند سەعاتێك بەر لە كۆتاهاتنی ئەو مۆڵەتەی ترەمپ بە ئێرانی دابوو.

پاكستان ڕۆڵێكی گەورەی گێڕا، وەك ناوەندگیر، چەند هەفتەیەكە لەگەڵ تاران و واشنتن لەسەر هێڵە و بۆچوون و هەڵوێستەكان دەگوێزێتەوە، پێوەندییەكی مێژوویی و جیۆگرافی توندوتۆڵ و بەهێز بە ئێرانی دەبەستێتەوە و سنوورێكی درێژیان بەیەكەوە هەیە، پێوەندییەكانی نێوان تاران و ئیسلام ئابادیش بە برایانە ناوی دەبرێت.

لەلایەكی ترەوە پاكستان پێوەندییەكی بەتینی لەگەڵ حكوومەتی ئێستەی ئەمەریكا بە سەرۆكایەتیی دۆناڵد ترەمپ هەیە، بە تایبەت سوپاسالاری پاكستان موشیری سەربازی عاسم مونیر كە پێوەندییەكی بەهێز و نزیكی لەگەڵ ترەمپ هەیە، ترەمپیش ئەو بە پیاوێكی لێهاتوو ناو دەبات و دەڵێ، باشترین كەسە كە زیاتر لە ئێرانییەكان ئێران دەناسێت.

گەیشتن بە ڕێككەوتن بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەست كارێكی دڵنیا نەبووە، ئیسحاق دار وەزیری دەرەوەی پاكستان دوێنێ، تا ئێوارەی دوێنێ دووشەم زۆر گەشبین بووین بە گەیشتنە ڕێككەوتن و هەنگاوەكان بە ئاراستەی ڕاست دەڕۆیشتن، بەر لەوەی ئیسرائیل دووشەم هێرش بكاتە سەر ئێران و ئێرانیش لە بەرانبەردا بە 11 مووشەكی بالیستیك بۆردمانی سعوودیەی كرد.

لەگەڵ ئەوەیشدا پاكستان بەردەوام بوو لە هەوڵدان بۆ كۆنترۆڵكردنی دۆخەكە و ئەوپەڕی توانای خۆی خستە ڕوو، موشیری سەربازی عاسم مونیر سوپاسالاری پاكستان بە توندی ڕەخنەی لە ئێران گرت و بە ئەفسەرانی باڵای وڵاتەكەی ڕاگەیاندبوو، كە هێرشكردنی ئێران بۆ سەر سعوودیە گەورەترین كۆسپی خستە بەردەم گەیشتن بە ڕێككەوتن و چارەسەری گرفتەكان بە گفتوگۆ و دیپلۆماسییەت.

ئەمەیش بە بەهێزترین لێدوانی دژی ئێران بوو كە پاكستان دژی تاران ڕای گەیاند، چونكە ئیسلام ئاباد لەگەڵ ڕیاز ڕێككەوتنی بەرگریی هاوبەشیان هەیە، بەگوێرەی ڕێككەوتنەكە هەر یەكێك لەو دوو وڵاتە هێرشی بكرێتە سەر، وڵاتەكەی تر بەهانایەوە دەچێ و دێتە دەنگ، پاكستان ئەو ڕێككەوتنەی تا ئێستە چالاك نەكردووە، سەرەڕای ئەوەی ئێران بە بەردەوامی هێرش دەكاتە سەر سعوودیە.

لە نیوەشەوی ڕابردوو  محەمەد شەهباز شەریف سەرۆك وەزیرانی پاكستان لە تۆڕی ئێكس بڵاوی كردەوە، كە هەوڵە دیپلۆماسییەكان بە جێگیری و بەهێزی بەرەوپێشەوە دەڕۆن و توانای گەیشتن بە دەرئەنجامی بەرجەستەكراو لە داهاتوویەكی نزیك بوونی هەیە، داوای لە سەرۆك ترەمپ كرد كە بۆ ماوەی دوو هەفتە مۆڵەت بۆ ئێران درێژ بكاتەوە، لە بەرانبەردا ئێران گەرووی هورمز بۆ هەمان وادە دەكاتەوە.

ڕەزائەمیری موقەدەم باڵویزی ئێران لە پاكستان لە سەعات سێی بەیانی بە كاتی پاكستان لە تۆڕی ئێكس بڵاوی كردەوە، پێشكەوتن لە گفتوگۆكاندا هەیە و لە قۆناغێكی ئاڵۆز و هەستیارداین.

پێش سەعات پێنج، محەمەد شەهباز شەریف سەرۆك وەزیرانی پاكستان گەیشتنی هەردوولای بە ڕاگەیاندنی ئاگربەست ڕاگەیاند، داوای لە هەردوولا كرد كە 10ی ئەم مانگە نیسان/ئەپریل واتە ڕۆژی هەینی، شاندی هەردوولا لە ئیسلام ئاباد دەست بە گفتوگۆ بكەن.

سەرچاوەیەكی پاكستانی لەوبارەیەوە بۆ بی بی سی دەڵێ، تا ئێستەیش بە وریایی زۆرەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەكە دەكەین، ئەو متمانەیەی كە لە نێوان هەردوولا دروست كراوە فشەڵ و بە تەواوی هەردوولا متمانەیان بە یەكتر نییە و سوورن لەسەر هەڵوێستە توندەكانیان دژ بە یەكتر.

هەرچەندە دیپلۆماسییەتی پاكستان سەركەوتوو بوو لەوەی ئاگربەست لە نێوان تاران و واشنتن ڕابگەیەنێت و هەردوولا بهێنێتە سەر مێزی گفتوگۆ، بەڵام پرسیار ئەوەیە كە ئایا هەردوولا دەتوانن لەسەر چی و چۆن بە ڕێككەوتن بگەن؟


وشە - باز ئه‌حمه‌د