سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا و به‌رپرسی یه‌كه‌مه له هه‌ر دۆسیه‌یه‌كی ده‌ره‌كی له وڵات‌دا، به‌ڵام
ماركۆ ڕۆبیۆی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا كه‌مترین ده‌ركه‌وتن و به‌شداری له ته‌نگژه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌گه‌ڵ ئێران و دانوستانه‌كان هه‌یه، هۆكاری ئه‌مه بۆچی ده‌گه‌ڕێته‌وه؟ ئایا رۆبیۆ خۆی ده‌یه‌وێ له‌و دۆسیه‌یه به‌شدار نه‌بێ و بۆ 2028 خۆی بۆ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مه‌ریكا كاندید بكات، یان خواستی تره‌مپه كه كه‌سه نزیكه‌كانی خۆی ڕه‌وانه‌ی دانوستان بكات و باوه‌ڕی به دیپلۆماسیه‌تی دامه‌زراوه نییه، كه وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه ترۆپكی دیپلۆماسی دامه‌زراوه‌ییه له وڵاته‌كه‌دا.
پێچه‌وانه‌ی جۆن كیری وه‌زیری پێشووی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا كه له كاتی ڕێككه‌وتنی پێشووی ئه‌تۆمی له‌گه‌ڵ ئێران ڕۆڵێكی باڵا و یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی گێڕا، ئێسته ماركۆ ڕۆبیۆی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا كه‌مترین ڕۆڵ و ده‌ركه‌وتنی له دانوستان و گرژییه‌كان له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی ئێران هه‌یه.
ئه‌و نائاماده‌ییه‌ی رۆبیۆ له كاتێكدایه، جه‌ی دی ڤانسی جێگری سه‌رۆكی تره‌مپ سه‌رۆكایه‌تی گه‌ڕی یه‌كه‌می دانوستانی له‌گه‌ڵ ئێران له ئیسلام ئاباد وه‌رگرت، له‌و كاته‌ی دی ڤانس 21 سه‌عات له‌گه‌ڵ ئێرانییه‌كان له كۆبوونه‌وه بوو، ڕۆبیۆ یاوه‌ری دۆناڵد تره‌مپی ده‌كرد بۆ ئاماده‌بوون له یارییه‌كی نمایشی هونه‌ری جه‌نگی تێكه‌ڵاو له مه‌یامی.
له‌گه‌ڵ ئاماده‌كاری واشنتن بۆ گه‌ڕی دووه‌می دانوستانه‌كان، دۆخه‌كه به‌رده‌وامبوو له‌وه‌ی ئه‌و ئه‌ركه دیپلۆماسییه گرنگه به كه‌سانی نزیك له تره‌مپ بدرێت، وه‌ك زاواكه‌ی جارید كۆشنه‌ر و ستیڤ ویتكۆفی هاوڕێی خۆی، نائاماده‌یی وه‌زیری ده‌ره‌وه له دۆسیه‌یه‌كی وا هه‌ستیاری نێوده‌وڵه‌تی بووه‌ته جێگه‌ی پرسیار، ئایا تره‌مپ ڕۆڵی كلاسیكی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی سنووردار كردووه و كۆتایی پێهێناوه، یان نائاماده‌یی ڕۆبیۆ بژاره‌یه‌كی سیاسی پلان بۆ داڕێژراوه، تا له‌و دۆسیه‌یه خۆی به دوور بگرێت؟
پیته‌ر رۆف نووسه‌ر له گۆڤاری نیوزویك نووسیویه‌تی، تره‌مپ سه‌رۆكێكی كلاسیك نییه و باكگراوه‌ندێكی بازرگانی هه‌یه و ده‌یه‌وێ كاروباری دیپلۆماسیش هاوشێوه‌ی بازرگانی و مامه‌ڵه‌ی سه‌رمایه‌داری به‌ڕێوه بڕوات، ئه‌و ده‌یه‌وێ دیپلۆماسیه‌ت به تایبه‌تی بكات و پشت به كه‌سانێك بۆ ئه‌و ئه‌ركه ببه‌ستێت، كه متمانه‌پێكراوی خۆین، وه‌ك ویتكۆف و كۆشنه‌ر كه ئێسته ته‌نیا سه‌ركردایه‌تی دانوستانه‌كان له‌گه‌ڵ ئێرانیان وه‌رنه‌گرتووه، به‌ڵكوو دانوستان له‌گه‌ڵ ڕووسیا و ئۆكراینا و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستیش سه‌رجه‌می ئه‌و دۆسیانه له ژێر ده‌ستی ئه‌واندایه.
ماركۆ رۆبیۆ هه‌ڵگری ناسناوێكه كه له دوای هینری كیسنجه‌ره‌وه له ساڵانی حه‌فتاكان، هیچ وه‌زیرێكی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا ئه‌و ناسناوه‌ی لێ نه‌نراوه، پۆسته‌كه‌ی له نێوان وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی و ڕاوێژكاری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مه‌ریكایشدایه، به‌جۆرێك كه هه‌ردوو پۆسته‌كه ئه‌و به‌ڕێوه‌ی ده‌بات، بۆیه خه‌ڵكی ئه‌مه‌ریكا له میدیاكان و تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی ناسناوی "وه‌زیری هه‌موو شتێك"یان لێ ناوه.
به گوێره‌ی شرۆڤه‌یه‌كی ڕۆژنامه‌ی فاینه‌نشاڵ تایمز، ڕۆبیۆ له دوای وه‌رگرتنی پۆستی وه‌زیری ده‌ره‌وه، ته‌نیا 71 ڕۆژ گه‌شتی كردووه، ئه‌مه‌یش ڕێژه‌یه‌كی زۆر كه‌مه بۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی وڵاتێكی وه‌كو ئه‌مه‌ریكا له‌م چه‌رخه‌دا، به‌ڵام تیمی ڕۆبیۆ به‌رگری له‌و نائاماده‌یی و ده‌رنه‌كه‌وتنه‌ی ده‌كه‌ن.
تۆمی بیگۆت گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا بۆ نیویۆرك تایمز ده‌ڵێ، بوونی ڕۆبیۆ له كۆشكی سپی وایكردووه ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه به هاوئاهه‌نگییه‌كی زۆره‌وه كار بكه‌ن، كه ئه‌م هاوئاهه‌نگی و یه‌كده‌ستییه له حكوومه‌ته‌كانی پێشووی ئه‌مه‌ریكا بوونی نه‌بوو و گرفتێكی گه‌وره بوو.
زیاتر گوتی، رۆبیۆ پێویستی به‌وه نییه گه‌شت بكات، چونكه سه‌ركرده‌ی وڵاتانی دنیا دێنه واشنتن و چاویان پێی ده‌كه‌وێت، به‌رده‌وامه له دیداره به‌رده‌وام و خولییه‌كان له ژووره‌كه‌یدا.
ئیما ئاشفۆرد له ناوه‌ندی ستیمسۆن ده‌ڵێ، رۆبیۆ به ڕووی ده‌یه‌وێ نزیك له سه‌رۆك تره‌مپ بمێنێته‌وه و به په‌رۆشه كه به‌شدار بێ له ده‌ركردنی بڕیاری چاره‌نووسساز له هه‌ر كاتێكدایه، ئه‌و دۆخه‌یش وایكردووه كه وه‌زیری ده‌ره‌وه به به‌تاڵی بمێنێته‌وه، ئه‌مه‌یش توانای ئه‌مه‌ریكا له جێبه‌جێكردنی هێزی دیپلۆماسیه‌ت كه‌م ده‌كاته‌وه.
یه‌كێكی تر له هۆكاره‌كانی خۆ به‌دوورگرتنی رۆبیۆ له دۆسیه‌ی ئێران، خواست و حه‌زه زۆره‌كانیه‌تی، تا خۆی بۆ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مه‌ریكا له 2028 كاندید بكات، وه‌كچۆن جه‌ی دی ڤانسی جێگری تره‌مپیش هه‌مان حه‌ز و خولیای هه‌یه، به‌ڵام پێشتر ڕۆبیۆ دووپاتی كرده‌وه كه ئه‌و خۆی كاندید ناكات و پشتیوانی جه‌ی دی ڤانس ده‌كات و نابێته ڕكابه‌ری له سه‌رۆكایه‌تی 2028، به‌ڵام شرۆڤه‌كه‌ی فاینه‌نشاڵ تایمز ئه‌مه به جۆرێكی تر ده‌خوێنێته‌وه و پێوه‌ندی ڕوونی ئه‌و خۆ به دوورگرتنه له ته‌نگژه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و خواسته‌كانی بۆ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مه‌ریكا ده‌خاته ڕوو.
ستیڤن والت پسپۆری پێوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له زانكۆی هارڤارد ده‌ڵێ، رۆبیۆ به ڕوونی دركی به‌وه كردووه كه دۆسیه‌ی ئێران شكستێكی گه‌وره ده‌بێ، بۆیه هه‌رچه‌ند خۆی له‌و دۆسیه‌یه به دوور بگرێت، ئه‌وا بۆ ئه‌و باشتر و به‌هێزتر ده‌بێت. سه‌ركه‌وتنی دانوستانه‌كان سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره ده‌بێ بۆ جه‌ی دی ڤانس، كه ڕاپرسییه‌كان ده‌ریده‌خه‌ن كه كاندیدی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مه‌ریكا ده‌بێ بۆ 2028، به‌ڵام پرسیاری ئه‌وه دروست بووه، كه چی ده‌بێ ئه‌گه‌ر ڤانس له دانوستانه‌كان شكست بهێنێت؟ ئه‌وكاته ئه‌ویش سشكت ده‌هێنێت، ئه‌مه‌یش ده‌بێته خاڵێكی ئه‌رێنی زۆر باش بۆ ماركۆ رۆبیۆ.
به‌مشێوه‌یه سه‌رنجی رۆبیۆ له‌سه‌ر ناوچه ئارامه‌كان چڕبووه‌ته‌وه كه ده‌توانێ سه‌ركه‌وتنی گه‌وره‌ی تێدا به‌ده‌ستبهێنێت، به تایبه‌ت ئه‌مه‌ریكای لاتین، وه‌ك ڤه‌نزوێلا و كوبا و نیگاراكوا و به هه‌موو توانایه‌وه ده‌یه‌وێ له ته‌نگژه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست به دوور بگرێت و وه‌لائی توندی خۆی بۆ تره‌مپیش هه‌میشه دووپات ده‌كاته‌وه، به‌مشێوه‌یه‌یش چانسی ئه‌و له ڕاپرسی كۆنگره‌ی كاری سیاسی خۆپارێزان له‌م دواییه له 3%ه‌وه بۆ 35% به‌رزبووه‌ته‌وه.
نائاماده‌یی ڕۆبیۆ له مێزی دانوستان له‌گه‌ڵ ئێران به ڕێكه‌وت نییه، به‌ڵكوو له ئه‌نجامی سه‌رقاڵیه‌تی له كۆشكی سپی و هاوته‌ریبه له‌گه‌ڵ شێوازی تره‌مپ كه ده‌یه‌وێ دیپلۆماسیه‌تی دامه‌زراوه‌یی په‌راوێز بخات بۆ به‌رژه‌وه‌ندی نێرده تایبه‌ته‌كانی و هه‌ژماری سیاسی خۆی، چاودێران ده‌ڵێن كه خۆ به دوورخستن له ته‌نگژه ئاڵۆزه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بژارێكی كه‌متر تێچووه بۆ داهاتووی سه‌رۆكایه‌تی ڕۆبیۆ و ڕێ به‌وانی تریش ده‌دات له ته‌پوتۆزی ته‌نگژه كۆتایی نه‌هاتووه‌كان له‌گه‌ڵ ئێران بزر ببن.