بەهۆی بارانەوە زیانێكی زۆر بەشەقام و پرد لە هەرێمی كوردستان گەیشتووە، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ لافاو لە سیدەكان دوو پردی رووخاند و قوتابخانەیەكیش ئاو چووەتە ناوی.
ئەمساڵ رێژەی بارانبارین لە هەرێمی كوردستان زۆر بوو، بەو هۆیەوە لە هەموو شار و شارۆچكە و شارەدێەكان زیان بەر شەقام و پرد گەیشتووە و بەشی زۆریان پر بوون لە تاسە و چاڵ و چۆڵی.
لە سنووری سلێمانی بەپێی ئامارەكانی شارەوانی، زیان بەر چەندان پرد و كەوتووە كە پێویستیان بەنۆژەنكردنەوە هەیە، زیانێكی زۆر بەر قیری شەقامەكان كەوتووە كە بۆ پڕكردنەوە و چاككردنەوەیان دەبێت وەزارەتی شارەوانی بڕیاری بەپەلە بدات.
لەمبارەیەوە بەڕێوەبەری گشتیی رێگەوبانی سلێمانی رایدەگەیێنێت، زیانە کەڵەکەبووەکان گەیشتوونەتە 10 ملیار دینار و پلانێکی نوێش بۆ نۆژەنکردنەوەی 49 پڕۆژە بە گوژمەی 19 ملیار دینار پەسندکراوە.
لە هەولێریش زیانەكان كەمتر نین لە سلێمانی و دهۆكیش زۆرترین بارانی تێدا باریوە و بەگوتەی بەرپرسانی شارەوانی، زیانەكانی شەقام و پردی هاتوچۆی گوندەكان بەهۆی بارانەوە گەلێكن.
شەوی رابردوو لافاو لە سنووری سیدەكان هەبووە و بەگوتەی قایمقامی شارۆچكەكە، زەرەری زۆری مادی هەبووە، بەڵام هیچ زیانێكی گیانی نەبووە، زیانی گەورەش بەر كەرتی رێگەوبان كەوتووە.
وەك باسی دەكات، لافاو دوو پردی رووخاندووە و هەریەك لە گوندەكانی (نزاریا، قۆڕان، هۆرە، سنینان، پیرەكە)، ئاستەنگی هاتوچۆیان بۆ دروست بووە.
لە گوندی پیرەكە لافاو چووەتە ناو قوتابخانەیەك بەهۆیەوە دەوامی تێدا راگیراوە، تیمەكانی بەرگریی شارستانی دەستیان بە كاركردن كردووە بۆ ئەوەی لە دوو رۆژی داهاتو قوتابخانەكە پاك بكرێتەوە و دەوامی تێدا ئاسایی بكرێتەوە.