فیدان: ئیسرائیل لە هەوڵی ئەوەدایە توركیا بكاتە دوژمنی نوێ‌

:: PM:04:26:13/04/2026 ‌
هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی توركیا ئاماژەی بەوە كرد، لایەنەكان لە دانوستانەكانی نێوان ئەمەریكا و ئێراندا پێگەی سەرەتایی خۆیان خستووەتە ڕوو و ڕای گەیاند: "هەمیشە پێگەی سەرەتایی كەمێك داواكاریی لە بەرزترین ئاستدا دەبێت و دواتر لایەنەكان بە پشتیوانی نێوەندگیرەكان هەوڵ دەدەن لە خاڵێكدا بگەنە یەك، ئێستە هەردوولا لەبارەی ئاگربەستەوە ڕاستگۆن و درك بە پێویستییەكە دەكەن".

لە میانی بەشداری كردنی لە بەرنامەیەكی ئاژانسی ئانادۆڵۆدا، وەزیری دەرەوەی توركیا رای گەیاند، هەمیشە پێگەی سەرەتایی كەمێك داواكاریی لە بەرزترین ئاستدا دەبێت. دواتر لایەنەكان بە پشتیوانی نێوەندگیرەكان هەوڵ دەدەن لە خاڵێكدا بگەنە یەك، گرنگ ئەوەیە نیەتێكی جێگیر و هەمیشەییان بۆ گەیشتن بە ئاگربەست و بەردەوامبوونی هەبێت، "ئەوەی من دەیبینم، ئێستە هەردوولا لەبارەی ئاگربەستەوە ڕاستگۆن و درك بە پێویستییەكە دەكەن".

فیدان ئاماژەی بەوە كرد، پێویستە هەمیشە تێكدانی یارییەكە لەلایەن ئیسرائیلەوە لەبەرچاو بگیرێت و  بەردەوام ئەمە بە ئەمەریكییەكان و لایەنەكانی تریش دەڵێین، بەڵام ئێستە هەم ئەمەریكییەكان و هەم ئێرانییەكان گەڕاونەتەوە بۆ وڵاتەكانیان، ئێرانییەكان بەتایبەت هەڵسەنگاندن بۆ ئەو پێشنیازە دەكەن كە ئەمریكییەكان پێشكەشیان كردووە، پێموایە وەڵامێك دەدەنەوە.

لەبارەی ماوەی ئاگربەستەكەیش فیدان ڕای گەیاند: "كاتێك تەماشای ئەو بابەتانە دەكەیت كە دانوستانیان لەسەر دەكرێت، ڕەنگە لە ڕووی تەكنیكییەوە گونجاو نەبووبێت لە ماوەی 15 ڕۆژدا بگەنە بەڵگەنامەیەكی كۆتایی بۆ واژوو كردن و ئەگەر لایەنەكان بە باشی بچنە پێش، ڕەنگە ئاگربەستێكی زیادە بێتە ئاراوە بۆ ئەوەی گفتوگۆكان بۆ ماوەی 45 یان 60 ڕۆژ بەردەوام بن.


سەبارەت بە داخرانی گەرووی هورمز، وەزیری دەرەوەی توركیا  هاكان فیدان ڕای گەیاند: "خواستی هەموو دنیا ئەوەیە هاتوچۆی نێودەوڵەتیی ئازاد بێت و ڕێگریی لێ نەكرێت". هەڵوێستی ئێمە كردنەوەیەتی بە ڕێگای ئاشتییانە، دەستوەردان لەم شوێنە بە هێزێكی چەكداری ئاشتیپارێزی نێودەوڵەتیی ئاستەنگی زۆری هەیە".

سەبارەت بە پێشهاتەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وەزیری دەرەوەی توركیا ڕای گەیاند: "پێویستە هەموو وڵاتێك لە چوارچێوەی پەیماننامەیەكی تەناهییەكاندا پابەندبن بە یەكپارچەیی خاك، سەروەریی و ئاسایشی یەكترەوە".

فیدان ئەوەشی خستەڕوو كە دوای ئێران، ئیسرائیل ناتوانێت بەبێ دوژمن بژی، گوتی: "دەبینین نەتەنیاهۆ لە هەوڵی ئەوەدایە توركیا وەك دوژمنی نوێ ڕابگەیەنێت".


وشە - وشه‌