رێكار دوای ئەوەی لەلایەن یەكێتییەوە سووتێنرا هەڕەشەیش لە ماڵباتەكەی كراوە

:: PM:03:53:21/04/2026 ‌
یەكێك لەو گەنجانەی كە لە شەڕەكەی 22ی ئابی رابردوو لە هۆتیڵ لالەزار لەلایەن چەكدارانی یەكێتییەوە كوژرا و تەرمەكەی سووتێنرا، گەنجێكی سنووری سۆران بوو بەناوی "رێكار عەبدولڕەزاق". ئەو تەنیا خەمی نەخستە دڵی ماڵباتەكەی، بەڵكو دڵی كوردستانیانی تەنگ كرد. 

رێكار عەبدولڕەزاق یەكێك بوو لە شەڕكەرە بە تواناكی هۆتێل لالەزار كە بۆ ماوەی زیاتر لە سەعاتێك رێگەی نەداوە چەكدارانی ئەو حزبە سەر دەربكەن، دواجار بە فەرمانی بافڵ تاڵەبانی بە درۆنێك دەیكەنە ئامانج و هەر لە پشتی پیبكابەكەیەوە دەیكوژن و تەرمەكەی دەسووتێنن. 

هەر ئەوەیش نا، بۆ زیاتر لە مانگێك تەرمی رێكار لە پزیشكی دادی سلێمانی دەستی بەسەردا گیرابوو، تا دواجار لە ڕێگەی گوشاری زۆرەوە درایەوە ماڵباتەكەی.

هەر ئەو كاتە باوكی رێكار عەبدولڕەزاق لە چەند كاتێكی دیاریكراو، وێنەی كوڕەكەیان بەرز كردووەتەوە كە لە ناو بەدیلگیراوەكانی لالەزار بووە و لە وێنەكەدا بە بازنەی سوور كوڕەكەیان نیشان كردووە، یەكێتی بۆ دانەوەی تەرمەكەی ئەوكاتە مەرجی دانا كە ماڵباتەكەیان هیچ قسەیەك نەكەن. 

كەسێكی نزیكی ئەو ماڵباتە بە "وشە"ی گوت، هەشت مانگە رێكار كەسەری خستووەتە دڵی ئەو ماڵباتە و رۆژ و شەویان نەماوە لە داخی كوڕەكەیان. 

ئەو كاتە یەكێتی ویستی بە بڵاوكردنەوەی لێدوانێك كە بە ئارەزووی سەرانی یەكێتی دراوە، ئابڕووچوونی كوشتنی رێكار عەبدولڕەزاق پەردەپۆش بكەن، بەڵام ئێستە سەرجەم خێزانی بەدیل گیراوەكان زیاتر و زیاتر خەمی ڕۆڵەكانیانە، لە كاتێكدا بە بێ دادگاییكردن تا ئێستە لە گرتووخانە نهێنییەكانی یەكێتی هێڵراونەتەوە و لە ژێر ئەشكەنجە و قامچی جەلادەكانی یەكێتین، لە پاڵ ئەوەیشدا دوای بڕیاكەی لاهوور شێخ جەنگی مانیان گرتووە. 

ئەو كەسەی نزیك لە ماڵباتی رێكار زیاتر گوتی، لەلایەن یەكێتی گوشارێكی زۆر لە خێزانی رێكار دەكرێت كە ئەم بابەتە لەوە زیاتر نەورووژێنرێت، بەتایبەتی كە دۆخی یەكێتی لە دەڤەرەكە زۆر خراپە.

ئەو گوتی، بەشێك لە كەسوكاری ئەوان مووچەخۆری یەكێتین، باوكیشی مووچەی خانەنشینی لە یەكێتی وەردەگرێت، ناڕاستەوخۆ پێیان گوتراوە خۆتان تووشی كێشە و نانبڕاوی مەكەن.

رێكار گەنجێكی ئەم وڵاتە بوو كە هەموو ئامانجی وەرگرتنی مووچەیەكی مانگانە بوو لەلای لاهوور شێخ جەنگی، بەڵام بەهۆی فیشەكی چەكدارانی یەكێتی بۆ تاهەتایە ئومێدەكانی خرایە ژێر گڵ. 

رووداوی لالەزار پەڵەیەكی رەشە بەسەر یەكێتییەوە و ئێستەیش مەترسیی زیاتر لەسەر گیراوانی لالەزار دروست بووە كاتێك بڕیاری مانگرتنیان داوە. 

شەوی 22ی ئابی رابردوو، چەكدارانی یەكێتی بە بڕیاری بافڵ تاڵەبانی هەڵیانكوتایە سەر هۆتیڵ لالەزار شوێنی مانەوەی لاهوور شێخ جەنگی، دوای دوو سەعات شەڕ و رووبەڕووبوونەوە، چەندان كەس كوژران و بریندار بوون و زیاتر لە 220 كەسیش گیران، بەشێك لەوانە ئازاد كراون، ئەوانەیشی لە گرتووخانەن 48 سەعاتە مانیان گرتووە. 



وشە - وشه‌