تۆڕی سی ئێن ئێن پەردە لەسەر نهێنییەكانی پشت بڕیاری درێژكردنەوەی ماوەی ئاگربەست لەلایەن دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بڵاو دەكاتەوە و ئاماژەی داوە، نەبوونی ناوەندی بڕیار لەلایەن ئێران و داوای پاكستان بۆ بەخشینی دەرفەتی زیاتر، وایكرد كە واشنتن وادەكە درێژ بكاتەوە.
سی ئێن ئێن نووسیویەتی، دوێنێ سێشەم دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ تیمی ئاسایشی نەتەوەیی لە كۆشكی سپی كۆبووەتەوە، بۆ ئەوەی بڕیارێكی چارەنووسساز بدەن و بگەن بەو ئەنجامەی كە هەنگاوی داهاتووی ئەمەریكا چی دەبێت.
كاتی كۆتایی ئاگربەست نزیك بووبووەوە و فڕۆكەیەك لە ڕێڕەوی فڕینی بنكەی ئەندرۆزی ئاسمانی لە ئامادەباشیدا بوو، بۆ ئەوەی لە ئەگەری ئەنجامدانی گەڕێكی تری دانوستاندن، دەسبەجێ جەی دی ڤانس و شاندی یاوەری بەرەو پاكستان ببات، بەڵام حكوومەتی ئەمەریكا ڕووبەڕووی بێدەنگییەكی درێژ بووەوە لەلایەن ئێرانەوە.
ڕۆژانی پێشتر ئەمەریكا پەیامێكی بە كۆمەڵێك خاڵی گفتوگۆكردن لە ڕێگەی پاكستان ڕەوانەی ئێران كردبوو، كە خواستی واشنتنی پێشان دەدا بۆ گفتوگۆكردن لەسەر ئەو خاڵانە لە دووەم دانیشتندا، بەڵام چەند ڕۆژێك تێپەڕی و ئەمەریكا هیچ وەڵامێكی لە ئێرانەوە پێنەگەیشت، ئەمەیش گومانی لە ئاستی توانای جەی دی ڤانس و ئەوانی تریش دروست كرد كە هەر جۆرە پێشڤەچوونێك لە دانوستاندنەكان بێتە كایەوە، لە ئەگەری ڕۆیشتنی بۆ پاكستان و ئەنجامدانی گەڕێكی تری دانوستاندنەكان، سێ بەرپرسی ئاگادار ئەمەیان بۆ سی ئێن ئێن پشتڕاست كردەوە.
لە كاتێكدا ترەمپ لەگەڵ جەی دی ڤانس و ماركۆ رۆبیۆی وەزیری دەرەوە و پیت هیگسەسی وەزیری بەرگری و دان كیین سوپاسالاری ئەمەریكا و جۆن راتكلێفی سەرۆكی هەواڵگری ئەمەریكا، لە كۆشكی سپی لە كۆبوونەوە بوو، هیچ وەڵامێكی ئێران تا ئەو كاتەیش نەگەیشتبووەوە ئەمەریكا.
بەرپرسانی ئەمەریكا بە عاسم مونیری سوپاسالاری پاكستانیان ڕاگەیاندبوو كە تا وەڵامێك لە ئێرانەوە نەبیستن، جەی دی ڤانس ناچێتە ناو فڕۆكە و گەشت بەرەو پاكستان ناكات. دوای چەندان سەعات چاوەڕوانی هەر ئێران بێ وەڵام بوو.
لە كۆشكی سپی گەورە یاریدەدەرانی ترەمپ گەیشتنە ئەو باوەڕی كە هۆكاری سەرەكی نەگەیشتنی وەڵام لەلایەن ئێرانەوە بۆ ئەمەریكا، بریتییە لە دابەشبوون و جیاوازی لە ناو سەركردەكانی ئێران، هاوكات بە وردی لەو پەیامانەیش ناگەن كە ناوەندگیرانی پاكستان بۆ تارانی دەگوێزنەوە.
حكوومەتی ئەمەریكا گەیشتە ئەو باوەڕی كە ئەمەریكییەكان لەسەر هەڵوێستێك خۆیان پێ یەكلا ناكرێتەوە، یان لەسەر ئاستی ئەو دەسەڵاتانەی كە بە دانوستاندكارانی ئێرانی دراوە بە تایبەت لەبارەی یۆرانیۆمی پیتێنراو لە وڵاتەكە، كە خاڵی سەرەكی ناكۆكییەكانی ناو گفتوگۆ و دانیشتنە ڕاستەوخۆكەی پێشووی ئەمەریكا و ئێران بووە.
واشنتن وای دەبینێت، یەكێك لە هۆكارەكان ئاڵۆزبوون و ئەگەری ئەوە هەیە كە موجتەبا خامنەیی ڕێبەری نوێی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، ڕێنوێنی و بڕیار بۆ كەسانی تر دەربكات، یان لەوانەیە ناچار بن خەمڵاندن بۆ ئەوە بكەن كە خامنەیی كوڕ چی دەوێ و ئامانجی چییە.
بەرپرسانی ئەمەریكی دەڵێن، هەوڵەكانی خامنەیی كوڕ بۆ دووركەوتنەوە لە دەركەوتن، بووەتە كۆسپ لە بەردەم شاندی دانوستاندكاری و حكوومەتی ئێران، سەرەڕای ئەو كۆسپانە یەكێك لە بەرپرسان دەڵێ، ئەگەری دانیشتنی ڕاستەوخۆ لە داهاتوویەكی نزیك لە نێوان شاندی ئەمەریكا و ئێران هێشتا ماوە و بە بنبەست نەگەیشتووە، بەڵام كاتی ئەو دانیشتنە تا ئێستە ڕوون نییە.
بەهۆی ئەو ئەگەر و هیوایەوە، دۆناڵد ترەمپ لەبری ئەوەی دەست بە وەشاندنی گورزی سەربازی بكاتەوە، بڕیاری درێژكردنەوەی ماوەی ئاگربەستی لەگەڵ ئێران ڕاگەیاند، ئەمجارە كاتی كۆتایی ئاگربەست دیاری نەكراوە و دەڵێ، بەرپرسانی ئێران بە تەواوی دابەش بوون، بەڵام ئەو تا ئێستەیش سوورە لەسەر ئەوەی بە ڕێگەی دیپلۆماسی چارەسەری كێشەكان بكەن.