"خامنەیی دەسەڵاتی تەواوی بۆ دانوستاندن بە قالیباف داوە"

:: AM:11:54:11/04/2026 ‌

ڕۆژنامەیەكی ئەمەریكی ئەمڕۆ شەموو بڵاوی كردەوە، موجتەبا خامنەیی ڕێبەری شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، دەسەڵاتی تەواو و ڕەهای بە محەمەد باقر قالیباف سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆكی شاندی ئێران بۆ دانوستاندنەكان لە ئیسلام ئاباد داوە، تا بێ گەڕانەوە و ڕاوێژكردن بە تاران بە ڕێككەوتن بگەن و بڕیار بدەن. هاوكات شاندی ئێران لە 70 پسپۆر و دیپلۆماتكار پێكهاتووە، ئەمەیش نیشانەی ڕژدیی ئێرانە لە گەیشتن بە ڕێككەوتن.

ڕۆژنامەی نیویۆرك تایمز بڵاوی كردووەتەوە، ئەو شاندەی ئێستەی ئێران كە لە ئیسلام ئابادن، دەسەڵاتی تەواو و ڕەهایان بۆ بڕیاردان  پێ دراوە و بە هیچ شێوەیەكیش داوای ڕاوێژكردن و گفتوگۆكردن لەگەڵ تاران بۆ بڕیاردان نەكەن، ئەمەیش بەهۆی سروشتیی هەستیار و یەكلاكەرەوەی دۆخی دانوستاندنەكان.

سێ بەرپرسی ئێرانی ئاگادار لە دانوستاندنەكانی پاكستان، بۆ ڕۆژنامە ئەمەریكییەكە  كە نەیانویستووە ناویان بڵاو بكرێتەوە، ڕوونیان كردووەتەوە كە ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، دەسەڵاتی ڕەهای بە سەرۆكی شاندی ئێران محەمەد باقر قالیباف بۆ گفتوگۆ و دانوستاندنەكان داوە، قالیباف نزیكی خامنەیی كوڕ و هاوڕێ و هاوپەیمانییەتی، هەموو دەسەڵاتێكی بۆ گەیشتنە ڕێككەوتن یان كشانەوە لە دانوستاندنەكان پێداوە.

دوێنێ شەو شاندی ئێران بە بەشداریی محەمەد باقر قالیباف سەرۆكی پەرلەمان و عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوە گەیشتنە ئیسلام ئاباد، بڕیاریشە سەرەتا لەگەڵ شەهباز شەریف سەرۆك وەزیرانی ئەو وڵاتە  كۆ ببنەوە، بەر لەوەی بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمەریكییەكان بچنە ناو گفتوگۆ و دانوستاندنەوە. شەو لە كاتی گەیشتنیشیان بۆ ئیسلام ئاباد لەگەڵ عاسم مونیر سوپاسالاری پاكستان كۆ بوونەوە.

نیویۆرك تایمز نووسیویەتی، دانوستاندنەكانی ئەمڕۆ زۆر بە ڕژدی دەست پێ دەكەن و  شاندی ئێران لە نزیكەی 70 كەس  پێكهاتووە، وەك دیپلۆماتكار و دانوستاندكار خاوەنی پسپۆری له بواری دارایی و سزاكان و بەرپرسانی سەربازی و ڕاوێژكارانی یاسایی بەشداری تێدا دەكەن.

وەلی نەسر پسپۆر و توێژەر لە كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئێران لە زانكۆی جۆنز هۆبكنز دەڵێ، ئەو بەشدارییە چالاكەی شاندی ئێران لە دانوستاندن مانای ئەوەی لێ دەكرێ كە تاران نایەوێ دەستی دەستی بكات، بە ڕژدی دەیەوێ دۆخەكە یەكلا بكاتەوە و بگاتە ڕێككەوتنێكی گشتگیر و هەمەلایەنە لەگەڵ ئەمەریكا.

نەسر كە پێشتر نوێنەری ئەمەریكا بووە لە ئەفغانستان لە ئیدارەی باراك ئۆباما، هێمای بۆ ئەوەیش كردووە، بەشێوەیەكی گشتی شاندی دانوستاندنەكان بەو ژمارە زۆرەوە نابن، تا دانوستاندنەكان نەگەن بە قۆناغەكانی كۆتایی و نزیكبوونەوە لە ڕێككەوتن، نەك بۆ تاقیكردنەوەی سەرەتای دەستپێكردنی دانوستاندنەكان.

ئومێد میماریان پسپۆری كاروباری ئێران لە پەیمانگەی داون، پێی وایە ئەو شاندە گەورە و باڵایەی ئێران لە ئیسلام ئاباد، نیشانە و ئاماژەی ئەوەیە گەورە سەركردەكان لە تاران پشتیوانیان دەكەن.

زیاتر گوتی، دیارترین پەیام كە ئێران دەیەوێ لە ڕێگەی شاندەكەی بیگەیەنێت ئەوەیە، كۆدەنگی لە ناوخۆی ئێران لەبارەی دانوستاندن و گەیشتن بە ڕێككەوتن لە بەرزترین ئاستی ڕژێمەوە بوونی هەیە و ئامادەیی گەیشتنن بە ڕێككەوتن.

لە ناو ئەو دۆسیانەی كە دەخرێنە سەر مێزی گفتوگۆی نێوان شاندی ئێران و ئەمەریكایش، كردنەوەی گەرووی هورمز بە ڕووی كەشتییە بازرگانی و نەوتهەڵگرەكان و بەرنامەی ناوكی ئێران و هەڵگرتنی تەواوی سزاكانی سەر ئێران، ئازادكردنی پارە بلۆككراوەكان و قەرەبووكردنەوەی زیانەكان بەهۆی جەنگەوە تووشی ئێران هاتوون، دەخرێنە بەرباس و گفتوگۆ.

ئەمەیش لە كاتێكدایە پێشتر ئێران دووپاتی كردەوە، هەر ڕێككەوتنێكی ئاشتی ئەگەر كاتی یان هەمیشەیی بێت، پێویستە هاوپەیمانە نزیكەكەی كە حزبوڵای لبنان و لبنانە بگرێتەوە و جەنگ لەو وڵاتەیش بوەستێنرێت، ئەمەیش بووەتە خاڵێكی ناكۆكی دیارە بەر لە دەستپێكردنی گفتوگۆكان، چونكە تا ئێستەیش بۆردمانی فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل بۆ سەر ئامانجەكانی حزبوڵا لە باشووری لبنان بەردەوامییان هەیە، تا ئێستەیش زیاتر لە هەزار و 500 كەس لە لبنان لە ئەنجامی بۆردمانەكانەوە كوژراون.

بڕیارە ئەمڕۆ شاندی هەردوو وڵات لە ئیسلام ئاباد دەست بە گفتوگۆ بكەن، دوای ئەوەی هەشتی ئەم مانگە نیسان/ئەپریل هەردوو وڵات بە ناوەندگیریی پاكستان توانیان ڕێككەوتنی ئاگربەست بۆ ماوەی دوو هەفتە ڕابگەیەنن و لەو ماوەیەیش لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاكستان بۆ گەیشتنە بە ڕێككەوتنێكی گشتگیر و هەمەلایەنە كۆ ببنەوە.

28ی شوبات/فێبرایەر ئەمەریكا و ئیسرائیل دەستیان بە بۆردمانی چڕی تاران و شارەكانی تری ئێران كرد، لە یەكەم بۆردمانیش عەلی خامنەیی ڕێبەری پێشووی كۆماری ئیسلامی ئێران و ژمارەیەك سەركردەی تری ئەو وڵاتە كوژران، موجتەبا خامنەیی ڕێبەری نوێی ئیسلامیی ئێرانیش بریندار بووە و تا ئێستە لە نەخۆشخانە چارەسەر وەردەگرێت. لە وەڵامی ئەوەدا ئێران بۆردمانی ئیسرائیلی كرد و هاوپەیمانەكانی ئەمەریكایش لە وڵاتانی كەنداو كردە ئامانج و ڕۆژانە بە درۆن و مووشەك ئامانجەكانی ئەمەریكای لە ناوچەكە بۆردمان دەكرد.


وشە - باز ئه‌حمه‌د