شەڕی 40 رۆژییەكەی نێوان ئەمەریكا و ئیسرائیل و ئێران زیانێكی زۆر گەورەی ئابووری هەبوو، نەك بۆ ئەو سێ وڵاتە، بەڵكو بۆ تەواوی وڵاتانی ناوچەكە و دنیا، جیا لە خەرجی چەك و پێویستییە لۆجیستییەكان و سووتەمەنی بۆ شەڕ، بووە هۆی وێرانكارییەكی گەورە و وەستانی هەناردنی نەوت و هیتریش، زیانەكان بە وەستانی كاتی شەڕەكە كۆتایی نەهاتووە و تا ئێستەش ئەو وڵاتانە و ناوچەكە و دنیا لە زیانەكانیان بەردەوامن، وەك راپۆرتەكان باسیان كرد، رووسیا سوودمەندترینی دنیایە لەو دۆخە.
ئێران بەدەر لەوەی بەهۆی سزاكانی ئەمەریكا و سیاسەتەكانی بەرەو پەرەپێدانی چەك و مووشەك و درۆن و توانا سەربازییەكانی و پاڵپشتیكردنی میلیشیاكانی گەورەترین زیانی كردووە و بەهای دراوەكەی زۆر دابەزیوە، هەر گەمارۆیەكی تری دەریایی بۆ سەر بەندەرەكانی و كەتی نەوتی رۆژانە 435 ملیۆن دۆلار زیانی بەر دەكەوێت، كە دەكاتە 13 ملیار دۆلاری مانگانە، 90%ی بازرگانیی دەرەكیی ئێران بە كەنداودا تێپەڕ دەبێت، هەر گەمارۆیەك بۆ سەر كەرتی نەوتی ئێران، دەبێتە هۆی وەستانی ئەو 1.5 ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە هەناردەی دەكرد، واتە رۆژانە 139 ملیۆن دۆلار زەرەر دەكات.
لە كەرتی پترۆكیمیایی، ئێران رۆژانە بای 54 ملیۆن دۆلار هەناردەی بەرهەمەكانی پترۆكیمیایی هەیە، زۆرینەی لە بەندەرەكانی ناو سنوورە گەمارۆدراوەكەی ئەمەریكایە، ئەوەش بە تەواوەتی دەوەستێت، داهاتی نانەوتیی ئێران بێ پترۆكیمیایی، رۆژانە بای 88 ملیۆن دۆلار كانزا و كاڵای جۆراوجۆر لە رێگەی كەنداو دەفرۆشێت، پێشبینی دەكرێت 90%ی بوەستێت، واتە لەدەستدانی 79 ملیۆن دۆلاری رۆژانە، زیاتر لە 90%ی بارزگانیی دەریاوانیی ئێران بە كەنداودا تێپەڕ دەبێت، ئەوانەش دەوەستن.
لەوانە مەترسیدارتر بریتییە لە سنوورداریی قەبارە و توانای ئەمباركردنی ئێرانە بۆ نەوتەكەی، كە شوێنی ئەمباركردنی 50 بۆ 55 ملیۆن بەرمیلی هەیە، كە 60%ی پڕە، واتە تەنیا شوێنی 20 ملیۆن بەرمیلی ماوە، ئەگەر رۆژانە 1.5 ملیۆن بەرمیلی لەسەر بمێنێتەوە و نەتوانێت هەناردەی بكات، ئەمبارەكانی لە ماوەی 13 رۆژ پڕ دەبن و ئەوكات ناچاری داخستنی بیرە نەوتەكانی دەبێت، ئەوەش زۆر مەترسیدارە و زیانی هەمیشەیی بە بیرەكان دەگەیەنێت و دەبێتە هۆی دزەكردنی ئاو و لەدەستدانی بەشێك لە نەوت كە ناتوانرێت چیتر دەربهێنرێت.
بۆیە لە سایەی كەمبوونەوەی بەرهەمهێنان لە 5 بۆ 8%ی ساڵانە، دەبێتە هۆی لەناوچوونێكی بەردەوامی بەرهەمهێنان لە نێوان 300 بۆ 500 هەزار بەرمیلی رۆژانە، واتە زیانێكی ساڵانەی نۆ بۆ 15 ملیار دۆلار بۆ هەتاهەتایە، هەموو ئەوانە كاتێك تمەنی ئێرانی لە 42 هەزار دۆلارەوە بۆ 1.5 ملیۆن دابەزیوە، لەگەڵ بوونی كۆتێكی رۆژانە لە نێوان 18 بۆ 30 دۆلار، كورتهێنانی گشتی لەو وڵاتە 47.5%یە، بۆیە لە حاڵەتی وەستانی تەواوەتیی سەرچاوەی دراوی بیانی بۆ ئێران، بەهای تمەن بەرەو ئەوپەڕی بێبەهایی دەچێت.
بۆیە لە سایەی زیانی ئێران لە كەرتی نەوتەكەی بە نزیكەی 435 ملیۆن دۆلاری رۆژانە، ئابووریی ئێران دەچێتە كێبەركێی داتەپین لەگەڵ كاتدا، ئەنبارەكانی نەوت لە ماوەی 13 رۆژدا پڕ دەبن، بیرە نەوتەكانی ناچاری داخستن و زیانی بەردەوام دەبنەوە، بەهای دراوەكەی زیاتر دادەبەزێت و بەرەو داتەپین دەچێت، شوێنگرەوە لۆجیستییەكانی بۆ بازرگانی لە كەنداو لە 10% كەمترە، ئاخۆ ئابووری ئێران تا چەند بەرگەی ئەو گەمارۆیە دەگرێت.