گەمارۆی نەوتی چۆك بە ئێران دادەدات؟

:: PM:07:04:23/04/2026 ‌

لە دوای شكستهێنانی یەكەم گەڕی دانوستانەكانی ئێران و ئەمەریكا لە 11ی ئەم مانگە، سەرۆكی ئەمەریكا لە 13ی مانگ جێبەجێكردنی بڕیاری سەپاندنی گەمارۆی بەسەر بەندەرەكان و هاتوچۆی كەشتییە نەوتییەكانی ئێران و دەستگرتن بەسەریان لە ئاوی نێودەوڵەتی راگەیاند، بەوەش گوشارێكی توندی خستە سەر تاران بۆ كردنەوەی گەرووی هورمز و واژووكرنی رێككەتنێك بەو شێوەی واشنتن دەیەوێت، بەڵام ئەو گەماریە دەتوانێت مل بە ئێران كەچ بكات؟

لە دوای هەڵمەتێكی سەربازیی 40 رۆژەی ئەمەریكا و ئیسرائیل لە دژی ئێران، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا رای گەیاند كە ئامانجێكی ئەوتۆیان نەماوە لەو وڵاتە بۆردمانی بكەن، ئەو لە رێگەی پاكستانەوە ئاگربەستێكی كاتیی دوو هەفتەیی لە 8ی ئەم مانگە راگەیاند و یەكەم گەڕی دانوستانەكان لە 11ی ئەم مانگە لە ئیسلام ئاباد بەڕێوە چوو، بەڵام دوای 21 سەعات لە گفتوگۆ، هیچ ئەنجامێكی لێ نەكەوتەوە و تەنیا هەردوولا مەرجی یەكتریان وەرگرت، لە دوای ئەوە ترەمپ سێ هەنگاوی لە دژی ئێران ناوە، سەپاندنی گەمارۆیەكی توندی دەریایی بۆ سەر بەندەرەكان و هاتوچۆی كەشتییە نەوتییەكان و دەستگرتن بەسەر كەشتییەكانی ئەو وڵاتە لە ئاوە نێودەوڵەتییەكان، پێشكەشكردنی پلان و پێشنیازێك بۆ تاران، كە هێشتا ئێران رەتی دەكاتەوە، درێژكردنەوەی ئاگربەستەكە بۆ كاتێكی نادیار و چاوەڕوانیكردنی رێككەوتنی تاران.  

شارەزایان پێیان وایە ترەمپ بۆ ناچاركردنی ئێران بۆ سازشكردن و واژووكردنی رێككەوتنێكی نوێ گرەو لەسەر گەمارۆی سەر كەرتی نەوتی ئێران دەكات، بەتایبەتی كە دۆخی ئابووری و دارایی ئێران خۆی لە تەنگژەیەكی بێوێنەی قووڵدایە، بۆیە ئیدارەی سەرۆك ترەمپ لە بری شەڕ، بژارەی گەمارۆی دەریایی هەڵبژارد، بۆ ناچاركردنی بۆ گەڕانەوە بۆ دانوستانەكانی پاكستان و واژووكردنی رێككەوتن، واتە چاوی لەوەیە ئەوەی بە شەڕ بە دەستی نەهێنا، لە رێگەی گەمارۆی نەوتی ئێران بە دەستی بخات، بەتایبەتی كە ئێستە ئێران بە دەست تەنگژەی قووڵ پێوەست بە دۆخی ئابووری و داراییەوە دەناڵێنێت، وەك لاوازیی بەهای تمەن و بەرزیی رێژەی بێكاری و كورتهێنان و خەرجی و زیانەكانی هەردوو شەڕی هاوینی رابردوو و زستانی ئەمساڵ.

بۆیە شارەزایان پێیان وایە تاران چیتر بەرگەی گەمارۆكە و لێكەوتەكانی نەگرێت و ملكەچ بێت و بگەڕێتەوە سەر مێزی دانوستانەكان، لە نیشانەكانی ئەوەش ئەوەی باسی دەكرێت لە دروستبوونی تیمێك لەناو بازنەی فەرمانڕەوا لە ئێران بە سەرۆكایەتیی محەمەد باقر قالیباف سەرۆكی پەرلەمان و و بەشداریی عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوە داوای نەرمی نواندن بۆ گەیشتن بە دەستەوارەیەك لەگەڵ ئەمەریكا دەكەن بۆ بەدەستهێنانەوەی پارە بلۆككراوەكانی ئێران و لابردنی هەندێك لە سزاكان بۆ سووككردنی ئەو سەختییە ئابوورییەی هەیە.

لە دوای گەمارۆكەی ئەمەریكا، ئێستە كەرتی نەوتی ئێران لەبەردەم تەنگژەیەكی زۆر قووڵدایە و كاریگەرییەكانی تەنیا كاریان لە هەناردنی نەوتی ئەو وڵاتە نەكردووە، بەڵكو لە بەرهەمهێنان و كێڵگە نەوتییەكان و ژێرخانی بەكارخستنی كێڵگەكانیش، ئەوەش بەهۆی وەستانی هەناردنی تەواوەتیی نەوتەكەی و دروستبوونی گوشار لەسەر توانای ئەمباركردنی نەوت، ئەوەش راستەوخۆ كار لە تەواوی كەرتی نەوتی ئێران دەكات، وەك شارەزایانی بواری وزە و نەوت بۆ "سكای نیوز عەرەبی" دووپاتی دەكەنەوە.

سیریل وودرشۆڤن راوێژكار و شارەزا لە كاروباری وزە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڵێت، بەردەوامبوونی گەمارۆكەی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران، دەبێتە هۆی حنكاندنی هەناردەی دەریاوانیی ئێران، واتە رۆژانە 1.5 بۆ دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی ئەو وڵاتە ناگاتە بازاڕەكان، ئێران لە بەرهەمهێنان بۆ پێویستیی ناوخۆیی بەردەوام دەبێت، بەڵام لە داهاتی فرۆشتنی نەوتەكەی بێبەش دەبێت، گەمارۆكە تەنیا كار لە هەناردنی نەوتی ئێران ناكات، بەڵكو زنجیرەیەك لێكەوتی تری دەبێت، لە وەستانی هەناردن و پڕبوونی ئەمبارەكانی نەوت و دوای ئەوە وەستانی بەرهەمهێنان و زیانگەیاندن بە بیرە نەوتەكان و سستبوونی توانای دەست پێكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت.

ئەو شارەزایە دەڵێت، پێشبینی دەكرێت بەهۆی وەستانی هەناردن، ئەمبارەكانی نەوت لە چەند هەفتەیەك بۆ دوو مانگ پڕ ببن، ئەوەش وا دەكات ئێران بەرهەمهێنان كەم بكاتەوە یان بیوەستێنێت، ئەوەش مەترسیی كەمبوونەوەی توانای بەرهەمهێنی نەوت و بەگەڕخستنەوەی بیرە نەوتەكان زیاتر دەكات، ئێستە توانای ئەمباركردنی نەوتی ئێران دەگاتە 30 ملیۆن بەرمیل، ئەگەر گەمارۆ بەردەوام بێت و هەناردن بە تەواوەتی وەستا، لە ماوەی 16 رۆژ تەواو دەبێت، دوای ئەوە تەنیا بژارەی وەستانی بەرهەمهێنان دەمێنێت، جیا لە زیانی دووبارە بەگەڕخستنەوەی بیرە نەوتەكان و بەرهەمهێنان. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل