شارەزایەك: ترەمپ بە دەستبەتاڵی ناگەڕێتەوە

:: PM:09:17:13/04/2026 ‌

بەدەر لەوەی هەر شەڕێك كاریگەری و لێكەوتە و باجی خۆی هەیە، ئەو شەڕەی ئێران جیا لەوەی لە نێوان تەواوی هێزی سەربازیی ئەمەریكا بەرانبەر بە ئێران بە تەنیا نییە و رووسیا و چین و كۆریای باكور پاڵپشتی دەكەن، كاریگەریی گەورەی لەسەر پێگەی ناوخۆیی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا و هەڵبژاردنی حزبەكەی هەیە، ترەمپ دەستی بە شەڕێك كردووە و دەبێت دەستكەوتەكانی بدوورێتەوە و بۆ ناوخۆی ئەمەریكای رابگەیەنێت، بۆیە وەك شارەزایەك دەڵێت ئەو بە دەستبەتاڵی ناگەڕێتەوە.

پرۆفیسۆر خزر زەعروور مامۆستای پێوەندییە نێودەوڵەتییەكان لە زانكۆی نۆرس كارۆلاینا لە ئەمەریكا لە دیدارێك تیشك دەخاتە سەر ئەو شەڕەی دوایی و پێوەندییەكان لەگەڵ ئێران و ئامانجەكانی سەرۆكی ئەمەریكا و دەڵێت، واشنتن لە دانوستانەكانی دوایی ئەوپەڕی ستراتیجیەتی دیپلۆماسی پێڕەو كرد، ئەگەر رێك نەكەون، ئەمەریكا گورزێكی زۆر بەهێزتر لە ئێران دەوەشێنێت.

لە گرنگترین قسە و پێشبینییەكانی زەعروور، ئەگەری هەیە سەرۆك ترەمپ لە بەرانبەر گەیشتن بە رێككەوتن لەگەڵ ئێران چاو بە پیشنیازە 15 خاڵییەكەی بخشێنێتەوە.

خەرجیی هەفتانەی بوونی پارچە دەریاییەكانی ئەمەریكا لە ناوچەكە یەك بۆ دوو ملیار دۆلارە. 

دوای شكستهێنانی دانوستانەكان، جارێكی تر دەستی پێ دەكەنەوە و ئەگەری هەیە لە ماوەی دوو هەفتەی ئاگربەست تەنیا بە رێككەوتنێكی شێوەیی بگەن، چونكە ترەمپ بێ رێككەوتنَكی گونجاو هێزەكانی ئەمەریكا لە ناوچەكە ناكشێنێتەوە. 

خاوەن بڕیاری كۆتایی ترەمپە و دانوستانەكان وەستاون بەڵام كۆتاییان نەهاتووە، ترەمپ دانوستانەكان بۆ شەڕ ناوەستێنێت، بەڵكو دەیەوێ بەرنامەیەكی نوێ بۆ دانوستان دابنێت. 

ئێرانییەكان باش دەزانن ئەمەریكا رژدە، هێزەكانی ئەمەریكا لە ناوچەكە تەواو ئامادەن و ئەوجارە گورزێگی زۆر بەئازار لە ئێران دەدەن.

ترەمپ لای گرنگە ئەوجارە بگات بە رێككەوتن لەگەڵ ئێران و رەنگە چاوی بە 15 خاڵەكەی بۆ ئێرانی دیاری كردووە بخشێنێتەوە.

ترەمپ بێ رێككەوتن ناگەڕێتەوە، بۆیە هێزەكانی پاشەكەشە پێ نەكردووە و ئەگەری هەیە دوای دوو هەفتەكە شەڕ دەست پێ بكاتەوە.

كۆنگرێس بە شەڕەكە رازی نەبوو، بەڵام بوونی ئەو هێزەی ئەمەریكا لە ناوچەكە پەیامێكیشە بۆ چین و رووسیا و دڵنەواییە بۆ ئیسرائیل.

ترەمپ حەزی لە سەركەوتنی خێرایە و هێزەكانی ئەمەریكا بێ رێككەوتن ناوچەكە جێناهێڵن، چونكە ئەگەر ترەمپ تا مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ دۆخەكە یەكلا نەكاتەوە، واتە كاتی هەڵبژاردنەكان، وەك دۆڕاوێك ناوی دەچێتە ناو مێژوو.  

ترەمپ دەیەوێ ئێران گەرەنتی پێ بدات ئەوەی دەیەوێت پێی بدات، چونكە دەزانێت لە دوای مانگی تشرینی دووەم پاڵپشتیی پێویستی لە كۆنگرێس نابێت.  

رابەری ئێران تەنیا شێوەیە و بڕیارەكانی دانوستان و شەڕ و ئاشتی لە لایەن سوپای پاسدارنەوە دەدرێت، ئەو لەپشت پەردەوە شەڕەكە یەكلا دەكاتەوە و بڕیاری كۆتایی دانوستانی بەدەستە.

رابەری ئێران تەنیا گڵۆپی سەوز بۆ داواكاریەیكانی پاسداران هەڵدەكات و دەسەڵاتی تەواوی نییە، موجتەبا خامنەیی ئەگەر لەهۆش خۆشی بێت، كەسێكی بەئەزموون و دەسەڵات نییە، جیا لەوە ناڕوونی لەبارەی دۆخی تەندروستی هەیە و نازانرێت ماوە یان نا.

لە دوای هێرشەكان، سوپای پاسداران توانیویەتی خۆی بنیات بنێتەوە، ئەو لە ئێران باڵادەستە و بڕیاری كۆتایی لەبارەی دانوستانەكان لای ئەوە، ئەگەر لە بەرژەوەندیی خۆی بێت رێككەوتن واژوو دەكات، ئەگەر ببێتە هۆی لاوازبوونی بۆ شەڕ دەگەڕێتەوە.

ئەگەر شەڕ دەست پێ بكاتەوە، توڕەییەكی جەماوەری ئەمەریكی دروست دەبێت، بەهۆی گرانبوونی سووتەمەنی و نەوت، بۆیە ترەمپ لە گەیشتن بە رێككەوتن زۆر بەپەلەیە.

ترەمپ دەیەوێ كۆنترۆڵی نرخی نەوت بكات، دەیەوێ رێككەوتن بكات و كەمێك سازش بۆ ئێران دەكات و بە بەدەستهێنانی 70 بۆ 80%ی داواكارییەكانی رازییە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل