پاسداران یان سیاسەتوانان.. كێ لە ئێران بڕیار دەدات؟

:: AM:10:07:23/04/2026 ‌
دژیەكی لە هەڵوێستەكانی ئێران لەبارەی دانیشتنەكان لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاكستان و دەركەوتنی زانیاری بە ڕێگرتنی پاسداران لە چوونی شاندی ئێران بۆ دانوستان، پرسیاری زۆری لەبارەی پرۆسەی دروستكردنی بڕیار لەلایەن ڕژێمی ئێستەی ئیسلامی لە ئێران دروست كردووە، كۆمەڵێك هاوكێشەی جۆراوجۆر بەهۆی جەنگ لە شانۆی سیاسی ئێران هاتوونەتە پێشەوە و دۆخەكەیان ئاڵۆز و شێواندووە.

جەنگ بە هێرشێكی ئیسرائیل دەستی پێ كرد كە عەلی خامنەیی ڕێبەری شۆڕشی ئیسلامیی ئێران و كۆمەڵێك سەركردەی تری ئەو وڵاتەی دەسبەجێ لەناو برد كە بەگوێرەی زانیارییەكان، زیاتر لە 40 سەركردەی سیاسی و تەناهی و سەربازی لە كۆبوونەوە لەگەڵ خامنەیی بەشدار بوون.

دوای ئەمەیش لەناوبردنی سەركردەكانی ئێران بەردەوامی هەبوو، عەلی شەمخانی ئەمینداری ئەنجوومەنی بەرگری و عەلی لاریجانی ئەمینداری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی و محەمەد پاكپوور فەرماندەی سوپای پاسداران و ژمارەیەكی تری سەركردەكانی ئێرانی لێ كەوتەوە.

لە شوێنی سەركردە كوژراوەكان، ئێران دەسبەجێ موجتەبا خامنەیی كوڕی عەلی خامنەیی بۆ ڕێبەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران دیاری كرد، ئەحمەد وەحیدی فەرماندەیی سوپای پاسداران و محەمەد باقر زولقەدر ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی پێ درا.

زانیارییەكان دووپات لەوە دەكەنەوە، بەشێك لەو پۆستانەی كە ئەو كەسانەی تێیدا بوون، كوژراون. تا ئێستەیش بە بەتاڵی ماوەتەوە، لەوانە سوپاسالاری ئەرتەشی ئێران، لە كاتێكدا عەلی ئەكبەر ئەحمەدیان سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی بەرگری ئێرانی وەرگرت و مەجید ئیبن ڕەزا وەزیری بەرگری بە شێوەیەكی كاتی گرتەدەست.

لە تەك ئەوانە شاندی دانوستانكاری ئێران لەلایەن محەمەد باقر قالیباف سەرۆكی پەرلەمانی ئێران و عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوە و عەلی ئەكبەر ئەحمەدیان فەرماندە لە سوپای پاسداران پێكهاتوون، بوونی عەلی ئەكبەر ئەحمەدیانی فەرماندە لە سوپای پاسداران لە ناو شاندی دانوستان لە گەڕی یەكەمی دانیشتنەكان، بەڵگە و ئاماژەی ڕوونی دابەشبوونی سەركردەكانی ئێران و ئاڵۆزبوونی دروستكردنی پرۆسەی بڕیارە لەلایەن ڕژێمەوە.

ڕۆڵی پاسداران وەك بكەرێكی سەرەكی لە دروستكردنی بڕیار لە دوای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران لە 1979 بە ڕێبەرایەتیی ئایەتوڵا خومەینی، زۆر دیار و ڕوونە و ئێستەیش دوای نزیكەی نیو سەدە پاسداران ڕیشەی قووڵی خۆیان گەیاندووە بە تەواوی دامەزراوە سیاسی و سەربازی و ئابوورییەكانی دەوڵەت لە ئێران.

لە مادەی 150ی دەستووری ئێران هاتووە، سوپای پاسداران راسپێردراوە بۆ پاراستنی شۆڕش و دەسكەوتەكانی، پاسداران جیا لەوەی خۆیان هێزێكی فراوانن، هاوكات فەرماندەیی هێزەكانی بەسیجی نیوچە سەربازی دەكەن كە لە ناوخۆی وڵات ڕژێم دەپارێزن، هاوكات فەیلەقی قودس كە بەرپرسە لە ئۆپراسیۆنەكان لە دەرەوەی سنووری ئێران.

پێشتر ڕۆژنامەی لۆس ئەنجلس تایمز بڵاوی كردەوە، باڵی ئابووری سوپای پاسداران زۆر بەهێزە و داهاتی ساڵانەی دەگاتە 12 ملیار دۆلاری ئەمەریكی، بۆیە وڵاتانی ڕۆژئاوا بەردەوام دامەزراوە ئابووری و بەڕێوەبەری ئەو دامەزراوانە دەخەنە ناو لیستی سزاكانیانەوە.

لە ڕووی كارگێڕییەوە، سوپاسالاری گشتیی هێزە چەكدارەكان كە وەك هاوئاهەنگیكار لە نێوان پاسداران و ئەرتەش كار دەكات، بارەگای خاتەمولئەنبیایش وەك ناوەندی هاوئاهەنگی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكانی نێوان پاسدار و ئەرتەش ڕۆڵ دەگێڕێت.

د. مەحجووب ئەلزوێری ئەكادیمی و پسپۆر لە سیاسەتەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەبارەی پرۆسەی وەرگرتنی بڕیار لەلایەن ئێرانەوە دەڵێ، ئەو پرۆسەیە بە سێ دۆخی ستراتیجی كاریگەری لەسەر دروست دەبێ، سروشتی كەسەكان و دۆخی سیاسی و دۆی نێودەوڵەتی و جیۆپۆلەتیك، ئێستە هەرسێ دۆخە ستراتیجییەكە لە ئێران پەكیان كەوتووە و دیار نین.

زیاتر گوتی، هزری ستراتیجی دەوڵەت لە ئێران بە تەواوی یەك سەرنج و ئامانجی هەیە، ئەویش ڕزگاربوون و مانەوەیە، ئەمەیش وایكردووە دامەزراوە سەربازییەكان بێنە پێشەوە و سوپای پاسدارانیش كە بەرگریكاری یەكەمی ڕژێمە ڕۆڵی باڵا لەو ناوەندە دەگێڕێت.

ئەو ئەكادیمستە دەڵێ، ڕێبەری ئێستە كە پێشینەیەكی سەربازی و تەناهی هەیە و لە هەواڵگری پاسداران كاری كردووە، تواناكانی لاوازن لە ڕێكخستنی ئاوازی نێوان لایەنە ناكۆكەكانی ناوخۆی ڕژێم، سەرەڕای ئەوەیش خۆپارێزانە لە هەندێ ڕوو مامەڵە دەكات.

هاوكات محەمەد باقر زولقەدری ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، توانای لە عەلی لاریجانی ئەمینداری پێشوو كەمترە و كاریگەریشی لەسەر پاسداران و سەركردە سیاسییەكانی وڵات بەهەمانشێوە زۆر لاوازترە، پێشتر ئەو وەك پشتیوان لە ڕیزی دواوەی كەسایەتییە كاریزماكانی ناو ڕژێم دەردەكەوت.

ئەو سەركردایەتییە نوێیەی ئێستەی ئێران جۆرێك لە دوودڵی لە دەركردنی بڕیاری چارەنووسساز و یەكلاكەرەوە پێوە دیارە، بەتایبەت كە ترەمپ هەواڵی دروستبوونی دابەشبوون و لەتبوونی لە ڕیزەكانی ڕژێم زۆر گەورە كردووە. ئێران ئێستە خاوەنی كەسایەتییەك نییە كە توانای كۆتاهێنانی ناكۆكییەكانی ناوخۆی هەبێ و مشتومڕەكان كۆتایی پێ بهێنێت، نەبوونی كەسایەتییەكی لەمجۆرە هۆی سەرەكی بەردەوامبوونی تەنگژەكەیە، چونكە دوودڵی ئێستەی سەرانی ئێران لە دەركردنی بڕیاری چارەنووسساز كاریگەری لەسەر داهاتووی ئێران بۆ 20 تا 30 ساڵی داهاتوو دەبێت. بەمشێوەیەیش بێت پرۆسەی دروستكردنی بڕیار لە ناوخۆی ئێران بە تەواوی ئیفلیج بووە و ناكۆكییەكان لە ناوخۆ بە ڕوونی دەركەوتوون و نازانرێ مامەڵە لەگەڵ كام لا بكرێت، سەرەڕای ئەوەی پاسداران بەهێزترن و كاریگەرییان زیاترە.


وشە - باز ئه‌حمه‌د