بڕیارە ئەمشەو دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لەگەڵ بەرپرسانی باڵا لە تیمی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریكا كۆ ببێتەوە، باسی دۆخی چەقبەستووی ئێستەی هەوڵە دیپلۆماسییەكان و دانوستان و بژارەكانی بەردەم ئەمەریكا بۆ مامەڵكردن لەگەڵ ئێران و هەنگاوەكانی داهاتوویان بكەن، بەڵام بژارەكانی بەردەم ئێران چین؟
ماڵپەڕی
"ئاكسیۆس"ی ئەمەریكی بڵاوی كردەوە كە ئێران لە رێگەی پاكستانەوە پێشنیازێكی نوێی پێشكەش ئەمەریكا كردووە بۆ گەیشتن بە وەستانی شەڕ و كردنەوەی گەرووی هورمز و لابردنی گەمارۆی دەریاوانی لەسەر بەندەرەكانی ئێران، هاوكات دواخستنی دانوستانە ئەتۆمییەكان بۆ قۆناغی داهاتوو، ئەوەش بۆ شكاندنی ئەو چەقبەستووەی ئێستە لە دانوستانەكان سەری هەڵداوە، وەك هەوڵێكی ئێران بۆ لێكجیاكردنەوەی دۆسییەكان و رزگاركردنی ئابووریی وڵاتەكەی و دوورخستنەوەی ئاگری شەڕ و دەرهێنانی كارتی گوشاری ئابووری لە دەستی ترەمپ و جیاكردنەوەی لە وەستاندنی پیتاندنی یۆرانیۆم و رادەستكردنی بۆ ئەمەریكا و دۆسیە ئەتۆمییەكەی.
ماڵپەڕەكە پێی وایە گەیشتنی هەردوولا بە رێككەوتن لەبارەی كردنەوەی گەرووی هورمز و لابردنی گەمارۆ دەریاییەكەی ئەمەركیا لەسەر بەندەرەكانی ئێران، وا دەكەن كارتەكانی گوشار لەسەر تاران لەدەستی ترەمپ بێنە دەرەوە بۆ ناچاركردنی ئێران بۆ دەستبەرداربوون لە ئەمباری لە یۆرانیۆمی زۆر پیتێنراو و پابەندی بە راگرتنی پیتاندن بۆ ماوەیەكی دوورودرێژ، كە ئامانجی هەردوو گوشاری ئابووری و سەربازیی سەرۆكی ئەمەریكا بەرانبەر بە ئێران.
عەلی بیغدلی شارەزای ئێرانی لە سیاسەتی دەرەوە و شرۆڤەكاری سیاسی ئاماژە دەكات كە رێڕەوی ململانێی تاران و واشنتن گۆڕانكاریی بەرچاوی بەسەردا هاتووە، لە رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆی سەربازییەوە بۆ گوشاری ئابووری، بەتایبەتی ئەو گەمارۆ دەریاییەی ئەمەریكا بەسەر بەندەرەكان و نەوتی ئێرانیدا سەپاندووە، بۆیە ستراتیجیەتی ئێستەی سەرۆكی ئەمەریكا بەرانبەر بە تاران گوشاری ئابوورییە، واتە گۆڕانی شەڕەكە بۆ گۆڕەپانی دارایی و بازرگانی و ئەوەش بارگرانی سەر ئابووی ئێران زیاتر دەكات.
ئاماژەی كرد، بەردەوامبوونی گەمارۆی دەریایی لەسەر ئێران لێكەوتەی ئابووری بەپەلە دروست دەكات، لەوانە بەرزبوونەوەی نرخ و كەمبوونەوەی كاڵا هاوردەكراوەكان لە ئێران، ئەوەش بەهۆی پشتبەستنی كەرتی فرەوانی ئابووری لە ئێران بە هاوردكردنی راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ، ئەوانە هەمووی گوشاری زیاتر دەخەنە سەر بەرهەمی ناوخۆیی، ئەو بە پێویستی زانی ئەمەریكا دەرگە لەبەردەم هەوڵە دیپلۆماسییەكان واڵا بكات و جموجۆڵەكانی وەزیری دەرەوەی ئێرانیش لەو چوارچێوەیە دێت.
ئەو شرۆڤەكارە ئێرانییە پێشنیازی شێوازێكی دانوستان لەسەر بنەمای وەرگرتنی رێوشوێنی بەرانبەر بە یەك دەكات، واتە ئێران گەرووی هورمز بكاتەوە لە بەرانبەر لابردنی گەمارۆی دەریایی لەسەری لە لایەن ئەمەریكاوە، دوای ئەوە بچنە سەر گفتوگۆكردن لەبارەی دۆسییەكانی تری ئاڵۆزتر، هاوكات وریایی دا لەوەی رێككەوتنی تاران و واشنتن ئاسان نابێت، چونكە ئێستە گەمارۆو دەریاییەكە ئامرازی سەرەكیی گوشارە لە لایەن واشنتن، جیا لە ئاستبەرزیی داواكارییەكانی پێوەست بە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران.
بیغدلی دووپاتی كردەوە كە بەردەوامبوونی دۆخەكە بەو شێوەی ئێستە رەنگە ببێتە دروستبوونی تەنگژە لە بازاڕەكانی دنیا بەهۆی وەستانی گەیشتنی نەوت لە رێگەی گەرووی هومزەوە، ئەوەش هاوشێوە بە نەرێنی كار لە بەرهەمهێنەرانی نەوت و بەكارهێنەرانی دەكات، تاران هەست بە هەستیاریی قۆناغەكە دەكات و هەوڵ دەدات بە شێوازێكی لێگەیشتن بگات، ئێستە دەیەوێ ئەو گەمار دەریاییەی لەسەریەتی نەمێنێت، كە گرنگی لەپێشینەیە و لە بابەتەكانی تر گرنگترە لەوانە لە دۆسیەی ئەتۆمی، بەو شێوەی لە داهاتوو و لە چوارچێوەی دانوستانێكی فرەوانتر بخرێتە روو.
ئەو توێژەرە پێی وایە رەنگە ئیدارەی ئەمەریكا خۆی لە دەست پێكردنەوەی شەڕی راستەوخۆی سەربازی بەدوور بگرێت، ئەوەش بە هۆكاری ناوخۆیی، كە رەنگە ئەوە لە بەرژەوەندیی هەوڵە دیپلۆماسییەكان بێت، هاوكات رەنگە ئێران ئامادە بێت بۆ باسكردنی چەند دۆسیەیەكی تر، وەك وەستانی كاتیی پیتاندنی یۆرانیۆم، ئەگەری ئەوەش هەیە رووسیا بێتە ناو دانوستانەكان ئەگەر ئەمەریكا بەوە رازی بێت، ئەوەش دەرگە لەبەردەم دانوستانێكی فرەلایەن بۆ كۆتاهێنان بە تەنگژەكە واڵا دەكات.