یەك میلیۆن و 500 ھەزار ئەرمەنی لە توركیا كوژراون و هێشتا دان بەكۆمەڵكوژییەكەدا نانێن

:: AM:09:36:25/04/2026 ‌
لە 24ی نیساندا لە ساڵی 1915 دا  لە سەردەمی سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەمی عوسمانییەكاندا و بەپێی پلانەكانی ئەنوەر پاشا، تەلعەت پاشا و جەمال پاشا و تەشیكلاتی مەخسووسەی عوسمانییەكان دەزگای ھەواڵگریی عوسمانییەكان و سوپای حەمدییە ئۆپەڕاسیۆنێكی فراوان لەدژی ئەرمەنییەكان دەست پێكرا.

لە شارەكانی ئیستەنبول، یوزگات، ئەنقەرە، قەیسەری، موغڵا، وان، سێواس، بەدلیس، مووش، ئەدەنە، ترابزۆن، ھاتای، ئیزمیر، ئەفیون، ئیزمیت، ئەسكی شەھیر، مانیسا، كاستامۆن و زیاتر لە 50 شار و ناوچەی تری ژێر دەسەڵاتی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی یەك میلیۆن و 500 ھەزار ئەرمەنی كۆمەڵكوژكراون و نزیكەی 500 ھەزار ئەرمەنیی تریش لە شوێن و ماڵی حاڵی خۆیان بۆ ناوچە دوورە دەستەكانی وەك دێرزور و بیابانەكانی ناوەڕاستی سووریا ڕاگوێزران.

هەروەها ژمارەیەكی زۆری ئەرمەنییەكانی باكووری كوردستانیش بۆ ڕووسیا، ئەمینیای ئێستە هەڵهاتن و تا ئێستەش لەو وڵاتانە دەژین.

دەوڵەتی عوسمانی و دەوڵەتی توركیای ئێستەش هۆكاری ئەو كۆمەڵكوژیە كە وەك شەڕێكی دوولایەنە لەقەڵەمیدەدەن، بۆ ئەوە دەیگەڕێننەوە كە ئەرمەنیەكانی توركیا و باكووری كوردستان لەدژی دەوڵەتی عوسمانی دەستیان بە شەڕی چەكداری كردبوو و لە پشتگیری ڕووسیا و بەریتانیا هەوڵی دروستكردنی دەوڵەتێكی ئەرمینیان دەدا.

24وڵاتی جیهان كۆمەڵكوژی ئەرمەنەكانیان بە جینۆساید قبوڵكردووە لەوانە، ئۆرۆگوای، قوبرس، ئەرجەنتین، ڕووسیا، كەنەدا ، ، لبنان، بەلجیكا، سوید، ئیتالیا، ڤاتیكان،  فڕەنسا، سویسرا، سلۆڤاكیا، ھۆڵەندا، ڤەنزوێلا ، لیتڤانیا، پۆلۆنیا، چیلی، بۆلیڤیا، كۆماری چیك، نەمسا، سووریا ،  ئەڵمانیا.

لە 42 ویلایەتی ئەمەریكادا كۆمەڵكوژیی ئەرمەنەكان بە جینۆساید ناسراوە، ئیدارەی ئەمەریكاش لە بریی دەستەواژەی جینۆساید، ئەوەی بەسەر ئەرمەنییەكاندا ھاتووە و بە زمانی ئەرمەنی دەڵێت " Meds Yeghern" كە بە مانای كارەساتی گەورەیە.
كورد لەسەردەمی كۆمەڵكوژی ئەرمەنەكاندا.

هەندێك كەس و لایەن وای پیشان دەدەن كە كۆمەڵكوژیەكە لە لایەن كوردەوە ئەنجامدراوە. هەرچەندە بەشێك لە سوارەكانی حەمیدیەی بەكرێگیراوی عوسمانیەكان كورد بوون، بەڵام وەك نەتەوە كورد بەشداری لە كۆمەڵكوژی ئەرمەنەكاندا نەكرد و زۆریشیان پێناخۆش بووە و تا توانراوە هاوكاریشیان كراوە.

لەبارەی كۆمەڵكوژی ئەرمەنەكان و پەیوەندی نێوان كورد – ئەرمەن نووسەر و ڕۆماننووسی كوردی باكووری كوردستان حەسەن سەردی (هوشیار) لە كتێبی "بۆچوون و بیرەوەریەكانیدا" كە خۆی شایەدی هەندێك ڕووداوی ئەو كاتەیە باس لە بەرگریكردنی گەلی كورد لە برا ئەرمەنەكانیان دەكات.

حەسەن سەردی هەروەها لە كتێبەكەیدا باس لەوەدەكات، كاتێك عوسمانیەكان بینیان ئەرمەنەكان بە تەواوی لەدژی دەسەڵاتەكەیانن، بە فەرمانی سوڵتان ڕەشیدی عوسمانی لە ساڵی 1915 دەستیان بە كۆمەڵكوژی ئەرمەنەكان كرد. سوپای تورك ژن، منداڵ، پیر و پەككەوتەی وەك ڕانە مەڕ بەرەو ئەشكەوت و دۆڵە قوڵەكان دەبرد و بە حەربە و چەك دەیانكوشتن. ئەو كاتە كوردەكان 165 هەزار پیاو و ژن و منداڵی ئەرمەنیان لە كوشتن ڕزگار كرد.

سەردی باسی ئەوە دەكات، ئەو كاتە شێخ سەعیدی پیران فتوایەكی بۆ گەلی كورد دەكرد و ڕای گەیاند، پێویستە ئەرمەنەكان بپارێزرێن و لە ئەرك زیاتر فەڕزە یارمەتی و هاوكاری ئەرمەنەكان بدرێت.

هەروەها دەڵێت، "بەدیعوززەمان "سەعیدی كوردی" لە دەشتی بیلانخی وان فەرماندەی سوپای كورد بوو. ژەنەڕالیكی تورك فەرمانی پێكردبوو كە هەرچی ئەرمەنی دەستگیری بكات و بیانكوژێت. بەدیعوززەمانیش هەزار  500 ئەرمەنی كۆكردەوە و پەیامی بۆ سوپای ڕووسەكان نارد كە بێن و ئەوان ڕزگار بكەن. كاتێك ئەرمەنەكان دەچنە لای ڕووسەكان، پێیان دەڵێت، 'كێ بوو ئێوەی ڕزگار كرد، ئەوانیش دەڵێن كورد بوون. ژەنەڕالی گەورەی ڕووسیش دەڵێت، 'كورد جەنگاوەرێكی زۆر ئازایە، بەڵام هیچ كاتێك دیلەكان ناكوژن."

تا ئێستا دەوڵەتی توركیا بەهەموو شێوەیەك ڕەتیدەكاتەوە كە تاوان و جینۆسایدیان لەبەرانبەر ئەرمەنەكان ئەنجامدابێت و زۆر جار نووسەرە توركەكان دەیانەوێت كوشتنی ئەرمەنەكان بخەنە ئەستووی كوردەوە یان بیانكەن بە هاوبەشی تاوانەكە، بەڵام زۆر نووسی گەورەی كورد و كەسایەتیە ئەرمەنەكان ئەوە ڕەتدەكەنەوە.

بەبۆنەی 23ـی نیسان كە بە سەرەتای كۆمەڵكوژی ئەرمەنەكان دادەنرێت، چاودێران پێیان وایە بەبێ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو كارەساتانە، كە كاریگەرییەكانیان تا ئەمڕۆش بەردەوامن، مەحاڵە بناغەكانی ژیانێكی هاوبەش لەتوركیا بنرێت، تا ئەو وڵاتە دان بەكۆمەڵكوژییەكانیدا نەنێت و داوای لێبوردن لەو مێژووانە نەكات.






وشە - سۆران عەزیز