لەماوەی رابردوودا، بە فەرمانی مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان پێنج كاروانی نەخۆشانی تالاسیمیا بۆ نەشتەرگەری چاندنی مووخی ئێسك، ڕەوانەی دەرەوەی وڵات كراون. لە بەدواداچوونێكی "وشە"دا ئاشكرا بوو كە ناردنی كاروانی تر بەردەوام دەبێت.
140 نەخۆشی تالاسیمیا
ئەم پڕۆژەیە "ناردنی نەخۆشانی تالاسیمیا بۆ دەرەوەی وڵات" لەلایەن مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان پاڵپشتی دەكرێت، كە زیاتر لە 11 ملیار دیناری بۆ دابین كراوە و تایبەت كراوە بە 140 نەخۆشی تالاسیمیا بۆ ئەوەی بنێردرێنە دەرەوەی وڵات بۆ چاندنی مووخی ئێسك.
بەپێی بەدواداچوونی "وشە" ئەو 140 نەخۆشە لەسەر شارەكان دابەش كراوە، لە هەولێر 50 نەخۆش، لە سلێمانی 50 و لە دهۆكیش 40 نەخۆشن، كە ئەوانە دوو جۆرن بە بەخشەر /كەسی خۆی پێی دەبەخشێ/ و بێ بەخشەرن.
90 ملیۆن دینار خەرجی یەك نەخۆشە
د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، وێڕای سوپاسی بۆ مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان كە پاڵپشتیی پڕۆژەیەكی لەمشێوەیە دەكات رای گەیاند، ئەو نەخۆشانەی بەخشەرن تێچووەكەی 70 ملیۆن لەسەر حكوومەت دەكەوێت، هەروەها ئەوانەی بێ بەخشەرن 90 ملیۆن دینار لەسەر حكوومەتە.
پڕۆژەكە بۆ هەموو شارەكانی كوردستانە
د. سامان بەرزنجی دووپاتی كردەوە، پڕۆژەكە هەموو شارەكانی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە و تەنیا بۆ نەخۆشانی تالاسیمیایە.
لەبارەی بەردەوامی پڕۆژەكە، وەزیری تەندروستی باسی لەوە كرد كە ئێستە چەند نەخۆشێكی تر ئامادە دەكرێت و چاوەڕوان دەكرێت رەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیرانی كوردستانیان بۆ وەربگیرێ، لە ئایندەیەكی نزیكیشدا هەوڵ دەدرێت خزمەتگوزارییەكە بەشێوەیەكی فرەوان لە كوردستان بەردەست بكرێت.
خزمەتگوزارییەكە دەكاتە كوردستان
د. سامان بەرزنجی باسی لەوە كرد، سەنتەری چاندنی مووخی ئێسك لە دهۆك تەواو بووە، بڕیارە ئەمساڵ بخرێتە كار و ئەو كاتە پێویست بەوە ناكات نەخۆش رەوانەی دەرەوە بكرێت، جیا لەوەی مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان پێشتر بەردی بناغەی نەخۆشخانەیەكی شێرپەنجەی دانا، كە لەوێش كاری چاندنی مووخی ئێسك دەكرێت.
لەبارەی ئەوەی تا ئێستە لە كۆی ئەو 140 نەخۆشەی تۆمار كراون چەند كەس چارەسەری بۆ كراوە، وەزیری تەندروستی گوتی، زیاتر لە 60 نەخۆش لە پێنج كارواندا رەوانەی دەرەوەی وڵات كراون و ئەوانەی تریش لە داهاتوو رەوانە دەكرێن، كە تەواوی ماوەی پڕۆژەكە دوو ساڵ دەخایەنێت.
لە ماوەی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان یەكێك لە پێشینەی كارەكان گرنگیدان بوو بە سێكتەری تەندروستی، لەو ماوەیەدا چەندان نەخۆشخانەی نوێ كرانەوە و بەردنی بناغەی دەیان نەخۆشخانەی گرنگ لە شارەكانی كوردستان بەبێ جیاوازی دانران.