لێكەوتەكانی جەنگ لە دژی ئێران بە خێرایی كاریگەری لەسەر دنیا دادەنێن و سنووری ناوچەكە دەبڕن و ئابووری دنیا و دۆخی مرۆیی خراپتر دەكەن، دامەزراوەیەكی نێودەوڵەتی لەوبارەیەوە ڕاپۆرتێكی بڵاو كردووەتەوە و ئاماژەی داوە، بەهۆی ئەو جەنگەوە زیاتر لە 30 ملیۆن كەس لە دنیا بەرەو هەژاری لێژ دەبنەوە، بەهۆی نەگەیشتنی كەلوپەلی پێویستی كشتوكاڵی بۆ بازاڕەكان و وزە بۆ وڵاتانی هاوردەكاری نەوت و غاز.
بەگوێرەی خەمڵاندنەكان ئەمە لە ململانێیەكی جیۆپۆلەتیكییەوە بۆ تەنگژەیەكی گوزەران و قووتی خەڵك لە دنیا درێژە دەكێشێت، بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ هەڕەشە لە ئاسایشی خۆراك و جێگیری ئابووری دنیا لە زۆرینەی ڕەهای وڵاتانی دنیا دەكات.
ئەلیكساندەر دی كرۆ دووپاتی كردەوە كە كاریگەرییە چاوەڕوانكراوەكانی بەهۆی جەنگەوە بە كردەیی دەركەوتن، بە تایبەت بەهۆی پەككەوتنی گەیشتنی وزە و پەین كە دوو ڕەگەزی سەرەكین بۆ بەرهەمهێنانی كشتوكاڵی و پەرەپێدانی كێڵگەكانی
كشتوكاڵ، ئەم كەموكورتییە هاوكاتە لەگەڵ وەرزی كشتوكاڵكردن لە زۆرینەی ناوچەكانی وڵاتانی دنیا، بەهۆی ئەو تەنگژەیەوەیش دواجار كشتوكاڵكردن لە زۆرینەی وڵاتان ڕوو لە هەرەس دەكات، بەمشێوەیەیش بەروبوومی كشتوكاڵی و خۆراكی ڕوو لە پاشەكشە دەكەن و گرفتێكی گەورە تووشی سەرجەم مرۆڤایەتی دەكەن.
كەمی پەین یەكێكە لە مەترسیدارترین لێكەوتەكانی ئەو تەنگژەیە و لە ئەنجامی كۆتوبەندەكانی جووڵەی كەشتیوانی لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە، گەیشتنی بە وڵاتانی دنیا زۆر كەمی كردووە، لەگەڵ پەككەوتنی ئەو گەرووە كاریگەرییەكانی لەسەر بازاڕی دنیا هەیە، كێشەی زۆر گەورە لە گەیشتنی پەین و بەرزبوونەوەی نرخی پەین لە دنیا هەیە، ئەمەیش ڕاستەوخۆ كاریگەری لەسەر توانای جووتیاران بۆ دەستەبەركردنی پێویستییەكانی چاندن و كشتوكاڵكردن دروست دەكات.
شارەزایان هۆشداری دەدەن، ڕەنگە كاریگەریی كەمی پەین ڕاستەوخۆ دەرنەكەوێت، بەڵام بەگوێرەی كات وردە وردە كارەساتەكە دەردەكەوێت، لە كۆتایی وەرزی كشتوكاڵكردن بە تەواوی ئەم گرفتە لە دنیا دەردەكەوێت، بەهۆی كەمبوونەوەی بەروبوومی كشتوكاڵ و بەرزبوونەوەی نرخی كەلوپەلی خواردن.
دی كرۆ دەڵێ، دنیا لە سەروبەندی كێشەیەكی گەورەی ئاسایشی خۆراكدایە و چەند مانگی داهاتوو دەردەكەوێت، لە ئەنجامی نائامادەیی چارەسەری خێرا و قەرەبووكردنەوەی ئەو كەموكورتییەی لە گەیشتنی وزە و پەین بۆ وڵاتانی دنیا دروست بووە.
تەنگژەكە تەنیا لە كەرتی كشتوكاڵ دەرناكەوێت، بەڵكو لە بواری هاتوچۆ و ئاڵوگۆڕی دراویش دەبینرێت، نەگەیشتنی وزە دەبێتە هۆی بەرزكردنەوەی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە و كە دواجار ئەمە نرخی سەرجەم خزمەتگوزاری و كاڵاكان بەرز دەكاتەوە.
ئاڵوگۆڕی دارایی و دراو كە شادەماری ئابووری زۆر وڵاتی دنیایە، بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی كەلوپەل و تەنگژەكانەوە و كەمبوونەوەی جووڵەی بازرگانی لە دنیا، تووشی گرفتی گەورە دەبێت، بۆیە دنیا بژارەكانی بەردەستی كەمتر و كەمتر دەبێتەوە، تا ڕووبەڕووی ئەو تەنگژەیە ببنەوە.
بەهۆی جەنگەوە تا ئێستە بە ڕێژەی 0.5 تا 0.8% بەرهەمی ناوخۆی لە وڵاتانی دنیا كەم كردووە، كە ئەمە ڕێژەیەكی زۆرە و قەبارەی كاریگەری خێرا و قووڵی تەنگژە بەسەر سەرجەم بوارەكانی ژیان پشتڕاست دەكاتەوە، سەرجەم ئەو دەسكەوتانەی لە ئابووری دنیا لە چەند ساڵی ڕابردوو هاتنە دی، بەهۆی چەند هەفتەیەك جەنگ پاكشەكشەی گەورەیان كردووە، ئەمەیش دەرخەری فشەڵی ئابووری دنیایە بەرانبەر بە شۆكی جیۆپۆلەتیكی لە ناوچەیەكی دیاریكراوی گۆی زەوی.
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناوەندێكی سەرەكی بەرهەمهێنانی پەینە لە دنیا و بەهۆی داخراوی گەرووی هورمزەوە كەشتییەكانی گواستنەوەی پەین ناتوانن جووڵە بكەن، ئەمەیشە هۆكاری زوو تێوەگلانی كەرتی كشتوكاڵی بە تەنگژەی ئابووری لە دنیا و بەرزبوونەوەی نرخی كەلوپەلی خواردەمەنی لە چەند مانگی داهاتوو لە سەرانسەری دنیادا.
بانكی نێودەوڵەتی و سندووقی نەختینەی نێودەوڵەتی و پرۆگرامی خۆراكی دنیای سەربە نەتەوە یەكگرتووەكان، هۆشداری دەدەن لەوەی كە جەنگ دەبێتە هۆی بەرزكردنەوەی خێرای نرخی كەلوپەلی خواردەمەنی لە دنیا، ئەمەیش باری سەرشانی توێژی هەژار قورستر دەكات و ژمارەیەكی زۆری چینی مامناوەندیش تووشی هەژارییەكی قورس دەكات.
دی كرۆ ئاماژە بەوە دەكات، ڕێكخراوە مرۆییەكان تووشی بارگرانی قورس دەبنەوە، بۆ دابەشكردنی كۆمەك و هاوكاری خۆراك، ئەمەیش دەبێتە هۆی ئەوەی بەشێك لە خەڵكی هەژار كۆمەك و هاوكارییان پێ نەگات و لە دۆخێكی سەختدا بمێننەوە. هەموو ئەمانەیش دەرخەری ئەوەن كە جەنگ دژی ئێران تەنگژەیەكی فرە ڕەهەند تووشی دنیا دەكات، گەشەی ئابووری دەوەستێنێت و ڕێژەی هەژاری زیاتر و زۆرتر دەكات و ئاسایشی خۆراكیش لەرزۆك دەكات.