ڕۆژنامەیەك: ئێران لە زۆرینەی دۆسیەكان نەرمیی بۆ ئەمەریكا نواندووە

:: PM:12:54:20/04/2026 ‌
ڕۆژنامەیەكی ئیسرائیل لە زاری سەرچاوە ئاگادارەكانەوە بڵاوی كردەوە، تاران نەرمیی نواندووە لە بەرانبەر داواكانی ئەمەریكا تەنیا بەرنامە مووشەكییەكەی نەبێت كە ئامادە نییە دەسبەرداری بێت، بەڵام ڕازی بووە و نەرمی نواندووە لەوەی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ببرێتە دەرەوەی ئێران و دەست لە پشتیوانی سەربازیی گرووپەكانی لە وڵاتانی ناوچەكە هەڵبگرێ و گەرووی هورمز بكاتەوە.

ڕۆژنامەی ئیسرائیل هیوم لە زاری سێ سەرچاوەی دیپلۆماسی ئەمەریكی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گواستوویەتییەوە، ئێران ڕازی بووە تەواوی یۆرانیۆمی پیتێنراوی خۆی بباتە دەرەوەی ئێران، بەڵام تا ئێستە بڕیار لەسەر ئەوە نەدراوە، دەبرێتە كوێ و كامە وڵات. یەكێك لە بژارەكان بریتییە لە ڕووسیا كە ئامادەیی خۆی بۆ وەرگرتنی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران پێشان داوە، یان ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوكی كە كۆگەیەكی هەڵگرتن و چارەسەركردنی یۆرانیۆمی پیتێنراو لە ئەمەریكا بۆ هەڵگرتنی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران بەكار دەهێنێت و ڕادەستی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوكی دەكرێت.

ڕۆژنامەكە نووسیویەتی، ئەمەریكییەكان داوا دەكەن بەشدار بن لە پرۆسەی دیاریكردنی ئەو شوێنەی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێرانی لێ هەڵدەگیرێت، بەڵام ئێران ڕازی نییە و ئامادەیە تەنیا ڕێ بە كارمەندانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوكی بدات كە بەو كارە هەڵبستن.

ئەو پێشكەوتن و لێكگەیشتنانە لە نێوان ئێران و ئەمەریكییەكان وایكردووە كە جۆرێك گەشبینی دەربكەوێت، وەك سەرۆكی ئەمەریكایش دووپاتی لەوە كردەوە، بەڵام تا ئێستەیش خاڵی ناكۆكی زۆر ماون و لەلایەن هەردوولا لێكگەیشتنیان لەسەر نەكراوە.

لەبارەی ناكۆكییەكانەوە ڕۆژنامەكە لە زاری سەرچاوەكانەوە گواستوویەتییەوە، ناكۆكیی سەرەكیی ئێستە لەسەر بەرنامەی مووشەكی بالیستیكی ئێرانە كە سوپای پاسداران ڕەتی دەكاتەوە، كۆت و بەند بخرێتە سەر بەرنامە مووشەكییەكەی، هاوكات پرسی پشتیوانی تارانیش بۆ گرووپە بریكارەكانی لە وڵاتانی ناوچەكە خاڵێكی تری ناكۆكیی نێوان هەردوو وڵاتە.

هەرچەندە تاران نەرمی لەبارەی پرسی پشتیوانی میلیشیا و گرووپە بەكرێگیراوەكانیشی لە وڵاتانی ناوچەكە نواندووە، پێشڤەچوون لەسەر ئەم دۆسیەیەیش بوونی هەیە، تاران ئامادەیی دەربڕیوە كە یارمەتی ناسەربازی پێشكەشی ئەو گرووپانە بكات، وەك دووبارە نۆژەنكردنەوەی ماڵی چەكدارانی حزبوڵا لە لبنان، لە بەرانبەر ئەوەیشدا واشنتن ئامادەیی دەربڕیوە وەك هەنگاوی یەكەم، 20 ملیار دۆلاری پارەی بلۆككراوی ئێران ئازاد بكات، بەو مەرجەی كە بۆ مەبەستی مەدەنی سوودی لێ وەربگرێت.

ئێران دووپاتی كردووەتەوە، ئەو بڕە پارەیە بەس نییە بۆ پڕكردنەوەی پێویستییە سەرەكییەكان و نۆژەنكردنەوەی ناوچە وێرانكراوەكان بەهۆی جەنگەوە، هاوكات ڕەتی دەكاتەوە كە قبووڵی سەرپەرشتیار و چاودێر بەسەر چۆنیەتیی خەرجكردنی ئەو پارەیە بكات.

لەبارەی دۆسیەی گەرووی هورمزەوە، تاران ئامادەیە كە لە داواكاری سەپاندنی باج بەسەر كەشتییەكان پاشگەز ببێتەوە، بەڵام بەهۆی بەرهەڵستی گەورە بەرپرسانی سوپای پاسداران، مەرجی كردنەوەی گەرووی هورمزی بەستووەتەوە بە هەڵگرتنی گەمارۆی ئەمەریكی بۆ سەر بەندەرەكانی ئێران.

سەرچاوەكان پشتڕاستی دەكەنەوە، ئەگەر گفتوگۆكان لەسەر ئەو شێوازە نەرمەی ئێران بەردەوامی هەبێت، ئەگەری زۆرە ئەمەریكا وادەی ئاگربەست درێژ بكاتەوە و دانوستاندنەكان بەردەوامیان هەبێت.

بەرپرسان لە واشنتن هێما بۆ ئەوە دەكەن، هۆی نەرمی نواندنی ئێران بۆ فشاری زۆری ئابووری و نەمانی یەدەگی دراو لەلایەن ڕژێمی ئیسلامیی ئێران و خراپبوونی زیاتری دۆخی ئابووری دەگەڕێتەوە، كە تەنانەت بەر لە جەنگیش زۆر خراپ بوو و هەژاری لە سەرانسەری وڵات بڵاو بووەتەوە.


وشە - باز ئه‌حمه‌د