چین پێوستی به‌ ئێران و نایه‌وێ ئه‌مه‌ریكایش تووڕه‌ بكات

:: AM:09:32:19/04/2026 ‌
لە كاتێكدا دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمەریكا خەریكی جەنگە لە دژی ئێران كە زۆرینەی ئەمەریكییەكان دژی ئەو جەنگەن، لەو ناوەندەدا چین وەك ڕكابەرێكی سەرەكیی ئەمەریكا، ڕۆڵی ناوەندگیری ئاشتی دەگێڕێ و بەمشێوەیە خۆی دەردەخات، بێ ئەوەی هیچ فشارێك لەسەر ئێران دروست بكات و یان هەوڵی ورووژاندنی تووڕەیی ئەمەریكا بدات.

واشنتن پۆست لەوبارەیەوە نووسیویەتی، لە هەفتەكانی یەكەمی جەنگ، پەكین بە تەواوی بێدەنگ بوو، تەنانەت نیگەرانی خۆیشی لەبارەی كوشتنی عەلی خامنەیی ڕێبەری پێشووی ئێران ڕانەگەیاند، بەڵكو وەزارەتی دەرەوەی چین بە ڕاگەیەنراوێك دووپاتی كردەوە كە ئاگاداری ئەو ڕووداوانەیە.

پەكین بە وریای زۆرەوە سەیری دۆخەكە دەكات، خۆی وەك ناوەندگیرێكی ئاشتی پێشكەش دەكات، لە هەمان كاتدا دەیەوێ جەنگ لە ناوچەكە هەبێ، تا ئەو بتوانێ پەرە بە توانا سەربازییەكانی خۆی بدات. شرۆڤەكاران دەڵێن، ئەمجۆرە لە خۆپارێزییەی پەكین پێچەوانەی دیپلۆماسیەتی وردی پەكینە، كە دەیەوێ خۆی لە دروستكردنی گرژی لەگەڵ ئەمەریكا بە دوور بگرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا دەیەوێ خۆی وەك یەكێك لە زلهێزە سەرەكییەكانی دنیا پێشان بدات.

دۆسیەكانی ئابووری و وزە بۆ پەكین كاری لە پێشینەن و نایەوێ خۆی لە هیچ ململانێیەك بگلێنێت، بە تایبەت بەهۆی مەترسی و ناوبانگی ئەمەریكا بەهۆی هەڵەكانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئێستەیش پچڕاندنی گەیشتنی نەوت بە وڵاتانی دنیا لە ڕێگەی بەرپاكردنی جەنگ دژی ئێرانەوە.

لە بەرانبەر گەمارۆی ئەمەریكا بۆ سەر بازرگانی دەریایی ئێران كە چین سوودمەندی سەرەكییە، پەكین بە تەنیا ئەمەی بە هەنگاوێكی مەترسیدار و نابەرپرسیارانە ناوبرد و لەمە توندتری بە واشنتن نەگوت، جۆ جیاكون گوتەبێژ بە ناوی وەزارەتی دەرەوەی چین گوتی، ئەوە ڕووبەڕووبوونەوەكان زیاتر دەكات و گرژییەكان بەرزتر دەكاتەوە و ئاگربەست بە تەواوی لەرزۆك و فشەل دەكات، چین لەو بڕوایەدایە كە ڕاگەیاندنی ئاگربەستی تەواو و هەمیشەیی تاكە چارەسەرە بۆ ئەوەی دۆخێكی شیاو بۆ گفتوگۆ و گەیشتن بە ڕێككەوتن بێتە ئاراوە.

سەرەڕای ئەوەی پەكین خاوەنی هەژموونی جیۆپۆلەتیكی گرنگ و بەهێزە تا ئێران ناچار بكات ڕێككەوتن لەگەڵ ئەمەریكا واژوو بكات، بەڵام شی جین پینگ ئامادەیی بۆ ئەو كارە دەرنەبڕیووە، چونكە لەمەدا دەسكەوتی زۆری نابێت.

واشنتن پۆست نووسیویەتی، پرەنسیپی دەستوەرنەدان كە بنەمایەكی سەرەكی سیاسەتی دەرەوەی چینە، ڕەیان هاس بەڕێوەبەری پێشووی كاروباری چین و تایوان و مەنگۆلیا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی ئەمەریكا دەڵێ، چین نایەوێ سەرنج بخرێتە سەر ڕۆڵی لە جەنگی ئێران یان بەرزكردنەوەی ئاستی پێشبینییەكان لە چین، لەبارەی بەرپرسیاریەتی نوێ كە لە ئەگەری دەستوەردانی لە ناوچەكە دەستی دەكەوێت.

هاس دەڵێ، بۆ چین هەنگاونان بۆ سەپاندنی سەركردایەتی بەسەر ناوچەكە دەرفەت و دیارییەك نییە كە بهێنرێتە دی، بەڵكوو تەڵەیەكە و پیویستە لێی بە دوور بێت، وەك چۆن سەركێشییەكانی ئەمەریكا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووەتە وانەیەكی وریاكەرەوە بۆ پەكین.

جیا لەوەیش پەكین دەیەوێ هاوسەنگی پێوەندییەكانی لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بپارێزێت، بەمدواییە دیدار و كۆبوونەوەی لەگەڵ چەندان وڵاتانی كەنداو ساز كرد، هاوكات سەرۆكی چین هەفتەی ڕابردوو لەگەڵ پێدرۆ سانچێز سەرۆك وەزیرانی ئیسپانیا كۆبووەوە، كە یەكێكە لە توندترین و سەرسەختترین ڕەخنەگرانی جەنگ دژی ئێران. پەكین لەم ڕێیەوە دەیەوێ دنیا لە تێوەگلان و خلیسكان بۆ ناو جەنگ بە دوور بگرێ و چیتر یاسای دارستان لە دنیا ڕۆڵ نەگێڕێت.

لەگەڵ ئەو ڕۆڵە میانڕۆیەی پەكین دەیگێڕێت، بەڵام بەردەوامی جەنگ بۆ ماوەیەكی درێژ كاریگەریی مەترسیدار لەسەر چین دروست دەكات، بەتایبەت كە كۆگەكانی ئەمباركردنی نەوت زۆر زەبەلاح و گەورەن، كەچی جەنگ بۆ ماوەیەكی درێژ ئەو كۆگەیانە بە تاڵ دەكات و ئەمەیش تەنگژەیەكی قووڵ تووشی پەكین دەكات، سەرەڕای ئەوەی چین گەورەترین سەرچاوەی هەناردەی كاڵایە بۆ وڵاتانی دنیا،  بۆیە نایەوێ لە ڕێی سیاسەت و سەربازییەوە كێشەی بۆ دروست ببێت.

بەڵام سەرەڕای ئەوانە ئاماژەكانی هەڵئاوسان لەو وڵاتە ڕوو لە بەرزبوونەوە و نرخی سووتەمەنییەكان ڕوو لە بەرزبوونەوەن. ئەمانە كاریگەریی وێرانكەریان لەسەر ئابووری چین دەبێت.

چو یۆنگ بیاو پسپۆر لە زانكۆی لانزهۆ دەڵێ، چین خۆی وەك ناوەندگیری سەرەكی دەرناخات، بەڵام ئامادەیە پشتیوانی هەموو هەوڵێك بۆ ناوەندگیری لە نێوان تاران و واشنتن بكات و چیتر بەنزین بەو ئاگرەدا نەكرێت.


وشە - باز ئه‌حمه‌د