وڵاتی دۆمینیكان بڕیاری وەرگرتنەوەی ڕەگەزنامەی وڵاتەكەی لە ئەبو فەزڵ شەمخانی كوڕی عەلی شەمخانی ئەمینداری پێشووی ئەنجوومەنی بەرگریی ئێران سەندەوە، ئەمەیش پەردەی لەسەر لایەنێكی تری تۆڕی هەژموون و دارایی منداڵی سەركردەكانی ئێران لە دەرەوەی وڵات هەڵدایەوە، كە سامانی دزراوی وڵات سپی دەكەنەوە و دەینێرنە دەرەوە، تا وەك ڕووكەش سامانی سەربە ڕژێم و پاسداران بۆ بەرژەوەندییەكانی ئێران لە دەرەوە بەكار بهێنن.
بڕیاری وەرگرتنەوەی ڕەگەزنامەی لە ئەبو فەزڵ شەمخامی لەلایەن دۆمینیكانەوە بەهۆی شاردنەوەی زانیاری گرنگ دێت، لە كاتێ پێشكەشكردنی داوا بۆ وەرگرتنی پاسپۆرتی زێڕین، چونكە لە ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان دەركەوتووە، كە ئەو بە ناوی خوزراوی "سامی حایك" داوای پێشكەش كردووە و یاری بە زانیارییەكان كردووە، پێوەندی بە تۆڕی تاوان و گەندەڵی هەبووە.
ئەو ڕووداوە بە بڕوای چاودێران، بەشێكە لە دۆسیەیەكی فرەوان كە دۆسیەی "
ئاغازادەكان" ناسراوە كە مەبەست لێی كوڕ و كچ و نەوەی سەرانی ئێرانە، كە تۆڕی دارایی ئاڵۆزی ئێران لە دەرەوەی وڵات بەڕێوە دەبەن، خۆی لە وەبەرهێنان و دروستكردنی كۆمپانیا و بانك لە ژمارەیەك وڵاتی دنیا دەبینێتەوە.
خەمڵاندنەكان دووپات لەوە دەكەنەوە، قەبارەی ئەو پارەیەی منداڵی سەركردەكانی ئێران لە دەرەوە هەیانە، دەگاتە 148 ملیار دۆلاری ئەمەریكی، پێشتر مەحموود بەهمانی سەرۆكی پێشووی بانكی ناوەندی ئێران گوتی، منداڵی ئاغازادەكان 148 ملیار دۆلاریان لە بانكی دەرەكی هەیە، زیاتر لە پێنج هەزار كوڕ و كچی سەركردەكانی ئێران ئەو پارەیەیان بەسەردا دابەش كراوە و لە دەرەوە بۆیان خراوەتە سەر هەژماری بانكی تایبەت.
ئەمەریكا دركی بە گرنگی ئەو دۆسیەیە كردووە و سزای بەسەر عەلی حەسەن شەمخامی سەپاند كە وەك پەنجەرە و دەروازەی بەرژەوەندییە داراییەكانی پاسداران، لە دەرەوە كار لە بوارەكانی نەوت و پترۆكیمیایی و بەندەرەكان دەكات.
تۆماری سزاكان ئەوە دەردەخەن كە برایانی شەمخانی گرووپێكی كارگۆ و گواستنەوە بەڕێوە دەبەن، ڕۆڵی سەرەكی دەگێڕن لە گواستنەوەی نەوتی ئێرانی بۆ دەرەوە، هاوكات وەزارەتی دادی ئەمەریكا لە شەشی ئادار/مارسی ڕابردوو داوایەكی بۆ دەستگرتن بەسەر 15.3 ملیۆن دۆلاری ئەمەریكی بەرز كردەوە كە خاوەنداری بۆ ئەو تۆڕە دەگەڕێتەوە، حوسێن شەمخانی سەركردایەتیی دەكات و پارەی نەوتی ئێران لە ڕێی قەوارە و كۆمپانیای نێودەوڵەتی سپی دەكرێنەوە.
لە پشت ئەو دیمەنانەوە ڕژێمی ئێران دروشمی "دەستپێوەگرتن و بەرگری" بەرز كردووەتەوە، بەڵام ڕاپۆرتەكان دووپات لەوە دەكەنەوە، تۆڕێكی دارایی فراوان لە ڕێی كۆمپانیا و دەرفەتی وەبەرهێنانی وەهمی لە ئاسیاوە بۆ ئەوروپا درێژ بوونەتەوە و كار بۆ ڕژێمی ئێرانی دەكەن.
چاودێران نایشارنەوە ئەو تۆڕانە هاوشێوەی دەوڵەتێكن لە دەرەوە كە منداڵی سەركردەكانی ئێران لە ڕێگەی ناوی وەهمی و بەشێوەی نایاساییەوە دروستیان كردووە، وەك ئامرازێكی پارەداركردن بۆ سەپاندنی هەژموونی سیاسی و سەربازی لە دەرەوەی سنووری ئێران بەكاری دەهێنن.
ڕاپۆرتەكان باس لەوە دەكەن، ڕۆڵی ناڕاستەوخۆ لەو دۆسیەیە لەلایەن بازنەیەكی تەسكی سەرانی ڕژێم بەڕێوە دەبرێت، لە ناویاندا موجتەبا خامنەیی ڕێبەری شۆڕشی ئیسلامیی ئێران بوونی هەیە، وەك پێشتر بلومبێرگ بڵاوی كردەوە، خاوەنی تۆڕێكی فراوانی وەبەرهێنان و خانووبەرەیە لە دەرەوە كە لەندەن و ئەوروپا وێستگەی سەرەكی ئەو وەبەرهێنانەیەتی.
زانیارییەكان ئەوەیشیان خستووەتە ڕوو، عەلی ئەنساری كە یەكێكە لە دیارترین بەرپرسانی دارایی ئەو تۆڕە فراوانە بەڕێوە دەبات، وەك بریكار بۆ شاردنەوەی ناوی خاوەنی ڕاستەقینە كار دەكات.
جیا لەوانە كوڕەكەی قالیباف "ئەلیاس" و مەحموود ڕەزا خاوەری تۆمەتبار دەكرێن، كە تۆڕێكی ئاڵوگۆڕی دراو و بانكیان لە ئاسیا هەیە، بەتایبەتیش لە هۆنگ كۆنگ، بۆ ئەوەی ئاڵوگۆڕ و حەواڵەكردنی دراو لە دەرەوە بۆ ناوەوەی ئێران و بە پێچەوانەوە، بە ئاسانی بۆ ڕژێم ئەنجام بدەن.
پێشتر وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا سزای بەسەر ژمارەیەكی زۆر كۆمپانیای دارایی و تۆڕی ئاڵوگۆڕ و حەواڵەی دراو سەپاند، كە بەرپرسن لەوەی مانگانە بە دەیان ملیۆن دۆلار بۆ بەرژەوەندیی فەیلەقی قودسی سەربە سوپای پاسداران ئاڵوگۆڕ و حەواڵە بكەن.