لەبارەی ئەو چەكانەی كە دوو جار دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا ئاماژەی پێ كرد، وردە وردە زانیاریی دزەپێكراو ئاشكرا دەبن، بەڵام ئەوەی تا ئێستە بەڕووی ئاماژەی پێ كردووە، پەڕەیەكی فەرمی مۆسادە لە x كە كۆمەڵێك زانیاری بڵاو كردووەتەوە.
بە ڕوون و رەوانی، لاپەڕەكەی مۆساد نووسیویەتی، ترەمپ لەمدواییانەدا ئاشكرای كرد كە ئەمەریكا چەكی ناردووە بۆ حزبە كوردییەكان بە مەبەستی گەیشتن بە هێزەكانی ئۆپۆزسیۆن لە ناوخۆی ئێران، بەڵام نەگەیشتن و پێدەچێ ئەو حزبەی بۆی نێردراوە چەكەكانی لای خۆی گل دابێتەوە.
لە دوای بڵاوبوونەوەی ئەو لێدوانەی ترەمپ، حزبە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئێران هەرزوو رەتیان كردەوە كە هیچ چەكێكیان لە ئەمەریكاوە بۆ هاتبێت تا بیدەن بە خۆپێشاندەرانی ئێران.
وەك لاپەڕەكەی مۆساد نووسیویەتی، ئێستە وێنەیەكی ڕوونتر سەرهەڵدەدات، چەكەكان رۆیشتوون، بەڵام رێڕەوەكەی بۆ لای بافڵ تاڵەبانی گۆڕاوە و ئەویش لای خۆی گلی داوەتەوە. ئەوان دەڵێن، بافڵ تاڵەبانی سیاسییەكی عێراقییە و سیاسەتەكانی هاوتەریبن لەگەڵ بەرژەوەندییەكانی ئێران، ئەوەیش هۆكار بووە كە دەست بەسەر ئەو چەكانەدا بگرێت، ئەوەیشی بەستووەتەوە بەوەی چەند جارێك تۆم باراك نوێنەری ترەمپ چووە بۆ دەباشان.
راپۆرتەكە ئەوە بە مەترسییەكی گەورە دەزانێت، ئەگەر بسەلمێنرێ بافڵ تاڵەبانی دەستی بەسەر ئەو چەكانەدا گرتووە، وەك ترەمپ گوتی، بەبێ سزا بەسەر ناچێت.
ئەوەی جێی ئاماژەیە ئەوەیە لە سەرەتای دروستبوونی شەڕی نێوان ئەمەریكا لەگەڵ ئێران، قوباد تاڵەبانی رەتی كردەوە كە ئەوان پاڵپشتیی حزبە ئۆپۆزسیۆنە كوردەكانی ئێران بكەن لەو دۆخەدا.