سەرچاوەكانی ئاسایشی دەریایی بڵاویان كردەوە، كەشتیی بارهەڵگری بازرگانیی ئێران بە ناوی "
تۆسكا" كە لە ڕۆژی یەكشەمی ڕابردوو لە ئاوەكانی دەریای عەرەب دەستی بەسەردا گیرا، هەڵگری ئەو مادە و كەلوپەلانە بووە كە دەكرێ لە بواری سەربازی لەلایەن سوپای ئێرانەوە بەكار بهێنرێن.
ڕۆژی یەكشەم دوای شەش سەعات هۆشداری و ئاگەداری پێدان، دواجار هێزەكانی ئەمەریكا تەقەیان لە كەشتیی تۆسكا كرد و هێزەكانی مارێنز دابەزینە سەر كەشتییەكە و دەستیان بەسەردا گرت، بەهۆی ئەوەی گەمارۆی ئەمەریكای بۆ سەر بەندەرەكانی ئێرانی شكاند، ئەو كەشتییە سەر بە گرووپی كەشتی بارهەڵگری سەربە ئێرانە و پێشتر لەلایەن ئەمەریكاوە سزای بەسەردا سەپێنراوە.
فەرماندەی ناوەندی هێزە هاوبەشەكانی ئەمەریكا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست "سێنتكۆم" بڵاوی كردەوە، بەهۆی وەڵامنەدانەوە و بە ڕژدی وەرنەگرتنی هۆشدارییەكان و پێشێلكردنی گەمارۆی ئەمەریكا بۆ سەر بەندەرەكانی ئێران، هێزەكانمان دەستیان بەسەر كەشتییە ئێرانییەكەدا گرت.
كۆنترۆڵكردن و گرتنی كەشتییە ئێرانییە بە تەواوی ڕوونە، بەڵام ئەو بارەی هەڵیگرتبوو چی بووە؟ تا ئێستە قسەی لەسەر نەكراوە، سەرچاوەكانی تەناهی كە نەیانویستووە ناویان بڵاو بكرێتەوە ئاماژەیان داوە، بەگوێرەی هەڵسەنگاندنە سەرەتاییەكان، ئاماژە و ئەگەری زۆر هەن كە كەشتییەكە هەڵگری مادە و كەلوپەلی دوولایەنە بووە، كە هەم بۆ بواری سەربازی و پیشەسازی كەڵكیان لێ وەردەگیرێت و لە ئاسیا ئەو كەلوپەلانە كڕاون و هەوڵ دراوە بۆ ئێران بگەڕێننەوە.
پێشتر ئەو كەشتییە بەهەمانشێوە ئەو جۆرە مادە و كەلوپەلانەی گواستووەتەوە كە بەكارهێنانیان بۆ چەندان بوار كەڵكی لێ وەرگیراوە، هەرچەندە تا ئێستە فەرماندەی ناوەندی هێزە هاوبەشەكانی ئەمەریكا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست "سێنتكۆم" بڵاوی نەكردووەتەوە بە فەرمی كەشتییەكە هەڵگری چ شتێك بووە، بەڵام زانیارییەكان ئاماژە بەوە دەكەن، كانزای جۆراوجۆر و بۆڕی و پێكهاتەی ئەلیكترۆنی لە ناو كەشتییەكە بە ڕێژەی زۆر بوونی هەبووە، كە دەكرێ لە بواری پیشەسازی و پیشەسازی سەربازیدا سوودیان لێ وەربگیرێت.
بەگوێرەی شیكاری وێنەی مانگە دەستكردەكان كە كۆمپانیای شیكردنەوەی داتاكان سینەماكس بڵاوی كردووەتەوە، پێش گەڕانەوەی بۆ ئێران، كەشتیی تۆسكا لە كەناراوەكانی بەندەری تایتسانگی چینی باكوری شەنگەهای لە 25ی ئادار مارس بینراوە، دواتر گەیشتووەتە بەندەری قاوولانی باشوور لە ڕۆژی 29 و 30 ئادار/مارس لە چین و پاشان لە بەندەری پۆرت كلانگ لە مالیزیا لە ڕۆژانی 11 و 12ی نیسان/ئەپریل كۆنتێنەری زیاتری هەڵگرتووە و ئینجا بەرەو ئێران گەڕاوەتەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران داوای كرد، دەسبەجێ كەشتییەكە و تیمی كەشتیوانییەكەی ئازاد بكرێن و ڕەوانەی ئێران بكرێنەوە، ئەمەیش لە كاتێكدایە تا ئێستە هیچ زانیارییەك لەبارەی تیمی كەشتیوانی سەر ئەو كەشتییە بڵاو نەكراوەتەوە، لە كاتێكدا زۆرینەی كەشتییەكانی ئێران، كاپتن و بەرپرسانیان ئێرانین و كەشتیوانانی تریش هەڵگری ڕەگەزنامەی پاكستانین.
كەشتییەكە سەربە گرووپی هێڵی گواستنەوەی دەریایی ئێرانە كە یەكێكە لە كۆمپانیا زەبەلاحەكانی ژێر دەستی سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامیی ئێران، لەنگەرگرتنی لە دوو بەندەری چینی بەر لە گەڕانەوەی بۆ ئێران گومانی ئەوەی دروست كردووە، كە هەڵگری كەلوپەلی پیشەسازی سەربازی بێت بۆ ئێران، چونكە پێشتر چەندان سەرچاوە و ڕاپۆرتی میدیاكانی دنیا پشتڕاستی ئەوەیان كردەوە، چین یارمەتی و كۆمەكی سەربازی لە جەنگ پێشكەشی كۆماری ئیسلامی ئێران دەكات.
لە بەرانبەر ئەو كارەی ئەمەریكا، وەزارەتی دەرەوەی چین نیگەرانیی قووڵی خخۆی لە بەرانبەر دەستبەسەرداگرتنی زۆەملێی كەشتییەكی بارهەڵگری ئێرانی لەلایەن واشنتنەوە ڕاگەیاند، داوای لە هەردوو وڵات كرد كە پابەندی ڕێككەوتنی ئاگربەست بن و بەرپرسیارانە مامەڵە بكەن.
هاوكات دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمەریكا گوتی، كەشتیی تۆسكا ناوی لە لیستی سزاكانی ئەمەریكایە بەهۆی تۆماری پێشووی لە جووڵە نایاساییەكان، سوپای ئەمەریكا لێكۆڵینەوە دەكەن، تا بزانن چی باركردووە و چی لەسەر كەشتییەكە هەیە.
لە كۆتایی ساڵی 2019 ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا سزای بەسەر گرووپی هێڵی گواستنەوەی دەریایی سەربە ئێران سەپاند، كۆمپانیاكەی بە بڵاوكەرەوەی چەك و كەلوپەلی سەربازی بۆ گرووپە چەكدارە بریكارەكان و كڕیارانی ئێران و گواستنەوەی كەلوپەلی تایبەت بە پەرەپێدانی بەرنامەی مووشەكی بالیستیكی ئێران تۆمەتبار كرد.