ڕژێمی ئیسلامیی ئێران دەسەڵاتی زیاتری بەو ئەفسەرانەی سوپای پاسداران داوە كە لە عێراق سەرپەرشتیی گرووپە چەكدارە بەكرێگیراوەكانی دەكەن و بەهۆی فشاری جەنگ و ئابوورییەوە، داوای لێكردوون بێ گەڕانەوە بۆ تاران، هێرش و جووڵە چەكدارییەكانیان ئەنجام بدەن و بەرپرسێكی میلیشیاكانیش دەڵێ، ئێمە سەر بە حكوومەت و سەرۆك وەزیرانی عێراق نین و هاوپەیمانی ئێرانین، هاوشێوەی حزبوڵای لبنان و ئەنساروڵا لە یەمەن.
زۆرینەی گرووپە چەكدارە بەكرێگیراوەكانی ئێران لە عێراق لە بودجەی دەوڵەتی عێراق پارەدار دەكرێن و خراونەتە سەر دامەزراوەی تەناهی وڵاتەوە، ئەمەیش ڕەخنە و ناڕەزایی زۆری ئەمەریكا و زۆر وڵاتی تری لێ كەوتووەتەوە و لە جەنگی ئەمەریكا و ئێرانیش ڕەخنە لە بەغدا دەگرن، بەوەی نەیتوانی هەڵوێستێكی كرداری بێلایەن و یەكلاكەرەوەی هەبێت.
سەرەڕای فشارە زۆر و بەردەوامەكانی ئەمەریكا، بەغدا كۆشش دەكات بۆ نەهێشتنی ئەو گرووپانە و وەڵامدانەوەیان، پێنج بەرپرس بۆ ئاژانسی ئەسیۆشەیتد پرێس كە نەیانویستووە ناویان بڵاو بكرێتەوە گوتوویانە، گرووپە چەكدارەكان زۆر توندڕۆتر بوون لە جاران و ئێستە لە ژێر سەرپەرشتی ڕاوێژكارانی ئێرانیدان، پەیكەری سەركردایەتیی نامەركەزییان بۆ بەڕێوەبردنی گرووپەكان داناوە.
بەرپرسی یەكێك لەو گرووپە میلیشیانە كە مافی ئەوەی نییە لێدوان بدات، بۆیە ناوی بڵاو نەكردووەتەوە دەڵێ، گرووپە جیاجیاكان دەسەڵاتی كاركردنی جیاوازیان پێدراوە، بەگوێرەی هەڵسەنگاندنی گۆڕەپانی جەنگ، هەڵوێست و كاردانەوەی گرووپەكان دەگیرێتەبەر، بێ گەڕانەوە بۆ تاران و بەرپرسانی باڵای ئەو گرووپە جیاجیایانە.
جەنگ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست فشەڵی دامەزراوەكانی دەوڵەتی عێراقی دەرخست و سنوورداری تواناكانی لە ڕێگرتن لەو گرووپانە بۆ هەمووان ڕوون كردەوە، بووە هۆی ئەوەی ڕووبەڕووبوونەوەی بەردەوام لە نێوان واشنتن و ئەو گرووپە میلیشیایانە هەبن و تەنگژەكان لە عێراق قووڵتر بكەنەوە.
ئەو گرووپانە وەك شوێنكەوتەی ئێرانن لە ناوچەكە و لە دوای هێرشی ئەمەریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، دەستیان بە هێرشكردنە سەر بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە عێراق كرد. سەرەڕای ئەوەی ئێستە ئاگربەست لە نێوان واشنتن و تاران ڕاگەیەنراوە، بەڵام واشنتن بەردەوام دەبێ لە هەوڵەكانی دژ بەو گرووپە چەكدارانە لە ڕووی سەربازی و سیاسییەوە، بەتایبەت بەهۆی ئەوەی ئێستە ئازادیی كاركردن و بڕیار و هێرشیان بەشێوەی سەربەخۆیانە هەیە.
هەینی ڕابردوو ئەمەریكا سزای بەسەر حەوت سەركردە و ئەندامی باڵای چوار لەو گرووپە چەكدارە توندڕۆیانەی ئێران لە عێراق سەپاند، مایكڵ نایتس سەرۆكی بەشی توێژینەوە لە كۆمپانیاری هۆریزۆن ئنگیگ بۆ ڕاوێژبەخشین لە مەترسیە جیۆپۆلەتیكییەكان و توێژەر لە پەیمانگەی واشنتن بۆ سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی نزیك دەڵێ، تا ئێستەیش ئەمەریكا وا بیر دەكاتەوە كە ئازادە لە لێدان و مامەڵەكردن لەگەڵ میلیشیاكانی ئێران لە عێراق، بۆیە ئێستە كار دەكات، تا حكوومەتێك لە عێراق دروست ببێت، كەمترین هەژموونی ئەو میلیشیانەی بەسەرەوە بێت.
دوای چەند ڕۆژێك لە هەڵگیرسانی جەنگ لەلایەن ئەمەریكا و ئیسرائیل دژی ئێران لە 28ی شوبات/فێبرایەر، شاندێكی ئێرانی گەیشتوونەتە هەرێمی كوردستانی عێراق و پەیامێكی ڕوونیان داوە، ئەگەر هێرشی میلیشیاكان بۆ نزیك بنكەی سەربازی ئەمەریكی و بەرژەوەندییە بازرگانی و نێردە دیپلۆماسییەكانیان ئەنجام درا، دەسەڵاتدارانی كورد نابێ سكاڵا و ناڕەزایی دەرببڕن، لە كاتێكدا توانایان نییە كە ئەمەریكییەكان لە ناوچەكە دوور بخەنەوە.
بەرپرسێكی باڵای حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ
ئەسیۆشەیتد پرێس دەڵێ، ئەوان گوتیان دەسەڵاتیان بە سەركردەكانی ئێران لە ناوخۆی عێراق هەیە. پێشتر كاتێك میلیشیاكان هێرشیان دەكردە سەر كوردستان، بەرپرسانی كوردستان پێوەندییان بە بەرپرسانی ئێرانەوە دەكرد بۆ پرسیاركردن لەبارەی هۆی بە ئامانجگرتنیان، ئەو بەرپرسەی كوردستان گوتی، ئەمجارە ویستیان خۆیان پێش بخەن و بڵێن، ناتوانین یارمەتیتان بدەین، لە مامەڵەكردن لەگەڵ گرووپە چەكدارەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق.
بەرپرسانی میلیشیاكان دووپات لەو زانیارییانە دەكەنەوە و دەڵێن، سەربەخۆیی تەواو بە گرووپەكان لە گۆڕەپانی جەنگ درابوو و ئۆپراسیۆنەكان بە مەركەزی ئەنجام دەدران، مەهدی كەعبی گوتەبێژ بە ناوی بزووتنەوەی نوجەبا یەكێك لە میلیشیاكانی ئێران لە عێراق كە هێرشیان كردە سەر ئەمەریكا لە عێراق دەڵێ، هاوئاهەنگی لەگەڵ ئێران بۆ ئەنجامدانی هێرشەكان ئەنجام دەدرێ، بەڵام ئامادە نەبوو وردەكاریی زیاتر بخاتە ڕوو.
كەعبی گوتی، بەهۆی ئەوەی ئێمە هاوپەیمانی كۆماری ئیسلامیی ئێرانین، بە دڵنیاییەوە هاوئاهەنگی لەگەڵ برایانمان لە ئێران دەكەین.
مایكل نایتس دەڵێ، سەركردەی سەرەكی میلیشیاكانی ئێران لە عێراق لە ماوەكانی كۆتایی جەنگ جۆرێك لە پاشەكشەیان كرد و بەشداری ڕاستەوخۆی ئۆپراسیۆنەكانیان نەدەكرد، بەرپرسان لەو گرووپە میلیشیایانەیش دەڵێن، بۆردمانەكانی ئەمەریكا زۆرینەی سەركردەی پلە مامناوەندەی گرووپە چەكدارەكانی دەكرد، ئامانج و تا ڕاگەیاندنی ئاگربەستیش سەركردەی پلە یەكی هیچ یەكێك لە گرووپە چەكدارەكان نەكوژرا.
نایتس دەڵێ، ئەمەریكا سەرنجی خستە سەر بە ئامانجگرتنی كەسایەتییە دیارەكان لە ناو شانەی ڕاوێژكارانی سوپای پاسدارانی ئێران كە لەگەڵ گرووپە چەكدارەكان لە عێراق كار دەكەن. لە ئەنجامی بۆردمانێك لە گەڕەكی جادرییەی بەغدا سێ ڕاوێژكاری پاسداران لە خانووێك كوژران، كە وەك بارەگای كۆبوونەوەكانی خۆیان بەكاریان دەهێنا و بەرپرسێكی میلیشیاكانیش دووپاتی لەو زانیارییانە كردەوە.
كرۆكی هەوڵەكانی حكوومەت بۆ ڕاگرتنی ئەو گرووپە چەكدارانە بێ دەرئەنجامە، چونكە ئەو گرووپانە كە حكوومەت دووپات دەكاتەوە، ناتوانێ كۆنترۆڵیان بكات، پێوەستن بە حزبی سیاسی كە حكوومەتیان بردووەتە دەسەڵات، چوارچێوەی هاوئاهەنگی كە هاوپەیمانێك گرووپە چەكدارە شیعەكان و حزبەكانی تری شیعەی سەربە ئێران پێكیان هێناوە، ئەوان لە 2022 محەمەد شیاع سوودانیان وەك سەرۆك وەزیرانی عێراق دیاریی كرد، ئێستەیش وەك سەرۆك وەزیرانی كاربەڕێكەر لە پۆستەكەی ماوەتەوە.
گرووپە چەكدارەكانی سەربە ئێران كە ئامانجەكانی ئەمەریكا بۆردمان دەكەن شاراوە نین، بەڵكو بەشێكن لە هێزەكانی حەشدی شەعبی لە دوای كەوتنی مووسڵ لە 2014 بە دەستی داعش پێكهێنراون، حەشدی شەعبی بە جۆرێك پێشكەوتوو و بەهێز بووە كە تواناكانی لە سەرووی توانای سوپای عێراقەوەیە، چەكدارانی مووچە لە حكوومەت وەردەگرن و دەتوانن دەستیان بە هەموو شوێنێكی دەوڵەت بگات و پارە و زانیاری لە هەموو شوێنێك وەربگرن. سەرەڕای ئەو سوودە زۆرەی لە عێراق وەریدەگرن، بەشێك لەو گرووپانە ئامادەن كە بەرژەوەندییەكانی ئێران بخەنە سەرووی بەرژەوەندیی نیشتمانی عێراقەوەیش.
ئەسیۆشەیتد پرێس پێوەندی بە نووسینگەی سوودانی كرد بۆ قسەكردن لەسەر ئەو دۆسیەیە، بەڵام وەڵامیان نەدایەوە، بەرپرسێكی كورد لە عێراق و دیپلۆماتكارێكی ڕۆژئاواییش دەڵێن، ئەمەریكا سەرنجی لەسەر نەهێشتنی ئەو گرووپە چەكدارانە چڕ كردووەتەوە، بەوهۆیەوە فشاری زیاتر لەسەر حكوومەتی عێراق دروست دەكات كە تا ئێستەیش حكوومەتێكی كاربەڕێكەرە.
هەفتەی ڕابردوو باڵوێزی عێراق لە ئەمەریكا بانگهێشت كرا، تا سەركۆنەكردنی ئەمەریكای پێ بگەیەنرێت، بەهۆی ئەو هێرشانەی میلیشیاكان دەیكەنە سەر ئەمەریكییەكان، تۆمی بیگۆت گوتەبێژ بە ناوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا دووپاتی لەو زانیارییانە كردەوە.
بیگۆت گوتی، ئەمەریكا لێبوردە نابێ بەرانبەر بەو هێرشانەی بەرژەوەندییەكانی بە ئامانج دەگرن، چاوەڕوانی ئەوە لە حكوومەتی عێراق دەكات كە تەواوی ڕێوشوێنە پێویستەكان دەستبەجێ بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو گرووپە چەكدارانەی ئێران بگرێتەبەر.
سوودانی پێشتر هەندێك هەنگاوی سنوورداركردنی دەسەڵاتی میلیشیاكانی نا، لە ڕێگەی بەهێزكردنی ڕۆڵی حەشدی شەعبی و دوورخستنەوەی بەشێك لە سەركردەی گرووپەكان كە پێشێلی دەسەڵاتی دەوڵەتیان دەكرد، ئەم هەنگاوانەی بەرگری و ناڕەزایی توندی لە ناو میلیشیاكان لێ كەوتەوە، ئەمەریكا بۆ ئەو كارە میلیشیاكانی پۆلێن كردووە، كەتیبەكانی حزبوڵای عێراق و بزووتنەوەی نوجەبا و كەتیبەكانی سەیدولشوهەدا خراپترینیان بە بەراورد لەگەڵ گرووپەكانی تر كە تەواوی لەگەڵ سیستمی سیاسیی عێراق خۆیان گونجاندووە، بەرپرسێكی كورد لەوبارەیەوە دەڵێ، میلیشیاكان خراپن، بەڵام خراپترینیشیان هەیە.
مەهدی كەعبی گوتەبێژی نوجەبا دەڵێ، ئێمە هاوپەیمانی ئێرانین و ئەوەیش شەرعییەتی لە عێراق هەیە، بزووتنەوەكەمان بەشێكە لە بەرەی موقاوەمە لە تەك حزبوڵای لبنان و ئەنساروڵا لە یەمەن، لە هەمان كاتدا لە چوارچێوەی سیستمی سیاسی عێراق كار دەكەین و پشتیوانی دەوڵەت و حكوومەتین كاتێك خزمەتی نیشتمان بكات. ڕاستە ئێمە سەربە حكوومەت و سەرۆك وەزیران نین، بەڵام ڕێز لە یاسا و دەستوور دەگرین.