لێدوانە زۆر و دژ بەیەكەكانی ترەمپ سەری لە ئێران و دنیا شێواندووە

:: PM:01:18:22/04/2026 ‌
لێدوانە زۆر و بەردەوامەكانی سەرۆكی ئەمەریكا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تروس سۆشیال و چاوپێكەوتنە زۆرەكانی لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە لەگەڵ ڕۆژنامەوان، جۆرێك لە ناڕوونی لە ستراتیجی ئەمەریكا بەرانبەر ئێران دروست كردووە، ئەمەیش وایكردووە كە ئێرانییەكان بەردەوام ترسیان لە گۆڕانی لەناكاوی بەردەوامی هەڵوێستەكانی هەبێت و دنیایشی شێواندووە.

دوێنێ سێشەم ترەمپ لە لێدوانێكی بۆ تۆڕی سی ئێن بی سی ئەمەریكی گوتی، بە هیچ شێوەیەك ئاگربەست درێژ ناكەمەوە كە هەشتی نیسان/ئەپریل دوو هەفتە ئاگربەست ڕاگەیەنرا، چەند سەعاتێك دوای ئەوە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تروس سۆشیال ئاگربەستی بۆ كاتێكی نادیار درێژ كردەوە.

ئەوەیشی گوت، چاوەڕوانی پێشنیازە لە ئێرانەوە، ئەمەیش لە كاتێكدایە لە لێدوانەكانی پێشوو باسی لەوە كرد كە هیچ خاڵێكی ناكۆك لەگەڵ دەسەڵاتی ئێران بوونی نییە.

سەرۆكی ئەمەریكا بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ و بەردەوام كاردانەوەی لەگەڵ ڕۆژنامەوانان هەیە و كاتێك زەنگی تەلەفۆنەكەی لێ دەدا، وەڵامیان دەداتەوە و بە خێرایی پرسیارەكانیان بەو جۆرەی كە خۆی دەیەوێ وەڵامیان دەداتەوە.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا كۆشكی سپی دوو جار ناچار بووە لێدوانەكانی ترەمپ دووبارە ڕاست بكاتەوە، ترەمپ بۆ تۆڕی ئەی بی سی نیوز گوتی، جێگرەكەی جەی دی ڤانس سەرۆكایەتیی شاندی ئەمەریكا لە گەڕی دووەمی دانوستانەكان ناكات، بەڵام كۆشكی سپی ئەمەی ڕەت كردەوە و گوتی ڤانس سەرۆكی شاندی ئەمەریكا دەبێت.

دووشەمی ڕابردوو ترەمپ بۆ ڕۆژنامەی نیویۆرك پۆست گوتی، شاندی دانوستانكاری ئەمەریكا لە ڕێگەدان بۆ ئیسلام ئاباد، بەڵام تا ئەمڕۆ چوارشەمیش شاندی ئەمەریكا بەرەو پاكستان بەڕێ نەكەوتوون.

ڕۆبەرت رۆلاند پسپۆری پێوەندییەكان لە زانكۆی كانسەس دەڵێ، ئەو جۆرە مامەڵەكردنانە پێچەوانەیە لەگەڵ باوەڕبوونی تەواو بە هەنگاوەكان، پێوەندی و پەیامەكانی سەرۆك پێویستە دڵنیا و ڕاست بن، ئەو كاتی بەهادارە و ناكرێ هەر خەریكی لێدوان و وەڵام و وەڵامدانەوە بێت.

رۆڵاند دەڵێ، پێچەوانەی ترەمپ، پێشتر باراك ئۆباما ڕەتی كردەوە دەسبەرداری بلاكبێری بێت، كاتێك ڕاوێژكارانی داوایان لێ كرد كە متمانەپێكراو نییە كە ئەو جۆرە مۆبایلە لای سەرۆك بێت.

سەرۆكی ئێستەی ئەمەریكایش پێچەوانەی تەواوی سەرۆكەكانی دنیا كە پشت بە گوتاری چڕوپڕ لە كاتی تەنگژە دەكات، هەڵوێستی پێچەوانە و دژیەك وەردەگرێ و دۆخەكە تا بنبەست بەرەو پشێوی دەبات.

لە ڕۆژانی ڕابردوو سەرۆكی ئەمەریكا هێرشی توندی كردە سەر بەهەڵستكارە دیموكراتەكان و بە خیانەتكار ناوی بردن و گوتی، ئەوان هەرچی لە دەستیان دێ با بیكەن بۆ زیانگەیاندن بە ئۆپراسیۆنی داستانی تووڕەیی.

ڕۆژنامەی وۆل ستریت جۆرنال دوێنێ بڵاوی كردەوە، ترەمپ ڕاوێژك بە هیچ كەس ناكات، بەر لەوەی پۆستەكانی لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی بڵاو بكاتەوە، كە پیتی گەورە و نیشانەی سەرسوڕمانی زۆرەوە دەیانوەشێنێت و خۆیان لە نێوان هەڕەشەی كارەساتبار دەبیننەوە كە بە زمانێكی هەڕەمەكی نووسراوە.

ڕۆژنامەكە نووسیویەتی، لە دوای ڕزگاركردنی فڕۆكەوانە ئەمەریكییەكە، كەسانی دەوروبەری لێی دوور كەوتوونەتەوە، لە ترسی كاردانەوەی توندی ترەمپ لە بەرانبەر دۆخە جیاجیاكان.

رۆبەرت ڕۆلاند دەڵێ، ئەو جۆرە مامەڵەكردنە پێچەوانەی عورفەكانە، بە تایبەت ئەوەی پێوەستە بە هێزە چەكدارەكان كە خاوەنی ڕێزی زۆرن لەلایەن گەلی ئەمەریكاوە.

ترەمپ ڕووبەڕووی ڕەخنەی زۆر بووەوە لەوكاتەی پێشوازی لە تەرمی سەربازانی ئەمەریكا دەكرد كە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كوژرابوون، كاتێك بە كڵاوێكەوە دەركەوت كە بە ڕەنگی زێڕین پیتەكانی یو ئێس ئەی لەسەر نووسرابوو، ئەو جۆرە لەو كڵاوانە لەلایەن ڕێكخراوی ترەمپەوە بە 55 دۆلار دەفرۆشرێن.

هاوكات سەرۆكی ئەمەریكا ڕێزی سەربازانی جەنگی ڤێتنامی نەگرت، كاتێك سێشەم لە كەناڵی سی ئێن بی سی گوتی، ئەگەر ئەوكات ئەو سەرۆك بووایە بە خێراییەكی زۆر سەركەوتنێكی گەورەی بە دەست دەهێنا.

ئەو تەمومژی قسە و لێدوانانەی ترەمپ لەبارەی ئێران كە جۆرێك لە هەڵگەڕانەوە و دژیەكی تێدایە، هۆكارەكەی بۆ بابەتە خوازراوەكەی خۆی دەگەڕێتەوە كە ئەویش بنیاتنانی تەلار و خانوو و دووبارە نۆژەنكردنەوەیانە.

لەمیانەی چاوپێكەوتنێكی لە سی ئێن بی سی نیوز، دووبارە باسی لە دروستكردنی هۆڵی بۆنەكان لە كۆشكی سپی كردەوە و گوتی، بە كەمترین تێچوو و بە خێرایی بە باشترین شێوە نۆژەنی دەكەمەوە. واشنتن پۆست دەڵێ، سەرۆك ئەو پڕۆژەیەی بە بەردەوامی سێ ڕۆژ لەسەر یەك گوتەوە.

شارەزایان نایشارنەوە كە ئەو جۆرە مامەڵەكردنە بە تایبەت لە پرسی جەنگ و ئاشتی جۆرێك لە نادڵنیایی لەلایەن ئێران و وڵاتانی دنیا دروست كردووە، بەشێك ئەمە بە ستراتیجێكی شاراوە ناو دەبەن و بەشێكیش بە نالێهاتوویی سەرۆكی ئەمەریكا لێكی دەدەنەوە كە سەری لە خۆی و ئەمەریكایش شێواندووە، هاوكات بۆچوونی سێیەمیش هەیە كە ئەمە جەنگێكی دەروونی و میدیاییە كە ئەمەریكا و ترەمپ دژی ئێران و هاوپەیمانەكانی دەستیان پێكردووە، كە كەس ناتوانێ هەنگاوەكانیان بخوێنێتەوە و لێی دڵنیا ببێتەوە.


وشە - باز ئه‌حمه‌د