خاڵەكانی دانوستاندن.. ئاڵۆزییەك ئاگربەستی خستووەتە ژێر هەڕەشە و گومانەوە

:: AM:10:49:09/04/2026 ‌

ئاگربەستی نێوان ئەمەریكا و ئێران لە دووەم ڕۆژیدایە، لە دوای 38 ڕۆژ لە جەنگ، بەڵام مشتومڕی خاڵەكانی بنەمای دەستكردنەوە بە دانوستاندن تاران و واشنتن و میدیاكانی دنیای بەخۆیەوە سەرقاڵ كردووە. یەكێك لەو 10 خاڵەیشی كە لە ئەمەریكا بڵاو بووەتەوە، ساختەیە و لەلایەن زیرەكی دەستكردەوە ئێران نووسیویەتی و بڵاوی كردووەتەوە، وەك هەڵمەتێكی پروپاگەندە بۆ دروستكردنی ناكۆكی لە ناوخۆی ئەمەریكا.

دۆناڵد ترەمپ لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تروس سۆشیال لەوبارەیەوە نووسیویەتی، ئەو پلانەی دانوستاندن كە هەریەك لە نیویۆرك تایمزی شكستخواردوو و سی ئێن ئێنی درۆزن لەبارەی دانوستاندنەكان لەگەڵ ئێران بڵاویان كردووەتەوە، بە تەواوی ساختەن.

ئاماژەی بەوەیش دا، ئامانج لەو كارە شێواندن و لێدانە لە كەسایەتیی ئەوانەی بەشداریی پرۆسەی ئاشتی دەكەن و ئەو 10 خاڵەی بڵاو كراوەتەوە، جیا لە هەڵخەڵەتاندن هیچی تر نییە.

لەلایەكی ترەوە جەی دی ڤانس جێگری سەرۆكی ئەمەریكا و سەرۆكی شاندی ئەمەریكا بۆ دانوستاندن لەگەڵ ئێران ئاماژەی دا، سێ ڕەشنووسی بنەمای گفتوگۆكانی خوێندووەتەوە و یەكەمیان بە چات جی پی تی و لە ڕێگەی زیرەكی دەستكرد نووسراوە و خستمە تەنەكەی خۆڵەوە، دووەمیان زۆر لۆجیكییە و ئەوەیە كە ترەمپ پێشتر ئاماژەی پێ كردبوو، ئەوەیش وەك بنەمای گفتوگۆكان پشتی پێ دەبەسترێ، سێیەم ڕەشنووسیش زۆر توندە لە یەكەم و ساختەیە.

لەلایەكی ترەوە بەرپرسێكی ئەمەریكی بۆ ڕۆیتەرز دووپاتی كردەوە، پلانی وەستاندنی جەنگ لە 10 خاڵ پێكهاتووە، بەڵام ئەوە نییە كە ئێران وەك دەسپێشخەری ناردوویەتی، بگرە شتێكی ترە و كۆشكی سپی ڕەزامەندیی لەسەر داوە، تا جەنگ لەسەر بنەمای ئەو 10 خاڵە بوەستێنرێت.

لایەنی ئێرانیش دەسپێشخەری 10 خاڵی خۆی بڵاو كردووەتەوە و دەڵێ، لەسەر بنەمای ئەو 10 خاڵە دەست بە گفتوگۆكردن دەكرێت، كە خۆی لە كۆنترۆڵی تەواوی ئێران بەسەر گەرووی هورمز و هەڵگرتنی سزاكان و قبووڵكردنی ئەمەریكا بە پیتاندنی یۆرانیۆم لەلایەن ئێرانەوە، هەروەها كۆتاهاتنی جەنگ لە تەواوی بەرەكان بە لبنانیشەوە و كشاندنەوەی سەرجەم هێزەكانی ئەمەریكا و نەهێشتنی بنكە سەربازییەكانی لە ناوچەكە و قەرەبووكردنەوەی زیانەكانی جەنگ و بەخشینی بە ئێران. هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوكی دژ بە ئێران و ئازادكردنی پارە بلۆككراوەكانی ئێران لە بانكەكانی دنیا، بریتین لەو 10 خاڵەی ئێران بانگەشەی بۆ دەكات.

هاوكات بە قسەی میدیاكانی ئێران بێت، تاران داوای كردووە ئەو خاڵانە لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بڕیاریان لەسەر بدرێ، ڕێككەوتنی ئەمەریكا و ئێرانیش ببێت بە یاسایەكی نێودەوڵەتی و بۆ هەمیشە جێبەجێ بكرێت.

ئەمەیش لەلایەن كارۆلاین لیڤیت گوتەبێژی كۆشكی سپی بە تەواوی ڕەت كرایەوە، هەردوولایش پابەندن بە ئاگربەست و بڕیاریشە ڕۆژی شەموو جەی دی ڤانس و قالیباف لە ئیسلام ئاباد كۆ ببنەوە.

یەكلانەبوونەوەی خاڵەكانی بنەمای دەستكردنەوە بە دانوستاندن لە نێوان ئێران و ئەمەریكا و بوونی دەیان نموونە لەو خاڵانە كە لە ناو میدیاكان و تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی باسیان لێوە دەكرێ، جۆرێك لە تەمومژ و ناڕوونیی پێوە دیارە.

لەسەر ئاستی فەرمیش ناكۆكی هەیە و ئێران داوا دەكات ئاگربەست لبنان بگرێتەوە و شەهباز شەریفی سەرۆك وەزیرانی پاكستانیش پێشتر لە تۆڕی ئێكس ئەمەی بە فەرمی بڵاو كردەوە، بەڵام دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمەریكا و بنیامین نەتەنیاهۆی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل، ئەمە ڕەت دەكەنەوە و ئاماژە بەوە دەكەن، بەرەی جەنگ لە لبنان جیاوازە لە شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوەكان لەگەڵ ئێران.

هاوكات بڕیاری كردنەوەی گەرووی هورمز بە ڕووی كەشتییەكان تا ئێستە بە فەرمی نەخراوەتە بواری جێبەجێكردنەوە، دوێنێ تەنیا ڕێگە بە چوار كەشتی دراوە بە گەرووەكە تێپەڕ ببن، سوپای پاسدارانیش ئەمڕۆ ڕێنوێنیی هاتن و چوونی كەشتییەكانی بە گەرووی هورمز بەهۆی چاندنی مینی ئاوی لە گەرووەكە بڵاو كردووەتەوە، دوو ڕێڕەوی جێگرەوەی ڕێڕەوی سەرەكی تێپەڕین بە گەرووەكەی بۆ هاتوچۆی كەشتییەكان بە ڕەزامەندی و ئاگاداری پاسداران ڕاگەیاندووە.

هەموو ئەمانە ئاڵۆزی و ناڕوونییەكی زۆریان لەسەر ئاگربەست و چارەنووسەكەی دروست كردووە و تا ئێستەیش یەكلا نەبووەتەوە، زۆریش لەو بڕوایەدان كە ئەم ئاگربەستە تەنیا بە ناو بوونی هەیە و ململانێكان بەردەوامییان دەبێت.


وشە - باز ئه‌حمه‌د